ڕائیب جادر – ههولێر
پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و ھاووڵاتیان بە گوڕوتینەوە بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش ھەموو حزب و لایەنەکان دێت و زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی مسۆگەر کردووە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە، بەراورد بە ھەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢١ کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا نزیکەی ٥٠ ھەزار دەنگی زیاد کردووە، لە دەنگدانی گشتییش نزیکەی ٢٠٠ ھەزار دەنگی زیاد کردووە.
لە ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆک و مووسڵ، پارتی بە جیاوازییەکی زۆر پلەی یەکەمی بە دەستھێناوە، لە ھەولێر پارتی بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش حزبەکانی دیکەوە دێت، لە دھۆکیش زۆربەی ھەر زۆری دەنگەکانی بۆ پارتی بوونە، لە مووسڵیش یەکەمی سەر ئاستی پارێزگاکەیە، لە پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی و ھەڵەبجە دەنگەکانی پارتی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٦٩ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو، دابەشببوون بەسەر ھەزار و ٣١٢ بنکەی دەنگدان لە ھەولێر، دھۆک، سلێمانی و ھەڵەبجە، لەگەڵ ٥٥٩٩ وێستگەی دەنگدان، ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە ھەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر بەرزبوو.
ئازاد قادر، ھاووڵاتییەکی سنووری سۆرانە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: پرۆسەی ھەڵبژاردن زۆر بە ھێمنی و ئارامی بەڕێوەچوو، ھەروەھا زۆر بە ئازادانە دەنگی خۆم دا، بێ ئەوەی ھیچ ھێز و لایەنێک پێمان بڵێ دەنگی خۆت بەو کەس و لایەنە بدە.
ڕۆندک حاجی، ئافرەتێکی سنوورەکەیە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێ: وەکو دەنگدەرێک دەنگی خۆم دا، دەنگیشم بەو لیستەدا کە داھاتووی کوردستان دیاری دەکات، ھیوا دەخوازین چوار ساڵی داھاتوو، کوردستان لە تەواوی قەیرانەکان دەربازی بێت.
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەوەی بۆتە ھۆی پاراستنی ئاسایش و جێگیری و دروستبوونی دەرفەتی کار و سەرنج ڕاکێشانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی ڕوو لە کوردستان بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی لەناو کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی پارتی بکات، پارتی دەستکەوتی گەورەیە، بۆ ئەوەی ئەو ئارامی و ئاسایشە بەردەوام بێت، کوردستانیان دەنگیان بە پارتی دا.
زیاد سەرباز، چاودێری ھەڵبژاردنی دەکرد، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تا کۆتایھاتنی پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو، بێ ئەوەی بچووکترین خروقات ڕووبدات، ھاووڵاتیانیش زۆر بە ئازادانە دەنگی خۆیان دا.
ناسح مەحموود، ئەویش کە چاودێری سیاسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی لە ساڵانی ڕابردوو لەڕێگەی نوێنەرەکانیەوە چ لە پەرلەمان، یان لەناو حکوومەتدا جێی دەستیان دیار بووە، پارتی لە بەرنامە و پلانەکانیدا بەردەوام بە گرنگییەوە دەڕوانێتە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، سەرۆکی حکوومەت ڕۆژانە لە شاروشارۆچکەکان بەردی بناغەی پڕۆژە دادەنێت و پڕۆژەی نوێ دەکاتەوە، سەرکەوتنی پارتی واتە مسۆگەرکردنی زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و زامنکردنی داھاتووی نەوەکانمان، لەبەر ئەوە پارتی زۆرترین دەنگی بە دەستھێناوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و سیاسەتی دووفاقی و فەوزایی سیاسی دەھێنێ.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ئاشکرای کرد: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای ھەولێر بە سەرکەوتووی بەرێوەچوو، لەڕووی ئیداری ئامادەکاریی تەواو کرا بوو، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت، چی پێویست بوو کرابوو بۆ ئەوەی پڕۆسەکە سەرکەوتوو بێت، لەڕووی ئیداری و ئەمنیش تەواو ئامادەکاری کرا بوو، ھیچ گرفتێک نەبوو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگای ھەولێر و پرۆسەکە بە سەرکەوتووی بەڕێوەچوو.
سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرۆک بارزانی دەکەین، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان، کە زۆر بە ھێمنی و بێ گرفت بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەدا لە بەرانبەر ھەوڵ و ماندووبونیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆن و ھێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین.
سیداد بارزانی، گوتیشی: بە گوێرەی داتا بەراییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لقی ١٠ و ٢٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست ھێناوە، ھەروەھا دەنگێکی زۆری پارتی لە ناوچەکە زیادکراوە، کە دواتر لە لایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ھەروەھا گوتیشی: سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە وەڵامی خزمەتگوزاری و خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە، ھەروەھا پشوو درێژی و ئارامگرتنی ھاووڵاتییان لە ماوەی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن، جێگای ڕێز و دەست خۆشییە، پشتیوان بە خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان.

