سلێمان تاشان – ههولێر
لەوەتەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە و لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٥ەوە کە یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان خول لە دوای خول کەمی کردووە بەڵام ئەم خولەی هەڵبژاردن ئاراستەکەی گۆڕاوە و لەچاو هەڵبژاردنی ڕابردوو چواردە لەسەدا زیادی کردووە.
ڕۆژی سێشەممە یازدەی یازدە خولێکی دیکەی هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەچوو و سەرجەم حزب و لیست و هاوپەیمان و کاندیدە سەربەخۆکان سەنگی جەماوەریی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دەرکەوت و هەمووان زانیان چ متمانەیەکیان لە نێو جەماوەردا هەیە و سەردەمی بانگەشە و دروشم و قسەی بریقەدار کۆتایی هات.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ڕێکوپێکی و ڕوودانی کەمترین کێشە بەڕێوەچوو و کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەکەدا سەرکەوتوو بوو.
ئەوەی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی عێراق لە پێنج هەڵبژاردنەکەی پێشتری عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە چارتی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن کە لەوەتەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ەوە ساڵ بە سال ڕووی لە دابەزین کردبوو ئەم جارە ڕووی لە بەرزایی کردووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری بەرایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە دوازە ملیۆن کەس لەو کەسانەی خاوەنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بوون بەشدارییان لە دەنگداندا کرد و تێکرای ڕێژەی بەشداریی هەڵبژاردن لە عێراق بە پەنجا و شەش لەسەدا ڕاگەیەنرا.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بەڕێوەچوو و ڕێژەی بەشداریی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەدا لە تەواوی عێراق گەیشتە حەفتا لەسەدا.
تا ئەم ساتە هیچ هەڵبژاردنێکی عێراق نەگەیشتووەتە ئاستی بەشداریی یەکەم خولی هەڵبژاردن. لە ساڵەکانی ٢٠١٠، ٢٠١٤، ٢٠١٨ و ٢٠٢١ چوار هەڵبژاردنی دیکە بەڕێوچوون و سەیر لەوەدایە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان لە عێراق دابەزیوە.
رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ بریتی بوو لە شەست و دوو لەسەدا و لەچاو هەڵبژاردنی خولی یەکەم حەوت لەسەدا دابەزی. دوای چوار ساڵ لە ساڵی ٢٠١٤ خولی سێیەم هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و جارێکی دیکە ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن کەمی کرد و گەیشتە شەست لەسەدا.
لە خولی چوارەمی هەڵبژادن کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو بەشداریی دەنگدان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و تەنیا چل و چوار لەسەدای دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژادن کرد. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ کە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بوو، ڕێژەی بەشداری دیسان دابەزی و گەیشتە چل و دوو لەسەدا و ئەمەش زیانێکی زۆری بە پێگەی سیاسی و متمانەی بەشداریی سیاسیی لە ئاستی عێراقدا گەیاند.
لە هەندێک شوێنی عێراق ڕێژەی بەشداری تەنانەت نەدەگەیشتە پازدە لەسەدا و ئەوەی هۆکار بوو سەنگێک بە کۆی پڕۆسەکە ببەخشڕێت ڕێژەی بەرزی بەشداری لە دەنگدان بووە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە پێنج هەڵبژاردنەکەی پێشوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە بۆ یەکەم جار لەوەتەی عێراقی فیدراڵ دامەزراوە ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن بەرز بووەتەوە و ئەمەش پێشانی دەدات خەڵک ئومێدێکیان لا دروست بووە و خەریکن بەو قەناعەتە دەگەن کە گۆڕانکاری و سەرخستنی ویست و داخوازی لە ڕێی دەنگدان و بەشداری سیاسی بەدی دەهێنرێت نەک چەک و شەڕ و ئاڵۆزی و دروشمی بریقەدار و قسەی گەورە.
ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردن لەچاو خولی پێشوو چواردە لەسەدا هەڵکشاوە و هۆکارە سەرەکییەکش دیسان پێوەندیی بە بەشداریی بەرزی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردن بە پلەی یەکەم و پارێزگا سوننەکان بە پلەی دووەم هەبووە. دهۆک بەرزترین بەشداری لەم هەڵبژاردنە لە ئاستی عێراقدا تۆمار کردووە کە حەفتا و شەش لەسەدایە لە کاتێکدا پارێزگایەکی وەک میسان ڕێژەی بەشداری بە نزیکەی چل لەسەدا تۆمار کراوە.
لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق شیعەکان بە ڕێژەیەکی کەم بەشدار بوون و بەشێک لە هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕەوتی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو.
بەپێی دەرەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان پلەی یەکەمی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا دستەبەر کرد و ژمارەی دەنگەکانی گەیاندووەتە نزیکەی ملیۆنێک و سەد هەزار دەنگ و پێشبینی دەکرێ بە کورسی کۆتاوە ژمارەی کورسییەکانی بگەیەنێتە سی و چوار کورسی. لە ڕووی ژمارەی دەنگ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی کوردستان بە پلەی دووەم دێ و دواتر یەکگرتوو و هەڵوێست و لایەنە سیاسیەکانی تر دێن.

