رۆژنامەی ھەولێر

“ئاخر بۆ چاویان دەربێت”

‎هاودەنگ فارووق
وەرن لە ڕای گشتی گەلی كوردستان و بەتایبەتیش لە خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی بپرسن: ئەو دەبابەو درۆن و باجەڕە چی بوو خەوی منداڵی شاریان زڕاند؟ كوا جادە و كوا ئازادی و كوا ئاوی پاكی چەمچەماڵ؟ وەرن هەمووان شایەت بن، بەچاوی خۆتان ببینن، وەرن بەگوێی خۆتان ببیستن، سەرۆكی ئێمە دەفەرمێت: تەنها بۆ خودا و بۆ دایكی شەهیدان دەچەمێینەوە!
بەڵام ئەوان بەجەماوەرە دڵسۆزەكەی خۆیان دەڵێن: ئەم حەشاماتەی كاتی هەڵبژاردن، چیتر پێویست نین! ئەو خەڵكە بەڕێزەی دەنگیان پێ دەدەن، بەحەشامات ناویان دەبەن! ئەوان نەیەك نەدوو، سەرۆكی حیزبە نەیارەكانیان دەخەنە كونجی زیندانەوە، لە كولانە تاریكەكان توند توندیان دەكەن، لەملایشەوە بەحەشامات دەڵێت: ئازادیمان هەیە!
دوكاندارێك بە جەماوەری گەورەی ناوچەیەكی كوردستان بڵێت: چاویان دەربێت! ئیتر جەماوەر چاوەڕوانی چی دەكات؟ ئەوە پرۆژەی ئێوەیە بۆ خەڵكی گەرمیان، هەروەك ئەوكاتەی لەسەردەمی وەزیری تەندروستییەكەتان، كە ئێستا كردووتانە بەسەرۆكی لیست، چاوی زیاتر لە پازدە نەخۆشی بەدەرمانی ساختە كوێركرد ؟ كەسیش قەرەبوو نەكرایەوە، كۆنە وەزیرو سەرلیستەكەی هەنوكەیش لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەكرا. ئێستاش داوا دەكەن چاوی خەڵكی گەرمیان و گوندنشینانی گەرمەسێری قوربانی ئەنفال دەربێت! ئەمە پاداشتی ئێوە بوو بۆ جەماوەری ماندووی كوردستان. ئیتر جەماوەری كوردستان تێگەیشت، نابێتە حەشاماتی ئێوە، دەبێتە كۆڵەكەی حوكمڕانی كوردستان و، هەمووان پێكەوە دەڵێین: بەڵێ بۆ لیستی 275 . بەڵێ بۆ پرۆژە و ئاوەدانی و شەقامی پان و باڵەخانەی بەرز، نا بۆ دەرهێنانی چاوی دەیان كەس.