رۆژنامەی ھەولێر

لەم هەڵبژاردنەدا…با هەموومان کوردستانی بین

زاگرۆس ئەحمەد
وەک کوردستانییەک کە منیش خوا بە مرۆڤ دروستی کردووم و لەوەتەی چاوم کردۆتەوە و ڕۆژبەرۆژ بەپێی تەمەن و ئەزموون هەگبەی ژیانمان هێدی‌هیدی پڕ دەبێ بەپێی ئەوەی تا تەمەنی ٢١ ساڵان لەژێر جەور و ستەمی دیکتاتۆریەتدا ژیاوین و، ئەوە ٣٤ ساڵ زیاتریشە لە سای سێبەری هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆمانداین بەڵام هەمیشە شەیدا و چاوەوڕێی ئەو ڕۆژەم ڕزگارکەرێکی وەک عیسای مەسیح لە ئاسمانەوە بێ دەستی ئێمە ڕاکێشێ و بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئاشنامان بکات و ئێمەش وەک هەمیشە سەربەرزانە لە سایەی حوکمی خۆمان و لە سێبەری کوردستاندا بحەسێینەوە
لەوەتەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ کردووە و گەرم بووە و کاندیدەکان و حزبەکان بانگەشەی جۆراوجۆر دەکەن وهەوڵی بەدی هێنانی زۆرترین دەنگ دەدەن کە پێم وایە کارێکی زۆر دروست و تەندروستە بەڵام هیچ کام لەو بانگەشانە تینووێتی منی کوردستانیی نەشکاند، هێندەی ئەو دیدارەی نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان کە لەخزمەت ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا
ئاخر سەرۆکێک تەمەنی بە قەد تەمەنی حزبەکەی کە دێرینترین حزبی کوردستانە چۆن ئامۆژگاری ئێمەی ڕۆڵەکانی بکات لەو کاتە هەستیارانەدا؛ ڕێزداریان لە تەواوی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەموو شتێک کرد؛ تیشکی خستەسەر هەموو بابەتەکان، بەپێی کاتەکە تەنانەت هەندێ زانیاریی وردیشی لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی خستە ڕوو.
تاکە شتێک کە لەقسەکانی هەستمان پێکرد بەراشکاوی نەیگوت دەنگ بەلیستی ٢٧٥ ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن کەپێم وایە هیچ سەرۆک حزبێکی کوردستانی ئەو دید و ڕوانینە فراوانەی بۆ پرۆسەی سیاسی و ئایندەی عێراق نییە و ئەوەندەی مەبەستیەتی کەسانێک لە بەغدا بن شەڕی دەستوور و مافەکانی بکات و دەیەوێ بەر لە دەنگدان ڕەهەندە فکری و فەلسەفییەکانی لەبارەی ئایندەی حوکمڕانی و ڕاگرتنی باڵانسی کورد لە بەغدا لە چوارچێوەی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکات.
بۆیە من لەجێی خۆمەوە بەهەموو توانستێکی فکری و تێگەیشتنی خۆم وەک خۆم داوا دەکەم دەنگمان بۆ لیستی سەرۆک بارزانی بێ تا بارزانی مابێ کوردستان لە دەستی ئەمیندایە؛ ئاخر ئێستاش لام سەیرە باس لە تەوتین و گەڕانەوە بۆ باوەشی عێراق دەکەن بە سەرشۆڕی، ئاخر ئەو هەموو قوربانی و خەبات و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەسکەوتە گەورانە بۆ ئەوە بوو بە ملکەچی دەست بخەینە ناو دەستی هەندێک کە پێیان شوورەیی بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە ماڵیاندا هەڵبدەن و حیسابی هاووڵاتی پلەچوارمان بۆ بکەن و کێشەیان داهاتی نانەوتی بێ و مووچەی هاووڵاتی بکەنە بارمتە و پشت لە دەستوورێک بکەن کە زۆرینەی عێراقییەکان بە کوردیشەوە دەنگمان پێ دا یان دەنگ بەو سەرۆکە بدەین کە دڵنیاین ئەگەر بگەڕێینەوە کەرکوکی فرۆشراو یەکەمین کاری ئەوە دەبێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان بۆ دەستی پەیکەری پێشمەرگە بگەڕێنێتەوە ئەو کارەی کە تائێستا هیچ بەرپرسێکی کورد لە کەرکووک زاتی ئەوەی نەکردبوو، زاتیش ناکات و هەر بیریشی لێ ناکاتەوە.
تکا لە هەمەموو حزب و سەرۆکەکانیان دەکەم مافی خۆتانە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆتان بزانن بەڵام تخوا بۆ جارێکیش بێ کوردستانی بن و، دوا دیداری جەنابی مام جەلال بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت و دیدارە مێژووییەکەی لەگەڵ معد فەیاز بە ڕێبازی مام جەلال بزانن و لەژێر ڕێنمایی و سێبەری جەنابی سەرۆک ببنەوە قوتابی تا بۆ جارێکیش بێ هەموومان کوردستانی بین و شەڕی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەین؛ کورد لە بەغدا بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی نەبێ، ناگاتە داوا ڕەواکانی خۆی؛ هەربۆیە دەنگمان با بۆ کاندیدەکانی سەرۆک بارزانی بێ.
اللهم اشهد انی قد بلغت.