شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندان وەک توێژێکی باڵا، هەمیشە بە هەڵوێسته نیشتمانیەکانیان پشتیوانیان لە بونیادنانی کوردستان هەبووە و لە قۆناغە جیا جیاکان و بەردەوام بە کارە هونەرییەکانیان لە سەنگەردا بوونە داکۆکیکاری مافەکانی کورد، بەڵام بە پشتیوانیکردن لە هێزێکی کاریگەر و خاوەن بەڵێن و بڕیار، کە مێژووێکی پڕ لە سەروەریی لە خەباتی شاخدا هه بوه و هەیە.
جگە لەمەش پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی سەرەکی توانیوویەتی خزمەتێکی بەرچاو لە ئاوەدانیی و سەقامگیریی پێشکەشی هاونیشتمانیانی کوردستان بکات، بێ ئەوەی جیاوازی لە ناوچە و دەڤەرەکان بکات، بۆیە هونەرمەندان لە ڕێورەسمێکدا لە هۆتێل چوار چرا، کە لە لایەن لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکخرابوو، بە موزیک و گۆرانیی و حەیرانەی پیرە هەولێریان، پشتگیریی خۆیان بۆ لیستی ٢٧٥ دووپاتکردەوە و بەڵێنیان دا ١١ـی ئەم مانگە بکەنە کەرنەفاڵی سەرکەوتنی لیستی زەردی زێڕین.
هونەرمەندان شۆڕەسواری کاروانی خەبات و سەرکەوتنی کوردستانن
لە دەسپێکی ڕێکخستنی ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە “ڕێباز حەملان” یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و “زانا مەلا خالید” بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و “ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندان ئامادەبوون و زنجیرەیەک وتاری تایبەت بە ڕۆڵی هونەرمەندان لە قۆناغه جیا جیاکانی کوردستان پێشکەشکرا و ئاماژە بۆ خەباتی ئەو هونەرمەندانە کرا، کە وەک پێشمەرگە ئاسایەک لە کاروانی خەبات و بەرخۆدانی کورد بەشداربوونە و جەخت لەوە کرایەوە، کە هونەرمەندان شۆڕەسواری کاروانی خەبات و تێکۆشان و سەرکەوتنی کوردستان بوونە و دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی بە بەرهەمی ناوازە و میلۆدی و سروودە ئاگرینەکانیان گڕوتین بە هێزی پێشمەرگە دەدەن و لە پشتەوەی هەموو سەرکەوتنێکی کوردستاندا بوونە و بەردەوام سەر مەشقی داهێنان بوونە و دەستێکی باڵایان هەبووە لە پێشکەوتن و ئاوەدانیی کوردستاندا.
حەیرانێک بۆ شەکرە شار
“محەمەد عەزیز” وەک هونەرمەندێکی دیاری هەولێر بە چڕینی حەیرانێک، کە بۆن و بەرامی قەڵات و منارە و قەیسەری ئەو شارەی لێدەهات شەوە ئاهەنگەکەی ڕازاوەتر کرد و بە چەپڵە ڕێزانی هونەرمەند و ئەدیب و نووسەران پێشوازی لە بەرهەمەکەی کرا.
مەقامێکی تایەر تۆفیق و گەڕانەوەیەک بۆ هونەرێکی ڕەسەن
لە چوارچێوەی ڕێکخستنی ئاهەنگەکەدا، دەنگێکی موتربە کراو لە هونەری هونەرمەند “هۆمەر دزەیی”، گۆرانی و مەقامێکی تایبەتی بۆ جوانیی و ئەو کەشە سەقامگیرەی هەولێر چڕی و هەمووانی گەڕاندەوە بۆ سەردەمێکی زێڕینی گۆرانی و مەقاماتی کوردی و بەرهەمێکی خاڵە تاهیر تۆفیقی خستەوە بەر گوێی ئامادەبووان، کە گوزارشت بوو لە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند لە نێو فەرهەنگ و گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دا.
ئازێتا و گۆرانییەکی پڕ لە هەستی خاله فەرهاد زیرەک
هەر لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی شەوە ئاهەنگەکەدا، کچە هونەرمەندی گۆرانیبێژ “ئازێتا لوقمان” بە گۆرانییەکی خارە فەرهاد زیرەک و ستایلێکی نوێ لە گوتنەوەی بەرهەمێکی کۆنی ئەو هونەرمەندە هەموومانی گەڕاندەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان، بۆ ئەو سەردەمەی هێشتا هونەر جوانییەکانی خۆی لەدەست نەدابوو، بەرهەمی تورکیی و فارسی تێکەڵی کێشی هونەری کوردی نەکرابوو.
ئەو بەدەنگە چیاییەکەی و هاواری خارە “فەرهاد”ـی فەرد، هەمووانی هێنایە جۆش و خرۆش و داوایەکیشی لە هونەرمەندان کرد، بۆ بەردەوامی ئەو کەشە ئارام و ئاوەدانیە خێرایەی گوند و لادێ و قەزا و ناحیەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدەن، کە تاکە هیوای گەلێکە و داکۆکیی لە مافی ئێمەی هونەرمەند دەکات.
لە شۆڕشی ئەیلولەوە تا ئەمڕۆ پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستانم
“ئیبراهیم حەکیم” ئەو هونەرمەندەی هەموومانی بە دنیای کۆمێدیا ئاشنا کرد و، بە ڕۆڵە جوانەکانی لە “کەوەکانی قەرەچوغ” و سەدان بەرهەمی پڕ لە شانازی و شاکاری هونەری لە مێژوو ناسیمان، بەڵام ئەو لەبەردەم هونەرمەند و هەڤاڵە ماندوونەناسەکانی پارتی گوتی: ئەوەی من و هونەری هەولێر جیا ناکاتەوە، ئەو ڕابردووەیە، کە لە سەردەمی شاخ و شۆڕشی ئەیلولەوە وەک هونەرمەندێکی پێشمەرگە لەسەر ڕێبازی بارزانی نەمر تفەنگم لە دژی دوژمنانی کورد هەڵگرت، کە گەڕامەوەش لە شاخ هەستم بەوە کردووە، کە پارتی حیزبێکی وەفادارە و هونەرمەندان جێناهێڵێت و لە بیرمان ناکات، بۆیە ئەوڕۆش بە هەمان هەناسەی جاران پارتیمە و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ ـی ڕێبازی بارزان دەدەم.
دیکۆمێنتەرییەک لە مێژوویی ئاوەدانی هەولێر نیشان درا
لە کۆتا چالاکیی هونەری ڕێورەسمەکەدا، کورتە فیلمێکی دیکۆمێنتەری لە بارەی ئاوەدانیی و سەقامگیریی هەولێر لە ماوەی حوکمڕانی پارتیدا نمایش کرا و کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر و گشت ناوچەکانی دەورووبەر و تەواوی کوردستان هەنگاوی ناوە بۆ ئاوەدانیی و ڕۆژانەش پڕۆژەی نوێ و ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی “مەسرور بارزانی” وەک ئەندازیارێکی ئاوەدانیی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان دەکرێت.

