ماكوان عێزەت – هەولێر
پارتی دیموکراتی کوردستان كە بە لیستی ژمارە ٢٧٥ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیاری سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هێشتا بەشێكی بە چەقبەستووی ماوەتەوە.
پرسی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد، بودجە و مووچە و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پارتی لە چارەسەری ئەم گرفتانە سەرمەشقە و كار دەكات بۆ چارەسەری.
هەروەك ڕوونە بەهێزی پارتی لە بەغدا دەبێتە هۆی زیاتر بەهێزبوونی پێگەی كورد و هەرێمی کوردستان بۆ بەدەست هێنانی مافەكانمان
لە کاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرەو كۆتایی دەڕوات و نزیك دەبینەوە لە ڕۆژی دەنگدان، توێژی کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لە توێژە گرنگ و کاریگەرەکانی کۆمەڵگە، پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەردەبڕن.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پشتیوانییە، پرسی دواکەوتن و لێبڕینی مووچەیە کە ساڵانێکە کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ماندوو کردووە.
جگە لەوەش كارمەندانی تەندروستی ئەو پێشكەوتنانە بەهەند وەردەگرن و هیواخوازن ئەمجارەش هەرێم بە هێزێکی مەزنەوە بچێتە بەغدا.
“بەرزڕاگرتنی ئەم دەسکەوتانە بەها و ئەخلاقە” ئەمە گوتەی دەسپێكی پۆڵا خەلیفە بەرپرسی بەشی ئەندازە لە دیوانی وەزارەتی تەندروستییە و دەڵێت: ئەو پێشکەوتنەی کوردستان و پایتەختەکەی لەم ماوە کورتەی ڕابردوو بەخۆیەوە دیوە، بە تایبەت لە ڕووی ژێرخانی ئابووری، فەرهەنگی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی گشتی و وەبەرهێنان، زۆر وڵاتانی گەورەی دنیا بە ماوەیەکی دووروردێژ گەیشتوونە بەم ئەنجامە .
بۆیە بە بەرزڕاگرتنی ئەم دەسکەوتانە گرنگە و گرنگی پێدان و تەنانەت باسکردنیشیان بەهاو ئەخلاقە، پێویستە پشتگیری ئەو لایەنە بکرێت کە داهێنەری ئەم گۆڕانکاریانە بوون کە بەشێکیان لە شێوەی مەحاڵ بوون، وەکو: دروستکردنی بەنداو بە ژمارەێکی زۆر لە ماوەیەکی کەم، پەرەپێدان بە ئاوی پاک و کارەبای بەردەوام و دروستکردنی ژێرخان بۆیان، ڕێگاوبان و ڕێکخستنی سیستەمی هاتوچۆ، گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان بە شێوەی بەرچاو، گەیاندنی زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی بە ناوچەی دوورەدەستەکان و دەرەوەی سەنتەری شارەکان، سەرەڕای هەمووی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان .
پارێزگاریکردن و بەهەندوەرگرتنی ئەمڕۆ ئەرکی سەرشانی هەموو هاوڵاتییەکی دانیشتووی کوردستانە، زۆر گرنگە دەنگدەر ئەوە بزانێ کە بە دەنگەکەی پارێزگاری دەکات لەوەی کراوە، هەم دەبێتە بەشێک لە داهاتوویەکی پرشنگداری کوردستان ئەگەر پاڵپشتی ئەو لایەنە بکات کە بەرەو ڕۆناکی و ئاوەدانی هەنگاو دەنێت بۆ زامنی ئایندەی خۆمان و نەوەکانمان.
هەمین محەمەد كارمەندی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە: پێویستەهەمووان دەنگ بدەن بە لیستی (٢٧٥)ــی پارتی دیموکراتی کوردستان چونکە لە ڕووی مێژوییەوە پارتی خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شکۆمەندی و خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدان و قوربانیدانە لەپێناو مافی گەلی کوردستاندا، دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێ کە پارتی حیزبێکە لەلایەن بارزانی نەمر ڕابەری رۆحی و ئیلهامبەخشی گەلەکەمانەوە دامەزراوە و ڕابەرایەتی کراوە و ئێستاش لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە ئەو ڕابەرایەتیە درێژەی هەیە، لەلایەکی ترەوە پارتی وەدیهێنەری دەسکەوت و ماف و ئازادیەکانمانە، پارتی بوو عیراقی لە مەرکەزیەوە گۆڕی بۆ لامەرکەزی پاشان بۆ ئۆتۆنۆمی و دواتریش بۆ فیدراڵی، جەنابی سەرۆک دامەزرێنەری کیانی سیاسیی هەرێمە، کاروانی ئاوەدانی و ئاسایش و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی حکومەتی هەرێم مەدالیای شانازییە بە گەردنی پارتییەوە .
مانەوە و بەهیزبوونی هەرێم بەرهەمی خەبات و سیاسەتی پارتییە، بۆیە ئێستا و داهاتووشمان بەستراوەتەوە بە پارتییەوە. تا پارتی بەهێز بێ کوردستان بەهیز دەبێ، ئەمەش بەوە دەبێ کە لیستی ٢٧٥ــی پارتی سەرخەین و دروشمی ملیۆنێک دەنگ بکەین بە ڕاستی و واقیع .
ڕێبین کوردە پەرستاری پێشکەوتوو جەخت دەكاتەوە ئەگەر كەسێك دەنگ نادات، مافی گلەییی نییە و، دەڵێت: هەموو نەتەوەو تاکێک مافی خۆیەتی ڕای خۆی هەبێت و دەنگ بدات بە لیست و پارتی ویستراوی خۆی و، نوێنەری هەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، بۆ ئەوەی خۆی ئەو کەسە هەڵبژرێت کە یاسا داڕێژێت بۆی و، ئەو یاسایەش هەموار بکاتەوە کە لە بەرژەوەندیی نەتەوەکە و پیشەکەی خۆیدا نییە.
ئێمەی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی دەنگمان بۆ لیستی (٢٧٥)ــە.
دڵنیاین ئەو لیسە زامنی چەمکی نەتەوەیی و بەدیهێنانی خەونەکانمانە. داکۆکیکەری سەرسەختی مافی نەتەوەیی و پیشەییمانە. لەسەر هەمووان وا پێویستترە لەناو لیستەکەش بزانین دەنگ بە کام کاندید دەدەین، سۆز و خزماتی وەلاوە بنێین، کەسانی یاساناس و خاوەن ئەزموون و زمانزان بنێرین بۆ ئەم شوێنە.
لە کۆتاییدا ئەو کەسەی دەنگ نادات مافی گلەییی نییە لە هەر کارێکی نەخوازراو، چ بەرامبەر بەرژەوەندی نەتەوەکەی یان پیشەکەی یان مافی سەرەتایی خۆی کە دەکرێت.
دووپاتی دەکەینەوە دەنگمان بۆ لیستی جەنابی سەرۆکە، بەرەو یەک ملیۆن دەنگ هەنگاو دەنێین، ڕۆژ بە ڕۆژ، کاتژمێر بە کاتژمێر، چرکە بە چرکە نزیک دەبینەوە بەرەو سەرکەوتنی گەورە.
كاروان عەلی كارمەندی تەندروستی ئەویش وەك هەر تاكێكی تر پاڵپشتی خۆی بۆ لیستی ٢٧٥ دەربڕی و گوتی: کێشەی دانەمەزراندنی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکییەکان یەکێکی ترە لەو برینە قووڵانەی بەرۆکی کەرتی تەندروستیی گرتووە. هەروەك ڕوونە ساڵانە هەزاران قوتابی بە هیوا و ئاواتەوە خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی میلاکەوە، دەرگای دامەزراندنیان بەڕوودا داخراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بەدەست کەمیی میلاکەوە دەناڵێنن، ئەوەش لەبیر ناكەین كە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرەڕای قەیرانەکان، لە چەند قۆناغێکدا هەوڵی داوە بەپێی توانا و لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەشێک لە دەرچووانی پزیشکی دابمەزرێنێت، ئەمەش جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا نیشان داوە کە زۆرجار دەرچووان بە خۆپیشاندان داوای مافی دامەزراندنیان کردووە کارمەندانی تەندروستی و دەرچووان بەو ئومێدەوە دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن کە بتوانێت لە بەغدا کار بۆ تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی هێزی کاری نوێ لە کەرتی تەندروستی بکات.
ئاسۆ جەلیل كارمەندی تەندروستی دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لە هەموو پلاتفۆرمەكانی خۆیدا بۆ هەڵبژاردنەکان، بە گرنگییەوە باس لە کەرتی تەندروستی و پێویستیی پەرەپێدانی دەکات و كاریشی بۆكردوە هەروەك بەڵێنی داوە بەڵێنەكانیشی بردوەتەسەر، کارنامەی پارتی تەنها کورت نەکراوەتەوە لەسەر بەدەستهێنانی مافە داراییەکان، بەڵکوو جەخت لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی هەرێم دەکاتەوە، کە کەرتی تەندروستییش بەشێکی سەرەکییە. بۆیە، پشتیوانیی کارمەندانی تەندروستی لە لیستی ٢٧٥ تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە خواست و داواکارییەکانی توێژێک کە ماندووبوون و قوربانیدانێکی زۆریان پێشکەش کردووە و ئێستا چاویان لەوەیە نوێنەرانی داهاتوویان لە بەغدا، ببنە دەنگ و داواکاری ڕاستەقینەی ئەوان بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە کوردستان.

