ڕائیب جادر – هەولێر
هاووڵاتیانی مووسڵ، دروشمی زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ بۆ پارتی بەرز دەكەنەوە و، دەڵێن، لە پێناو ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی ئێمە و نەمانی گرژی و ئاڵۆزیەكان و دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دەدەین. بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا، ڕاگەیاند، لە هەر شوێنێك پارتی بەهێزە، سەقامگیری و ئاوەدانی و پێكەوەژیان هەیە. ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ ئەوەی مووسڵ ئاوەدان بكرێتەوە و كێشە و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكە سەر هەڵنەدەنەوە، پێویستە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەنگ بە پارتی بدەن.
موحسین تاریق، هاووڵاتییەكی دەشتی نەینەوایە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: لیستی 275ـی پارتی لیستی خوێنی شەهیدانە، لیستی پێشمەرگە قارەمانەكانە، ئەو لیستەی دەریایەك خوێنی داوە، بە سەرۆك بارزانی دەڵێین، هەموومان لەگەڵ تۆینە و پشتیوانی تۆین، جا با دۆست و دژمنان باش بزانن كە پارتی خاوەنی جەماوەری زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگە، پارتی بەهێزە و هەر بەهێزیش دەمێنێتەوە.
حەسەن لەزگین، هاووڵاتییەكی مووسڵە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: پارتی كوردستانی ئاوەدان كردووەتەوە، پارتی هێز و توانای كوردستانیانە، بۆیە لەو باوەڕەدام نەك یەك ملیۆن دەنگ، بەڵكو زیاتر بە دەست دێنێت، بۆیە دەنگی خۆمان دەدەینە لیستی 275ی پارتی، چونكە ئەگەر پارتی نەبێت ئێمەش نابین، داوا لە هەموو كەسێك دەكەم، بەتایبەتی خەڵكی مووسڵ ڕۆژی هەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگی خۆیان بە پارتی بدەن، بۆ ئەوەی مووسڵیش وەكو كوردستان ئاوەدان بكرێتەوە.
حەمید ئەیاد، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونیكردەوە: ئێمە دڵسۆز و وەفاداری پارتینە، لیستی پارتی، لیستی بەدەستهێنانی مافەكانی ئێمەیە، لیستی ئاوەدانییە، لەو باوەڕەداین بە سەركەوتنی پارتی لە مووسڵ، لە چوار ساڵی داهاتوودا مووسڵ وەكو هەرێمی كوردستان ئاوەدان دەبێتەوە و خەڵكەكەی بە پڕۆژە خزمەگوزارییەكان شاد دەبن، ئەوەش وا دەكات خەڵكەكەی لە خۆشیدا بژین، بۆیە داوا لە هەموو دەنگدەرانی مووسڵ دەكەم، دەنگی ئەوان با بۆ لیستی 275ی پارتی بێت.
خدر قەیسەر، هاووڵاتییەكی دیكەی ناوچەكەیە، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: دەنگی ئێمە بۆ لیستی 275ـی پارتییە، ئەو لیستەی بەرگری لە مافی هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی دەكات، ئەگەر پارتی نەبوایە مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار نەدەبوو، هەر پارتی بوو، كاتێك داعش هات ئێمەی لە باوەش گرت، لەبەرامبەر چاكەی پارتی داوا لە هەموو پێكهاتەكانی مووسڵ و دەوروبەری دەكەم ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.
كەریم سەیفەید، هاووڵاتییەكی مووسڵە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دركاندی: پارتی هێز بە ئێمە دەبەخشێت، جگە لە پارتی كەسێكی دیكە نییە خزمەتی هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بكات، بۆ ئەوەی ئەو پێكەوەژیانە لە كوردستان و عێراق بەردەوام بێت و مووسڵ دووچاری كارەساتێكی دیكە نەبێتەوە، پێویستە خەڵكی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە دەنگ بە پارتی بدەن.
سەرگیز حەنا، كەسایەتی مەسیحی، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد، نەك تەنیا مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا، بەڵكو داوا لە هەموو پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەم ڕۆژی دەنگدان ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە پارتی بدەن، چونكە ئەگەر بمانەوێت ژیانمان خۆش بێت و بگەڕێینەوە سەر هەرێمی كوردستان دەبێت پارتی لە بەغدا بەهێز بێت، چونكە تاكە حزب كە بتوانێت بەرگری لە خاكی پێكهاتەكان بكات پارتی دیموكراتی كوردستانە.
نەوزاد هادی، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا، ڕاگەیاند، كاتێك كە باسی پارتی دەكەین، باسی ئاوەدانی دەكەین، باسی سەقامگیری دەكەین، باسی پێكەوەژیان دەكەین، باسی تەبایی دەكەین، لە هەر شوێنێك كە پارتی باڵا دەستە و بەهێزە، سەقامگیری و ئاوەدانی و پێكەوەژیان هەیە، بۆیە دەنگدان بە لیستی 275 دەنگدانە بە داهاتوو و بەهێزكردنی پێگەی خۆمان، جا بۆ ئەوەی كێشە و گرفتەكانی كە توشی خەڵكی مووسڵ بوونە دووبارە نەبنەوە پێویستە خەڵكی سنوورەكە هەر لە شنگالەوە بگرە تا مەخموور دەنگ بە پارتی بدەن، چونكە بەهێز بوونی پارتی دەستبەركردنی سەرجەم مافەكانی خەڵكە.

