پارێزگای هەولێر زۆرترین رووبەری بە مین داپۆشراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، دەڵێ، لە ساڵی 1991 تا ئێستا بەهۆی رووداوەکانی مین و تەقەمەنی، 3770 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر شەهید و بریندار بوونە. دەشڵێ، ساڵی رابردوو پێنج کێڵگەی مینڕێژکراو لە سنووری هەولێر لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی پاککراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی 12 هەزار مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی نەتەقیوی جۆراوجۆر لەناو براون، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە هێشتا مین و تەقەمەنی لە کوردستان مەترسییە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان.

رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” لەو کێڵگە مینانەی ساڵی رابردوو پاککراونەتەوە نزیکەی 12 هەزار مین و پارچە تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی لێ‌ کۆکراونەتەوە و لەناوبردراون، ئەوەش رێژەیەکی یەکجار زۆرە لە ماوەی ساڵیکدا، لەگەڵ ئەوەش چەند تیمێکی هۆشیار کردنەوەمان هەن بەردەوام لەناو خەڵکدان لە قوتابخانەکان لە گوندەکان لە کوێستان و شوێنە دوورە دەستەکان پەیامی هۆشیاری خۆپارێزی لە مین و تەقەمەنییەکان بە هاووڵاتییان دەدەن.
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، گوتیشی:” توانراوە پێنج کێڵگە بە رووبەری 318 هەزار و 460 مەتر چوارگۆشە لە مین و تەقەمەنی بە تەواوی پاک بکرێتەوە و رادەستی خاوەنەکانیان بکرێتەوە، دوای کاری پاکسازی ئێستا خاوەنی زەویەکان سوود لە زەویەکانیان دەبینن بەشێکیان کراونەتە شوێنی گەشتیاری و هەندێکیان بۆ کشتوکاڵ کردن سودیان لێ وەرگیراوە.
رابەر ئەنوەر، ئاشکراشی کرد:” نۆ تیمی پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنیمان هەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی ئیمکانیەتی پێویست تەنها دوو تیم لە دەڤەری باڵەکایەتی کاری پاککردنەوە ئەنجام دەدەن و تیمێکیشمان گەڕۆکە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە هەر شوێنێک مەترسی زۆری لەسەر بێت سەردانی شار و شارۆچکەکان دەکات و کاری هەڵگرتنەوە و پاکسازی دەکات.
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کاروباری مینی هەولێر، زیاتر دەڵێ:” لە دوای ساڵی 1991 تا ئێستا بەهۆی رووداوەکانی مین، 3770 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر شەهید و بریندار بوونە، تەنیا ساڵی رابردوو بەهۆی پێداتەقینەوەی مین و تەقەمەنی، دە هاووڵاتی بوونەتە قوربانی لەوانە چوار کەس گیانیان لە دەستداوە و شەش کەسیش بریندار بوونە، داواکارین لە هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەک لە ناوچە مینڕێژکراوەکان نزیک نەبنەوە و لەکاتی هەر مەترسییەک یان بینینی مین و پارچە تەقەمەنی، لە رێگەی ژمارە مۆبایلی 182پەیوەندی بە تیمەکانمان بکەن، کە ژمارەیەکی خۆڕایی و بێ‌ بەرامبەرە و 24 کاتژمێر لەسەر هێلین و تیمەکانمان بە هانای هاووڵاتییانەوە دەچن، هەروەها تیمێکی دیکەی تایبەتمان هەیە بە لەناوبردنی تەقەمنییەکان لە هەر شوێنێک مین یان پارچە تەقەمەنییەک بەدیار بکەوێت دەگەنە شوێنەکە بۆ چارەسەرکردن و لەناو بردنیان”.
رابەر ئەنوەر، گووتیشی” سنووری پارێزگای هەولێر، رووبەری داپۆشراو بە مین گەلەک زۆرە، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستماندایە، 50 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە، لەو رێژەیەدا 65%ی لە مین پاککراوەتەوە و ئەوەی دیکە کاری تێدا دەکرێت، بۆیە تیمەکانمان بەردەوامن لە کاری پاکسازی مین و رووپێوکردنی ئەو شوێنانەی کە مەترسیان لەسەر ژیانی خەڵک و دانیشتووانان دروست کردووە، پڕۆسەکە دەبێت بە هێواشی و هوشیاری ئەنجام بدرێت، بە توانای مرۆیی ئەنجام دەدرێت شەڕ لەگەڵ مەرگ دەکەن، بۆیە پڕۆسەکە مەترسیدارە و لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، روونیشیکردەوە:” بەپێی ئەو رووپێوەی لە هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ ناوچە مینرێژکراوەکان کراوە، لەسەر ئاستی کوردستان قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی بە پلەی یەکەم دێت لە هەبوونی ناوچەی مینرێژکراو، دەڤەری باڵەکایەتی و قەزای چۆمانیش بە پلەی دووەم دانراوە لە هەبوونی رێژەیەکی زۆری ناوچەی مینرێژکراو”.
رابەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، دەشڵێت:” ئەو کێڵگە مینانەی کە هەن مەترسیدارن و زۆربەی ئەو مینانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دانراون، بەمەش کاری پاکسازی تیاندا ئەستەمە، یان زۆرجار لەکاتی باران بارین و رووچوونی زەوی، مین و تەقەمەنییەکان لە شوێنی خۆیان نامێنن و دەچنە شوێنێکی دیکە، ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە، ئەرکە بە هۆشیاریەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و هاووڵاتییانیش لەکاتی دۆزینەوەیان دەستکاریان نەکەن، بۆ ئەمساڵ پلانێکی باش دانراوە، بۆیە بەهیواین بتوانین ئەمساڵ زۆرترین چالاکی ئەنجام بدەین، لەرووی پاکسازی مین و لەناو بردنی تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەکان و پەیامی هۆشیار کردنەوەو خول و سیمینارەکان، دەستخۆشیش لەسەرجەم ئەو خۆبەخشانە دەکەین کە هاوکاری تیمەکانمان بوونە لە هۆشیار کردنەوەی هاووڵاتییان لە رێگەی قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان، هەروەها مامۆستایانی ئاینی کە لە وتاری هەینی رۆڵیان هەبووە لە گەیاندنی پەیامی هۆشیاری بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتییان و دوورکەوتنەوەیان لە مین و تەقەمەنی”.

ھەواڵی زیاتر