رۆژنامەی ھەولێر

لە خەونەوە بۆ واقیع

خۆشناو بالیسانی
خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەن حکومڕانییەکیان ھەبێت کە شەفاف و دڵسۆز بێت لە کارەکانی خۆیدا، ھەروەھا ئومێد دەخوازن حزبەسیاسییەکان زیاتر گرنگی بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان بدەن، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئاکاری بەرز و گفتوگۆیەکی ڕێزدارانە کە لە ئاستی پێویستی میللەت و مێژووی خەباتیدا بێت.
خەڵک دەتوانن بەراورد بکەن کام بوارەکانی بودجە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بۆ خزمەتی گشتی و پەرەپێدان بەکارهاتوون، لەگەڵ ئەو بوارانەی، کە پێدەچێت بودجەکەیان بە دروستی بەکار نەھاتبێت و ھیچ گەشەپێدانێکی بەرچاوی تێدا نەبێت. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کێ بەڕاستی خەمی پێشخستنی وڵات دەخوات و کێ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لە پێش داناوە.
لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا، سەرنج دەخرێتە سەر ئەو کاندیدانەی کە بەرنامەیەکی کاری ڕوونیان ھەیە، لە جیاتی دروشمی بێکردار، ئەم سێ خاڵە دەخەنە ڕوو:
یەکەم: پابەندبوون بە ڕەوشت و ئەدەب و بەکارھێنانی زمانێکی ڕێزئامێز و ھیوابەخش لە گفتوگۆکاندا.
دووەم: نمایشکردنی ئەو پڕۆژانەی پێشتر تەواو کراون و سوودیان بە خەڵک گەیاندووە.
سێیەم: خستنەڕووی ئەو پلان و بەرنامانەی بۆ پەرەپێدانی وڵات لە ئایندەدا ئامادەکراون.
ئەو کەسانەی کە دەستکەوتی بەرچاویان ھەیە، بە شێوەیەکی گشتی ڕێز و ئەدەبیشیان پاراستووە.
بەڵام ئەوانەی ھیچ دەستکەوتێکیان نییە، ڕەنگە نەتوانن زمانێکی پاراو بەکاربھێنن و نە ھیچ بەرنامەیەکیان ھەبێت بۆ پێشخستنی ئێستا و داھاتووی وڵات.