ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار دەنگدەر، لەوانە ھێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان، لە کاتژمێر ٧ ـی بەیانییەوە دەست پێ دەکات. بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش، دەڵێن، تەواوی ئامادەکارییە لۆجستی و ھونەرییەکان بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەت کراون.
ھەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون
ھەر ناوەندێکی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سێ بازنەی ئەمنیی دەبێت، بازنەی یەکەم ١٠ پۆلیس و ئەفسەرێک چاودێریی دەکەن، بازنەی دووەم ئاسایش و بازنەی سێیەمیش پێشمەرگە و بەرگریی فریاکەوتن چاودێریی دەکەن، جیا لەو سێ بازنە ئەمنییە، لیژنەی باڵای ئاسایشی ھەڵبژاردن چاودێریی ئەمنیی دیکەی لە دەرەوەی بنکەکان بۆ ھەر ڕووداوێک داناوە بۆ پاراستنی خەڵک. لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: ھەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون، ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
لیوا تاریق ئەحمەد، دەشڵێ: جیا لەو پۆلیس و پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییانەی ئەرکی پاراستنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانیان ھەیە، ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدا دەبن.
ھەموو پێداویستییەکان دابین کراون
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم پێداویستییەکانی دەنگدانی بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام جیاواز لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەو مرەکەبەی نەناردووە دەنگدەر لە دوای دەنگدان پەنجەی پێ مۆر دەکات، چونکە دەنگدان بۆ خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لەڕێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
١٥١٦ قوتابخانە لە کوردستان دراونەتە کۆمیسیۆن
ڕۆژی پێنجشەممە، ٦-١١-٢٠٢٥ پشووی قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو ١١ی تشرینی یەکەم پشووی فەرمی دەبێت لە ھەموو قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان، ١٥١٦ قوتابخانە ڕادەستی کۆمیسیۆن کراون، ١٣١٢ قوتابخانە بۆ دەنگدانی گشتی و ٢٠٤ قوتابخانە بۆ دەنگدانی تایبەت، بۆ ئەوەی بکرێنە بنکەی دەنگدان لە ڕۆژانی ھەڵبژاردندا.
ژمارەی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان
لە ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ پرۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، حەوت ھەزار و ٧٤٤ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن، کە ٣٢٠ـیان گشتییە و ٩ـی دیکەیان کۆتایە.
لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێریی ھەڵبژاردنەکان دەکرێت
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووماڵکردن و چاودێریکردنی پرۆسەکە خستەڕوو، کە تێیدا زیاتر لە ١٥٠٠ ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی و بیانی چاودێری پرۆسەکە دەکەن، کە ٢٠٠ کەسیان ڕۆژنامەنووسی بیانی دەبن و لە میدیا جیھانییەکانەوە ھاتوون، کۆمیسیۆن ١٤٠ بنکەی تایبەت بە ڕووماڵی میدیایی لە سەرانسەری عێراق دیاریکردووە، کە ٤٢ بنکەیان لە ھەرێمی کوردستانە.
کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، ٣٠٤ کەسایەتی نێودەوڵەتی وەک چاودێر بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن، ئەم چاودێرانە نوێنەرایەتی ٧ باڵیۆزخانە و ٣٦ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکەن و لە نزیکەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەکەن. نەبەرد عومەر، جەختیکردەوە، کۆمیسیۆن ٤٢ بنکەی دەنگدانی لە ھەرێم تەرخانکردووە بۆ ڕووماڵی میدیایی پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت کە ١٥یان لە ھەولێر و ١٨ لە سلێمانی و ٩ بنکەش لە دھۆک، ئاماژەی بەوەشکرد ١٠ لەو بنکانە تایبەت بە ڕووماڵکردنی دەنگدانی تایبەت تەرخانکراون.
بنکەکانی دەنگدان
نەبەر عومەر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشتر بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ئاشکرا کردبوو، لە ھەرێمی کوردستان، ھەزار و ٣١٢ بنکەی دەنگدان ھەیە، کە پێنج ھەزار و ٥٩٩ وێستگەی دەنگدان لە خۆدەگرێت، لە ھەولێر دوو ھەزار و ٢٣ وێستگەی دەنگدان ھەیە بەسەر ٥٢٨ بنکەی دەنگدان دابەشکراون، لە سلێمانی دوو ھەزار و ٢٠٠ وێستگەی دەنگدان ھەیە و بەسەر ٥٠٦ بنکە دابەشکراون، لە دھۆکیش ھەزار و ٣٩٦ وێستگەی دەنگدان ھەیە و بەسەر ٢٧٨ بنکە دابەش کراون.
ئاماژەی بەوەشدا، ٢٠٤ بنکەی دەنگدانی تایبەت ھەیە کە ٩٥٨ وێستگەی لەخۆگرتووە، بەم شێوەیە دابەشکراون، ٧٩ بنکە و ٣٨٥ وێستگە لە ھەولێر، ٨٢ بنکە و ٣٧٨ وێستگە لە سلێمانی و ٤٣ بنکە و ١٩٥ وێستگە لە دھۆک.
ژمارەی دەنگدەران بەپێی پارێزگاکانی کوردستان و ژمارەی کورسییەکان
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: لە کۆی ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ ھەزار و ٢٩١ دەنگدەر لەسەرانسەری عێراق، سێ ملیۆن و ٦٩ ھەزار دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە ٢٢٤ ھەزار و ٣٣٣ کەس لە دەنگدانی تایبەتن.
ئەم دەنگدەرانە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەنگدان بە حەوت ھەزار و ٧٥٤ کاندید لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، کە لەنێویاندا ٥ ھەزار و ٥٠٤ کاندیدی پیاو ھەن لە بەرامبەردا دوو ھەزار و ٢٥٠ کاندیدی ئافرەت ھەن.
ژمارەی دەنگدەرانی ھەولێر بۆ دەنگدانی گشتی یەک ملیۆن و ٨٧ ھەزار و ٨٨٠ دەنگدەرە و ٨٥ ھەزار دەنگدەریش بۆ دەنگدانی تایبەت، ھەروەھا ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە ١٠٨ کاندید، کە لەنێویاندا ٧١ پیاو، ٣٧ ئافرەت ھەن، کە دوو کەسیان سەربەخۆن و چوار کاندیشیان بۆ کەمینەکانە، کاندیدەکان بەسەر ٩ حزب و شەش لیستی تاکەکەسی دابەشبوون.
کاندیدەکان کێبڕکێ لەسەر ١٦ کورسی دەکەن، کە چوار کورسییان بۆ کۆتای ئافرەتان و کورسییەکیشیان بۆ کەمینەکان تەرخانکراوە.
ژمارەی دەنگدەرانی سلێمانی بۆ دەنگدانی گشتی یەک ملیۆن و ٢٠١ ھەزار و ٦٥٨ دەنگدەرە، لە بەرامبەر ٨٢ ھەزار دەنگدەر بۆ دەنگدانی تایبەت، ھەروەھا ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە ١٣٦ کاندید، کە لەنێویاندا ٩٩ پیاو و ٣٧ ئافرەت ھەن، کە چوار کەسیان سەربەخۆن و دابەشبوون بەسەر ٩ حزب و چوار لیستی تاکەکەسی.
کاندیدەکان کێبڕکێ لەسەر ١٨ کورسی دەکەن، کە پێنج کورسییان بۆ کۆتای ئافرەتان تەرخانکراوە.
ژمارەی دەنگدەرانی دھۆک بۆ دەنگدانی گشتی ٧٧٨ ھەزار و ٨٤٦ دەنگدەرە و ٥٥ ھەزار و ٩٩٣ دەنگدەریش بۆ دەنگدانی تایبەت، ھەروەھا ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە ٥٩ کاندید، کە لەنێویاندا ٣٩ پیاو و ٢٠ ئافرەت ھەن، کاندیدەکان بەسەر ھەشت حزب و پێنج لیستی تاکەکەسی دابەشبوون، کاندیدەکان کێبڕکێ لەسەر ١٢ کورسی دەکەن، کە سێ کورسییان بۆ کۆتای ئافرەتان و کورسییەکیشیان بۆ کەمینەکان تەرخانکراوە.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند، لە کۆی ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ ھەزار و ٢٩١ دەنگدەر لەسەرانسەری عێراق، سێ ملیۆن و ٦٩ ھەزار دەنگدەر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە ٢٢٤ ھەزار و ٣٣٣ کەس لە دەنگدانی تایبەتن.

