رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی: بابەتی مووچە بە سیاسی کراوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ پڕۆژەی بەنداوی دوین و قەڵای دوین لەبارەی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی بابەتی مووچە بە سیاسیی کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 06ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکانی بەنداوی دوین و نۆژەنکردنەوەی قەڵای دوینی بەسەرکردەوە و بە پەیامنێرانی ڕایگەیاند ئەمە چەندین جارە و هەمیشەش گوتوومانە حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەرچی پێویست بووبێت بە زیادەشەوە کردوومانە.

بە گوتەی مەسرور بارزانی: چاوەڕێی ئەوە بووین حکوومەتی فیدراڵیش لە ئاستی بەرپرسیارەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەفتار بکات، بەڵام بەداخەوە هەموو کاتێک پێدانی مووچە دوادەخات بەڵام بەردەوام دەبین، بزانین ئەگەر توانیمان لە ماوەیەکی کەم، مووچەی مانگەکانی داهاتووش وەربگرینەوە”.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: بەرپرسیارێتییەکە زياتر دەکەوێتە سەر شانی بەغدا و من داوا دەکەم، ئەو کەسانەی کە زۆر جار گلەییش دەکەن، با ڕووی گلەییەکانیان لە بەغدا بێت“.