قــــادر ژەوان
هەڵبژاردن هۆكارێكی بنەڕەتییە كە هاووڵاتیان ئامادە دەكات بۆ بەشداریكردن لە بەڕێوەبردنی كاروباری گشتی وڵاتەكانیان و گوزارشتە لە مافەكانی مرۆڤ كە گەلانی جیهان لەسەرتاسەری جیهان لەپێناویدا هەوڵ و كۆششیان بۆ داوە. لە دەوڵەتە دیموكراتییەكاندا هەڵبژاردن بەماف گوزارشتی لێكراوە و لەگرنگترین كاری سیاسیدا هۆكارێكە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە یان لە كۆمەڵەیەكەوە بۆ كۆمەڵەیەكی دیكە بەرێگای ئاشتیانە.
سەبارەت بە دیاریكردنی وەسفێك بۆ كاری (هەڵبژاردن) زانایان رای جیاوازییان هەیە:
هەندێ لە زانایان پێیان وایە مافی كەسی شەرعی دەنگدەرە، لەكاتێكدا زانایانی دیكە پێیان وایە وەزیفەیەكی كۆمەڵایەتی و ئەركێكی نیشتمانییە، هەندێكی دیكە دەڵێن (ماف و ئەركی نیشتمانییە)، هەندێ زانای دیكە پێیان وایە دەسەڵاتی یاساییە.
یەكەم: هەڵبژاردن مافی كەسییە:
زۆربەی دەستورەكان پشت بە بنەمای ئەو هەڵبژاردنە گشتییە دەبەستن كە مافی دەنگدان بۆ گشت هاونیشتمانییەك جێگیردەكات، لەچوارچێوەی رێسای گشتی هەڵبژاردندا هیچ كۆت و بەندێك ناسەپێنێتە سەر مافی هەڵبژاردن.
لەكۆتاییدا بەپێی (پرەنسیپی یەكسانی نێوان هاونیشتمانیان) و بەپێی دەستوور، دەنگدان مافی گشت تاكێكە لە كۆمەڵگادا، دواتر یەكێكە لە مافە بنەڕەتییەكانی هاونیشتمانی و نابێ هیچ كەسێك لێی بێبەش بكرێت.
ئەگەر پێمان وابێ كە هەڵبژاردن مافی كەسییە، ئەوا پێویست ناكات تاك بە هیچ پابەندییەك بەرامبەر بەو مافە وابەستە بكرێت، ئەو ئازادە لەوەی كە لە هەڵبژاردندا بەشداری ئەو مافەی خۆی بكات، یان بایكۆت دەكات، بەهیچ شێوەیەك بە هۆی بایكۆتكردنی دەنگدانەوە سزا نادرێت.
دووەم: هەڵبژاردن وەزیفەیەكی كۆمەڵایەتییە (ئەركی نیشتمانییە).
لەلایەكی دیكەوە هەندێ لە زانایان پێیان وایە كە هەڵبژاردن وەزیفەیەكی كۆمەڵایەتی و ئەركی نیشتمانییە، ئەویش لەو گۆشە نیگایەوە تەماشا دەكەن كە ئەو تاكانەی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن بە ئەوا نوێنەرایەتی نەتەوەكەیان بەو كارە هەڵدەستن و وەزیفەیەكی كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن، كە ئەویش لەدەرئەنجامی ئینتیمایان بۆ خاك و نەتەوەكەیانە.
واتە دەسەڵاتی هەڵبژاردن پاداشتی دەنگدەر ناكات، چونكە خاوەن مافن، بەڵكو بە سیفەتی خۆیان ناچارن بە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان، بۆ ئەوەی گوزارشت لە دەسەڵاتی خۆیان بكەن. مادام ئەو كارە ئەركێكی نیشتمانییە، كەواتە پێویستە ئەو یاسایانە دەنگدان بكەن بە كارێكی ناچاری و بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك بایكۆتی كرد پێویستە سزای بۆ دابندرێت.
سێیەم: هەڵبژاردن ماف و وەزیفەیە (ئەركی نیشتمانییە)
هەندێ لە زانایانی دیكە بە دوو سیفەت هەردوو بۆچوونی پێشتر لە میانی هەڵبژاردن لێك دەدەن (سیفەتی ماف لەگەڵ سیفەتی وەزیفە ـ ئەركی نیشتمانی)، ئەوە مانای ئەوە نیە كە لەهەمان كاتدا هەڵبژاردن (ماف و وەزیفە) بێت، چونكە ناتوانرێت ئەو دوو سیفەتە دژ بەیەكە لەیەك كاتدا لێك بدرێن. بەڵكو راستییەكە ئەوەی كە هەڵبژاردن سەرەتا گوزارشت لە مافێكی خودی دەكات و یاسا دەیپارێزێت، ئەویش ئەو كاتەی كە
(نوێنەر) ناوی لە خشتەی هەڵبژاردندا تۆمار كرا. بەڵام دەگۆڕێت و تەنها دەبێتە وەزیفە (ئەركی نیشتمانی) بەڵام دوای ئەنجامدانی دەنگان و هەڵبژاردن دەبێتە نوێنەر لە پێكهاتەی دەستەی گشتی لە دەوڵەت.
بە مانایەكی دیكە لەیەك كاتدا ئەم كۆكردنەوە روو نادات، بەڵكو بە دوای یەكتریدا یەكتری تەواو دەكەن، یەكەم شت هەڵبژاردن سیفەتی ماف وەردەگرێت، دواتر دەبێتە وەزیفە.
چوارەم: هەڵبژاردن دەسەڵاتی یاساییە:
زۆر لە نووسەران هەڵبژاردن نە بە مافی تاك و نە بەوەزیفەی كۆمەڵایەتی (ئەركی نیشتمانی) لەقەڵەم دەدەن، بەڵكو ئەوە دەسەڵاتی یاسایە دایدەمەزرێنێت و بنەما دەستووریەكانی رێكی دەخات و پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی بۆ دابین دەكات، تاوەكو هاووڵاتی بەشداری دیاریكردنی نوێنەری خۆی بكات.
رای زۆرینە پێیوایە كە هەڵبژاردن مافی سیاسییە و (بەپێی دەستوور و یاسا رێكخراوە)، لەهەمانكاتدا ئەركی نیشتمانییە، بەو پێیەی كە مافە ئەوا خاوەنەكەی سەرپشك دەكات لەوەی كە لەكاتی هەر دەستدرێژیەك بۆ رێگریكردن لەبەشداریكردنی ئەو مافە پەنا بۆ دادگا ببات.
هەندێ سیستەم پێیانوابوو بەشدارینەكردن لەهەڵبژاردن سەرپێچییە لە (ئەركی نیشتمانی گشتی) و سزای بۆ داناوە كە لە (بەندكردن و پێبژاردن) دا خۆی دەبینێتەوە یان لە هەندێ خزمەتگوزاری گشتی یان لەهەندێ وەزیفەی دەوڵەت بێبەشدەكرێت یان لە خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی جیاواز قەدەغەدەكرێت.
هەندێ لەو دەوڵەتانەی كە ئەم سزایانەیان بەسەر ئەو كەسانەدا سەپاندووە كە بەشداری دەنگدان ناكەن، بریتین لە (ئوسترالیا و بەلجیكا و بەرازیل و سەنگاپۆر و تایلەند).

