رۆژنامەی ھەولێر

بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە

فازڵ میرانی
(10)
دەنگدەرانی بەڕێز..
ئەو ناسنامەیەی کە یەکمان دەخات، گەورەتر و پایەدارترە لە گوتاری دووبەرەکی و پەرتەوازەیی. بنچینە و ڕەسەنایەتیی ئێمە مرۆڤایەتییە.
مەهێڵن ئەو تاقمە فریوتان بدەن کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی دووبەرەکی دەدەن، تا لە ژێر پەردەی شەرعییەتدا خۆیان بشارنەوە، دواتریش نکۆڵی لەو بەڵێنانە بکەن کە نەک هەر لە جێبەجێکردنیان دەستەوەستانن، بەڵکو لە بنەڕەتیشدا بەلایانەوە گرنگ نییە.
لە بەردەمتاندا تیمێک هەیە کە بەڵێنیدا و جێبەجێی کرد، سەرەڕای کەمیی داهات و سەرچاوەکانیش، بەڵام هەر کار دەکات. هەروەها تیمێکی دیكەش لەبەرچاوتانە، کە دەستی بەسەر سەرچاوەکاندا گرتووە و کردیوویەتی بە موڵکی تایبەتی خۆی.
لەبەردەم ئێوەدا تیمێک هەیە، ڕێز لە جیاوازییەکان دەگرێت، تیمێکیش هەیە شەڕ لەگەڵ هەر کەسێک دەکات، کە لەگەڵی جیاواز بێت.
ئێمە کەسوکاری ئێوەین، براکانتانین، ئێوەیش خوشکی ئێمەن.
بە هەبوونی ئێوە لەگەڵ ئێمەدا، هەموو جیهان دەزانێت کە ئێمە بە دەنگی ئێوە، پیلانی پیلانگێڕانمان لە گۆڕنا و ئەو بەربەست و کۆسپانەمان لابرد، کە لە بەردەمماندا دایاننابوو، تا نەهێڵن ببینە یەک دەست و برینەکانی وڵاتەکەمان ساڕێژ بکەین.
لەگەڵمان بن بۆ ڕاگرتنی خوێنبەربوونی گیان و شكۆ و داهات و سامانەكان، لەگەڵ ئەوانە مەبن، کە مافەکانتان زەوت دەکەن.
لەگەڵ دڵسۆزانی عێراق بن.