محمد لادێ – ههولێر
بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو خوێندکار و خێزانانەی لە خوێندنی پارالێل یان ئێواران دەوام دەکەن و یارمەتیدانیان لە کەمکردنەوەی بڕە پارەی داواکراو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی ٥٠٪ی کرێی خوێندن بۆیان.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان گوتی”ئەگەرهاتو، دوو خوێندکار یان زیاتری یەک خێزان، لە سیستەمی پارالێل یان ئێواران بخوێنن، ئەوا بە واژۆی وەزیر لێخۆشبوونی ٥٠٪ لە کرێی خوێندنەکەیان بۆ دەکرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.
گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێ، فەرمانەکە وزارییە و پاڵپشتە بە کۆنووسی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٣ سەبارەت بە داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و مەبەست لێی لەبەرچاوگرتنی دۆخی داراییە.
گوتیشی ئەم داشکاندنە سەرجەم خوێندکارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە.
جێی باسە کرێی ساڵانەی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بەبێ داشکاندن بەپێی بەش و کۆلێژەکان لەنێوان ١ملیۆن و ٥٠٠هەزار بۆ ٢ملێۆن دیناردایە.
لە فەرمانە وزارییەکەدا هاتووە:
• ئەو خێزانانەی دوو خوێندكار یان زیاتریان لە سیستەمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبون بۆ هەریەكەیان بەرێژەی (سەدا پەنجا) لە كرێی خوێندنەكەیان دەكرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
• ئەم داشكاندنە لە بڕی پارەی داواكراو لەدوای داشكاندنی (٤٥٪)ی كرێی خوێندن ئەژمار دەكرێت.
• ئەم داشكاندنە سەرجەم خوێندكارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەكالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) لە زانكۆ حكومییەكان دەگرێتەوە.
• ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥- ٢٠٢٦) جێبەجێ دەكرێت.
ئەڵبەت ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا سودمەند دەبن بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لە سیستمی پارالێڵ و ئێواران لە زانکۆکانی هەرێم دەخوێنن.
سەبارەت بە ژمارەی قوتابی و خوێندکارانی پارالێڵ و ئێوارانی زانکۆی سەڵاحەدین، سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی “زیاتر لە ١٥٠٠ قوتابی پارالێل و ئێوارانی قۆناغی یەکمان تۆمار کردووە. بێگومان ژمارەکە دوای ماوەیەک بەهۆی مامەڵە و ڕێکارەکانی دیکەوە دەگۆڕێن.”
لەبارەی ژمارەی خوێندکارانی پارالێڵ و ئێواران لە زانکۆکەیان، د. یۆهان عوسمان حەمە، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی گوتی “ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لەو بڕیارەی خوێندنی باڵا سوودمەند دەبن، چونکە ٥هەزار و ٥٤٠ خوێندکار لە زانکۆکەیان لە پارالێل و ئێواران دەخوێنن.”
د. یۆهان عوسمان حەمە گوتیشی: “مامەڵەی وەرگرتن و دابەزینیش ماوە؛ بابەتی گواستنەوە و گۆڕینی بەش و زانکۆیش ژمارەکان دەگۆڕێ.”

