هاووڵاتیانی گوندە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێن، دەنگ بەو لیستە دەدەین كە خزمەتی پێمان كردووە و گوندەكانی ئێمەی ئاوەدان كردووەتەوە، ئەو لیستەش لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چونكە لەوەتەی ئێمە هەین هەر پارتیمان بینیوە دەستی ئاوەدانی گەیاندبێتە گوند و ئاواییەكانی ئێمە و ڕۆژبەڕۆژیش ناوچەكانمان ئاوەدانتر دەبنەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام بن، ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگمان بۆ پارتییە.
لە سایەی پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوەدانی و خزمەتگوزاریەكی بەرچاو بۆ گوندەكان دابین كراوە و خەڵك لە خۆشیدا دەژین، ئەوەش وای كردووە خەڵكی گوندە سنوورییەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پارتی بدەن. خورشید ڕەمەزان، جووتیارێكی سنووری سیدەكانە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: ئەوەی گوند و ئاواییەكانی ئێمە ئاوەدان دەكاتەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە ئێمە دەگەیەنێت، تەنیا پارتییە، بۆیە هەر لە ئێستاوە خۆمان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەین و دەنگی خۆمان بدەینە لیستی پارتی و كاندیدەكانی.
سیداد سەلیم، خەڵكی گوندەكانی باڵەكایەتییە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونیكردەوە: لە سایەی پارتی كوردستان بووەتە بەهەشت، بۆ ئەوەی ئەو خۆشی و ئاوەدانییەی كە هەیە بەردەوام بێت، ڕۆژی هەڵبژاردن بڕیارمان داوە دەنگ بە لیستی 275ی پارتی بدەین.
كۆڤان شەوكەت، پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەكان، بە ڕۆژنامەی”هەولێر”ی گوت: دەنگمان بۆ لیستی 275ـی پارتییە كە تاكە لیستە بەرگری لە خاك و نیشتمان دەكات و سەرۆكەكەشی لەو ڕۆژەی لە دایكبووە تا ئەمڕۆ لە بەرەكانی پێشەوە بووە و بەرگری لە خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە كردووە.
قوتابی نەوزاد حامد، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: من وەكو قوتابییەكی شەشی ئامادەیی كە یەكەمجارە دەنگ دەدەم، بە خۆشحاڵییەوە دەنگ دەدەم و دەنگی خۆشم دەدەمە پارتی، چونكە تاكە لیستە كە بەرگری لە مافی ئێمەی قوتابییان دەكات و قوتابخانە و پێداویستییەكانی خوێندن بۆ ئێمە دابین دەكات، بۆیە دەنگی من و هەموو قوتابییانی گوندە سنوورییەكان تەنیا بۆ ئەو لیستەیە.
زكری سوبحان، هاووڵاتییەكی دیكەی گوندەكانی مێرگەسۆرە لە سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: پارتی بە كردار سەڵماندوویەتی كە خزمەتی چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانی كردووە، لە داهاتووشدا هەر پارتی دەتوانێت خزمەتی كوردستانیان بكات و لە بەغدا شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكات، بۆیە هیوادارم هەموو چین و توێژەكانی كوردستان بەتایبەتی خەڵكی گوندە سنوورییەكان ڕۆژی هەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن، چونكە ئەگەر پارتی نەبوایە گوند و ئاوایەكانی ئێمە ئاوەدان نەدەبوونە و خزمەتگوزاریان پێ نەدەگەیشت.
خورشید ڕەجەب، باوكی شەهید، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و دەستكەوتی زیاتر و ڕێزگرتن لە قوربانی دانی پێشمەرگە قارەمانەكان و شادبوونی ڕۆحی شەهیدەكانمان داوا لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەم دەنگ بە لیستی پارتی و كاندیدەكانی بدەن.

