ڕائیب جادر – هەولێر
چاودێرانی سیاسی، دەڵێن، ئەگەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان بیانەوێت ئارامی و ئاوەدانی بەردەوام بێت و بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن، پێویستە ڕۆژی ١١/١١ ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
کارۆخ حەسەن، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لیستی ٢٧٥ لیستی خوێنی شەھیدانە، پارتی بە درێژایی مێژوو توانیویەتی خاکی کوردستان لە دوژمن و ناحەزان بپارێزێت، توانیویەتی بەرپەرچی گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی بداتەوە کە ناسراوە بە داعش، سەلمێنەری بەڵێن و دروشمەکانیەتی و بەوپەڕی ئەمانەتەوە پارێزگاری لێ کردوون و جێبەجێی کردوون، دەستی ئاوەدانی گەیاندووەتە ھەموو ناوچەکانی کوردستان و بێ جیاوازی کاری لەسەر پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن کردووە، کار و خزمەتی پارتی بۆ گشت بوار و سێکتەرەکان گەواھیدەری ئەوەن و بە بەڵێنی بە کردار سەڵماندوویەتی و دەیسەڵمێنین بەڵێن و دروشمەکان تەنا دەربڕین نین، بەڵکو کردارن و بەپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ و ئامانجی پارتی بنیادنانی کوردستانێکی بەھێزتر و ئارامترە، بۆیە پێویستە ھەمووان پێکەوە لە ١١/١١ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
کەمال جەعفەر، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لە کاریگەرترین پارتی نەتەوەیی و نیشتمانییە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ڕۆڵی سەرەکی لەبەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەرێمی کوردستان ھەیە، پابەندبوون و دەستبەردارنەبوون بە مافەکانی کورد و سەقامگیری ھەرێم و پێکەوەژیان دیسپلینی خۆی بووە، پارتی خاوەن سەرکردایەتییەکی تۆکمەیە بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، ئەم پارتە نزیکەی ٨٠ ساڵە دووچاری پڕ لە گێژاوی ململانێ و چەوساندنەوە و پەراوێزخستن بووە لە لایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە، بەھۆی ئەوەی کە پاڵپشتیی دۆزی کورد و پاراستنی ناسنامە و کولتوور و مافی گەلی کوردی کردووە، بۆیە زۆر گرنگە و پێویستە کوردستانیان پشتگیری بکەن و بپارێزن و بەردەوامی پێ بدەن لە دڵنیابوون لەوەی ھەرێمی کوردستان وەک چرایەکی سەقامگیری لەناو عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە بەھێزی بمێنێتەوە.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: پارتی توانیویەتی کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ، گەشتیاری و کاروانی ئاوەدانی بەرەو ئاستێکی بەرزی پێشکەوتوو ببات، بەمانایەکی تر توانیویەتی ژێرخانی ئابووری و حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان بگەیەنێتە ئاستێکی ستانداردی جیھانی، بۆیە پشتیوانیکردن لەم لیستە دەنگدانێکە بۆ بەردەوامی پێشکەوتن لە ھەمەچەشنکردنی ئابووری و ڕەخساندنی ھەلی کار و باشترکردنی ئاستی ژیان بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
سەرگیز حەنە، چالاکوانی کریستیانە و بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: یەکێک لە بەھا سەرەکییەکانی پارتی پەرەپێدان و بەھێزکردنی پێکەوەژیانە لە نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەم پارتە لە پەرەپێدانی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیاندا ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە و دڵنیایی داوە کە پێکھاتەکان لەوانە مەسیحی و ئێزدی و تورکمان و پێکھاتە ئایینییەکانی تر لە پڕۆسەی سیاسییدا دەنگیان ھەبێت، بۆیە ئەم پابەندبوونەی پارتی بە ھەمەجۆری پێکەوەژیان، پەیکەری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان بەھێز دەکات بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ھەرێم ئەمەش وەرگرتنی دڵنیاییە لەم پارتە کە ئەم بنەمایەی پێکەوەژیان بەردەوام بێت لە حوکمڕانی ئایندەی ھەرێمی کوردستان، خەڵکیش ھۆشیارە و دەزانێت کێ خزمەتیان دەکات و کێ بەرگری لە مافەکانیان دەکات.
نیھان ئەحمەد، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی چاوی لەوەیە لەم ھەڵبژاردنەدا متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئاوەدانی لە ھەرێمی کوردستان، خۆڕاگریی پارتی لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان، شایەنی ستایشە، لە دژوارترین قۆناغەکاندا، چ وەک شۆڕشگێڕێک لە شاخەکان و چ وەک حکومڕانێک لە شارەکان، پارتی ھەرگیز کۆڵی نەداوە، لە سەردەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، داستانی گەورە و بێ وێنەیان تۆمار کرد و ھەموو جیھانیان سەرسام کرد، ئەم خۆڕاگرییە، تەنھا لە بواری سەربازیدا نەبووە، بەڵکو لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان بەردەوام بووە، سەرەڕای قەیرانە دارایی و سیاسییەکان، بۆیە پێویستە لەبەرامبەر ئەو ھەموو کردەوە باشانەی کە پارتی کردوویەتی، خەڵکی کوردستان چاکەی پارتی لە ١١ی ١١ بدەنەوە و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست ھاتوونە بپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت.

