بە هۆکارێکی نادیار سەدان ئاژەڵ لە گوندەکانی ناوچە سنووریەکان مرداربوونەوە

لە گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە هۆکارێکی نادیار بە سەدان ئاژەڵ مرداربوونە، بە گوتەی خاوەن ئاژەڵەکان رۆژ نیە چەندین سەر مانگا مردار نەبن، داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن، ئەگەرنا زیانێکی گەورە دەکەن.

پزیشکێکی ڤێتەرنەرییش، دەڵێ، نەخۆشییەکە بەکتریایە، بەڵام زیاتر بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی بە تەواوەتی جۆری نەخۆشییەکە بزانین.
یاسین حەسەن، هاووڵاتییەکی ناوچە سنوورییەکانە بۆ هەولێر دەڵێت:” مانگاکانی من، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییان هەبێت دەمرن و تا ئێستا زیاتر لە 15 سەر مانگا مردار بوونە، ئەوانەی مردوونە زۆربەیان لەسەر زان بوونە، رۆژانەش رێژەکە روو لە زیادبوونە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هاوکاری ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی زیانەکە زیاتر نەبێت.
حەسەن، دەشڵی:” وەکو ئاگادارم لە گوندەکانی دەوروبەری ئێمەش ئەو نەخۆشییە هەیە و بە دەیان مانگای هاووڵاتییان مردار بوون.
جیهاد حاجی، ئاژەڵدارێکی دیکەیە، بۆ هەولێر روونیکردەوە، وەکو ئاژەڵدارانی ناوچە سنوورییەکان دەترسین ئەو نەخۆشییە بگوازرێتەوە بۆ ناو ئاژەڵەکانی ئێمەش و تووشی هەمان نەخۆشیی ببن، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەین چارەسەرێک بۆ ئەو نەخۆشییە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە زیاتر بڵاو نەبێتەوە و زیانمان پێ نەگات.
حاجی، ئاشکراشی کرد:” بەشی زۆری دانیشتووانانی ناوچە سنوورییەکان کار و کاسبیان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتە، پێویستە حکوومەت قەرەبووی ئەو زیانەمان بۆ بکاتەوە، داواش دەکەین هەرچی زووە لیژنەیەکی پسپۆڕ بۆ هۆکاری مردار بوونی ئەو ئاژەڵانە سەردانی ناوچەکە بکات و هۆکاری مرداربوونی ئەو ئاژەڵانە بخاتەڕوو.
جەعفەر رەمەزان، پزیشکیڤێتەرنەری، بۆ هەولێر، گوتی:” ئەوە نەخۆشییەکی بەکتریاییە، هەروەها رەنگە کەمخۆراکی و ساردی ناوچە سنوورییەکان هۆکارێکی دیکە بێت بۆ مردار بوونیان، چونکە هەر کاتێک ئاژەڵ سەرمای بێت ئەوا هەموو جۆرە نەخۆشییەک بە ئاسانی دەتوانێ بگوازێتەوەو تووشی ببێت، بۆیە پێویستە جێ و رێی ئاژەڵەکان گەرم بێت و سەرمایان نەبێت، هۆکاری دیکەش کا و ئالیک و ئەو خواردنەی بە ئاژەڵ دەدرێت پێویستە پاک بێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵدەدەین بە زووترین کات جۆری نەخۆشییەکە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە زیانی ماددی بەر ئاژەڵداران نەکەوێت”.

ھەواڵی زیاتر