رۆژنامەی ھەولێر

ویژدانی نیشتمانی

حەمید قەڵادزەیی
كانت، پێیوایە هەموو مرۆڤێك خاوەنی دادگایەكی دەروونییە، دادوەری ئەو دادگایە پێی دەگوترێ {ویژدان} ئەگەر بە ویژدانێكی زیندووەوە بڕیار لەسەر كار و كردەكانمان بدەین
هەمیسە لە ئاسوودەییدا دەژین، بە پێچەوانەوە، شكست و شەرمەزاری بەرۆكمان بەر نادات.
مرۆڤی هۆشیار و تەندرووست، بە بایەخەوە لە ئاسوودەیی ویژدان دەڕوانێت، بۆ كارە تایبەتییەكانی، دەبێ بۆ بڕیارێك كە پەیوەندی بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و قووتی خەڵك و سەروەریی نیشتمانێك و چارەنووسی دەیان و سەدان هەزار خێزان زیاتر لە ١٠٠ ساڵ خەبات و قوربانیدانی میللەتێكی جینۆسایدكراوەوە بێت، دەبێ خاوەن ویژدانی زیندوو چەند بە دیقەت و چەند بە ئارامی و چەند بە ویژدانێكی زیندووەوە بڕیار بدات كێ شایستەی متمانەپێدانە؟
هەمیشە مرۆڤی ژیر و هۆشمەند، ئامادە نییە، بەرژەوەندییە گەورەكان بكاتە قوربانی بۆ خاتری مانەوەی بەرژەوەندییە بچووكەكان، دەبێ كام بەرژەوەندیی بچووكی حیزبی و شەخسی، پیرۆزتر بێ لە سەرخستن و بەهێزبوونی نیشتمانێك؟
ویژدانی نیشتمانیمان لێمان دەخوازێ، كارێك نەكەین، ڕێگا بەو كەسانە بدرێ، تەنها ڕێگای بەرەو خەڕەن دەگرنە بەر!
ویژدانی نیشتمانیمان پێمان دەڵێ: كارێك مەكەن، نەزان قسەكەر بێ، بێ باوەڕ و سەركێش و پۆپۆلیزم، فریوتان بدات، ویژدانی نیشتمانیمان، دەڵێ: چاوتان لە سەر پاشەڕۆژی وڵات و ئاوەدانی و سەقامگیری و شكۆمەندی لانەچێ ئەگینا بە ئازاری ویژدانی خۆتان دەتلێنەوە.