بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی نوێ بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار و 530 ملیۆن دینار لە سنووری ئیدارەکە دانرا.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەمڕۆ شەممە 8 ـی تشرینی دووەمی 2025، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی نوێ لە سنووری ئیدارەکە دانرا، کە بە فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ دەکرێن.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەرپەرشتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکانی کرد کە گوژمەی گشتییەکەیان زیاتر لە 24 ملیار و 530 ملیۆن دینارە و پێکهاتبوون لە:
• دروستکردنی شەقام و سۆلینەکانی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی بارزان و دروستکردنی شەقامەکانی گەڕەکەکانی ئەیلوول و پێشمەرگە.
• دروستکردنی شەقام و سۆلینەکانی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی تلکەبەرێ و دانانی هێماکانی هاتوچۆ بۆ جووتسایدی ئیبراهیم خەلیل تا باتێل.
• دروستکردنی پردی سەروو (Overpass) و ژێروو (Underpass) بۆ ڕێگای خەبات – گوندک.
گوهدار شێخۆ ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەت، کاروانی ئاوەدانی لە هەموو بوارەکاندا لە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە قەزا و ناحیە و گوند و کۆمەڵگەکانیەوە، بەردەوامە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ئاماژەی بەوەشدا “زاخۆ بەرەو مێژوویەکی دیکەی دەڕوات، بەتایبەت لە کەرتی وەرزشدا، کە وەک جەماوەر بووەتە پاڵێوراوی فیفا لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاڵپشتی و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن”.

