ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخی دووەم و کۆتایی پڕۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی ئاوی بۆ ناو شاری هەولێر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی پڕۆژەکە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) و خاوەنی کۆمپانیاکە خالید خۆشناوی کرد و گوتی: ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی زۆری هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات و کارەکانی پرۆژەکە زۆر بە سەرکەوتوویی کراون، هەرروەها توانییان لە کاتێکی پێوانەیی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکەن.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها گوتی: هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ئێرەیان کردووە، پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سێ ساڵ هەیە تاوەکو تەواو دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لەم ماوە کەمەدا تەواو بکرێت کە جێگەی دەستخۆشییە تەواوی کارەکانی پرۆژەکە بە هێز و بازوویی ناوخۆیی کراوە، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو.
تێچووی پرۆژەکە 480 ملیۆن دۆلارە و قۆناخی یەکەمی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ کرایەوە کە له ڕۆژێكدا 480 ههزار مهتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت.

