فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی گفتوگۆیەکی میدیاییدا، وەڵامی چەواشەکاری و شێواندنی چەند ڕاستییەکی دایەوە و ڕایگەیاند؛ قسەکانی سەرۆکی یەکێتی لە عەقڵیدا نییە، بافڵ تاڵەبانی پێویستی بە چارەسەرە و پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت.
فازڵ میرانی، ڕایگەیاند؛ یەکێتی وێڕای ئەو تۆمەتانەی کە دەیبەخشێتەوە، دەبێت ئەوە بزانێت خۆیان لە ساڵانی 1964 تا 1970 سواری دەبابەی عێراقی بوونە و خیانەتیان لە کورد کردووە. لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی یەکێتیدا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاند: ئەو قسانەی کە بافڵ تاڵەبانی دوێنێ کردی، باوکی ڕەحمەتیشی ئەمەی نەگوتووە و بەو شێوەیە بیری نەکردووەتەوە، مام جەلال هەمیشە دەیگوت نێوانی خۆم لەگەڵ پارتی تێک نادەم، پەشیمانم لەوەی لە ڕابردوو لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی جیابوومەوە.
اسی لەوەش کرد، پێم سەیرە لەنێو یەکێتی کەسێک نییە کە ئامۆژگاری بافڵ تاڵەبانی بکات و بڵێن ئەو لێدوانانەت باش نییە و زیانمان پێدەگەیەنێت؟ بە ڕاستی لێدوانەکەی مایەی گاڵتەجارییە و تەنیا منداڵان پێی پێدەکەنن.
فازڵ میرانی، ئاماژەی بەوەش کرد، وەک پارتی بە قسەکانی سەرۆکی یەکێتی قەڵس نابن، چونکە ئەوەی ئەو دەیڵێت ئێمە وا نین، مێژووی ئێمە دیارە و مێژووی ئەوانیش دیارە.
فازڵ میرانی، وتیشی؛ عێراق قووڵایی ستراتیژیمانە، هەروەها پەیامی پارتی لەو بانگەشەیە زۆر ڕوون بوو، ڕێگە ڕاستەکە ئەوەیە کە ئێمە گرتوومانەتەبەر، بۆیە دەبێت لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش بێنە پاڵ ئێمە و هاوڕا و هاوڕێگەمان بن.
وتیشی: کاتێک سەرۆکی یەکێتی قسە دەکات عەقڵی لە سەری نییە. جەختی لەوەش کردەوە، بافڵ تاڵەبانی پێویستیی بە چارەسەرە و پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت.

