ئەمڕۆ یەكشەممە 2025.11.9، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری دارایی و مەسعود كاڕەش، جیگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسان و ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، لە ڕێورەسمێكدا، پڕۆژەی ” بازاڕی ئەربیل ستریت ” كە پڕۆژەیەكی بازرگانی و خزمەتگوزارییە لە شارى هەولێر و لە سەر ڕووبەری (105,423 م2) دەست بە دروستكردنی كراوە و پێكهاتووە لە 500 دوکان و یەکەی بازرگانی بە قەبارە و ڕووبەری جیاواز لە چوارچێوەی سەنتەرێكی بازرگانی کە ژمارەیەک مارکەی جیهانی و ناوخۆییەکان لە خۆی دەگرێت ڕاگەیەندرا.
لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێك، ئاماژەی بە گرنگی دەستپێكردنی ئەو بازاڕەدا بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و خزمەتکردن بە کاسبکارانی شاری هەولێر و جەختی لەوەكردەوە کە ئەم بازاڕە یەكانگیرە لەگەڵ بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاری بۆ كار و كەسابەتی کاسبکاران و باشترکردنی ژیانیان بە کوالیتی و تایبەتمەندیەکی بەرز، کە لەداهاتوودا دەبێتە پەنایەکی گرنگ بۆ یان.
گوتیشی، لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەكە لەسەر میکانیزمی ئەوەی ئەو پڕۆژەیە چەندە سوودی زۆری هەبێت بۆ خەڵک، وەك بازاڕی سپی كە لە ڕابردوودا لەهەولێر دەست بە دروستكرنی كرا گفتوگۆمان كردووە. هەروەها ڕەچاووی ئەوەش كراوە بە هۆی ئەو بازاڕەوە كاسبكاران بگوزرێنەوە ئەو شوێنە و سیمایەكی جوانتر بە شاری هەولێر ببەخشێت و شەقامەکانی شار جوانتر و بازاڕەکان بە هاوشێوەی ئەو بازاڕە ڕێکخراوتر بکرێن، تا کاسبکاران بە شێوەیەکی ڕێكتر كار و كەسابەتی خۆیان بکەن.
پارێزگاری هەولێر، سوپاسی جەنابی سەرۆک وەزیران ڕیزدار مەسرور بارزانی كرد، کە پشتیوانی ئەو جۆرە كارانە دەكات، بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانیش هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بە کاسبکاران دەكرێت.
جێگەی باسە، لە ڕۆژی یەكشەمەی داهاتوودا لە دیوانی پارێزگای هەولێر و لەسەر پڕۆژەكە، كە كەوتۆتە سەر شەقامی كۆیە بەرامبەر نەخۆشخانەی CMC، فۆڕمی خواستی وەرگرتنی ئەو دوكانانە بەسەر ئەو هاوڵاتی و كاسبكارانە دابەش دەكرێت، ئەوانەی ئامانجیان وەرگرتنی دوكانە لەو بازاڕەدا.

