عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ژنە هونەرمەندی بەتوانا بەیان بۆمبا جارێكی دیكە دەركەوتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە كاری هونەریدا نا، بەڵكو لە كارێكی بازرگانیدا ئەویش رێستۆرانتة، چونكە وەك خۆی دەڵێت، هونەر هیچی بۆ هونەرمەندان نەكردووە، بۆیە هونەرمەندان ناچارن روو لە پیشەیەكی دیكە بكەن.
هونەرمەند بەیان بۆمبا، سەرپەرشتیاری هونەری بوو، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵدا خانەنشین بوو، بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری سلێمانی رێستۆرانتێك بەناوی ژنە هونەرمەند بەیان بۆمبا كرایەوە كە ئەم رێستۆرانتە خاوەندارێتییەكەی بۆ ژن و مێردێكی خەڵكی سلێمانی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە خۆشەویستییان بۆ ئەو هونەرمەندە ناسراوەی سلێمانی، بەناوی بەیان بۆمبا كراوەتەوە.
كردنەوەی ئەو رێستۆرانتە بەناوی ئەو هونەرمەندە، بەشێكە لەو زنجیرە بزنسانەی كە لەماوەی ئەمساڵدا هونەرمەندان روویان تێكردوون، هەر بۆ نموونە ئەمساڵیش لە ناحیەی سیتەكی سەر بەشاری سلێمانی هونەرمەند عیرفانی وەستا محەمەد رێستۆرانتێكی كردەوە، لە شارەكانی كوردستانیش گۆرانیبێژی میللی فاخیر هەریری، زنجیرە رێستۆرانتێكی كردۆتەوە.
هونەرمەند بەیان بۆمبا بە (هەولێر)ـی راگەیاند، خۆی هیچ پشكێكی لەو رێستۆرانتەدا نییە، بەڵكو ژن و مێردێكی خەڵكی سلێمانی پێیان باشبووە رێستۆرانتەكەیان بەناوی بەیان بۆمباوە بێت، بۆمبا وتی “بەداخەوە هونەر لە كوردستان هونەرمەند ناژێنێت، بۆیە هونەرمەند والێهاتووە دەبێت كارێكی دیكە بكات”.
بۆمبا وتیشی “من سێ ساڵە كاری هونەریم نەكردووە، ئێستا بەرهەمی درامامان هەیە بۆ وێنەگرتن، بەڵام كەس ئامادە نییە بودجەی بۆ سەرف بكات، هونەرمەند هونەرەكەی هیچی بۆ نەكردووە، بۆیە هونەرمەند یان مووچەخۆرە یان دوكانی هەیە”.
پێشتر هونەرمەند بەیان بۆمبا، یەكێك بوو لە ئەكتەرە سەرەكییەكان لە زنجیرە دراماكان كە ناوەندی هونەری زەنێ بەرهەمی دەهێنان ئەوانیش (سەمەرە، كۆشكی هەنار).

