ڕائیب جادر – هەولێر
بەربژێری ژمارە 3ی لیستی 275ی پارتی لە بازنەی دهۆك، ڕاگەیاند، هەمیشە كاری لەپێشینەی پارتی پاراستنی كەرامەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە، تەنیا پارتییە دەتوانێت لە ڕێگەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات. گوتیشی: دەنگدان بە پارتی واتا پاراستنی مافەكانی كوردستانە، واتا بەهێزكردنی دەنگی كوردە لە بەغدا، واتا ئایندەیەكی گەشتر و ئاوەدانیی زیاترە بۆ كوردستان.
حەجی ئومێد تاهر بەرواری، بەربژێری ژمارە 3ی لیستی 275ی پارتی لە بازنەی دهۆك، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: پارتی خاوەنی سەدان دەستكەوتە، ئێستا ئەو ئاوەدانییەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو ئەزموونەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە لە ئاوەدانی و ڕێگەوبان و لە كارەبای ٢٤ كاژمێری، لە پاكوخاوێنی لە پڕۆژە ستراتیژییەكان، لە دروستكردنی بەنداوەكان و لە دروستكردنی پشتێنەی سەوز، پێویستە ئەو ئەزموونەی ئێرە بگوزارێتەوە بۆ هەموو شارەكانی عێراق، چونكە شارەكانی عێراق خزمەتگوزراییان زۆر خراپە، ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخان دەكرێت بۆ ئاوەدانیی شارەكان بەهۆی گەندەڵی بۆیان خەرج ناكرێت، خەڵكی عێراق داوا دەكەن ئەو ئەزموونە ئاوەدانییەی لە كوردستان هەیە بگەیەنرێتە ناوچەكانی ئەوانیش.
بەربژێری ژمارە 3ی لیستی 275ی پارتی لە بازنەی دهۆك، گوتیشی: پارتی ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە هاوكێشە هەرێمیمەكان و نێودەوڵەتییەكاندا لە ناوچەكە، ئامادەیی بەهێزی پارتی لە بەغدا مایەی پاراستن و بەرگریكردنە لە سەنگی كورد و لە مافەكانی كورد لە بەغدا، هەمیشە كاری لەپێشینەی پارتی پاراستنی كەرامەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە، تەنیا پارتییە دەتوانێت لە ڕێگەی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات، پارتی هەرگیز سازش لەسەر مافەكانی گەلەكەی و خەڵكی كوردستان ناكات، لەكاتێكدا كە ویستێك هەبێت لەلای هێزە سیاسییەكانی دیكە بۆ ڕێككەوتن و دانوستان و گفتوگۆی بەرهەمدار، پارتی بە گوڕوتینەوە بەرەوپیری چووە و باوەڕی تەواوی بە هێزی نەرمی دیالۆگ هەبووە بۆ لێكحاڵیبوون و چارەسەری گرفت و گرژییەكان، جیا لەوەی كە سەنگی پارتی نەك بۆ نوێنەرایەتیی كورد لە بەغدا گرنگە، بەڵكو بۆ خودی پرۆسەی سیاسیی عێراقیش گرنگ بووە، هێزێكی بڕیاردەر و یەكلاكەرەوە بووە لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی عێراق و زۆرینەی كات هەولێر بووەتە چەقی بڕیار و سەكۆی پێكهێنانی زۆر لە كابینەكانی حكوومەتی عێراقیش، بۆیە دەنگدان بە پارتی واتا پاراستنی مافەكانی كوردستانە، واتا بەهێزكردنی دەنگی كوردە لە بەغدا، واتا ئایندەیەكی گەشتر و ئاوەدانیی زیاترە بۆ كوردستان.
حەجی ئومێد تاهر بەرواری، بەربژێری ژمارە 3ی لیستی 275ی پارتی لە بازنەی دهۆك، زیاتر دەڵێ: هەر كاتێك بەغدا دەیەوێت بوونی كوردستان ببڕێت، پارتی هەڵوێستی توند و بەرەنگاری هەبووە، كاتێكیش ویستوویانە خاك و زەویی كورد داگیر بكەن، بووەتە قەڵای بەرگری و خۆبەدەستەوەنەدان، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا حزبێكی سیاسی نییە، بەڵكو گوزارشتە لە بوونی كورد لە بەغدایەك كە هەرجارەو بە بیانوو و پیلانێك هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی و زمانی ئێمە دەدات، بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگمان پێ بدەن.

