فازڵ میرانی
(9)
پێشنیارتان بۆ دەكەین و پێشنیاركردنیش لە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوەیە.
خۆتان لە دەنگدان بێبەش مەكەن، چونکە دەنگنەدانەکەتان هەرچەندە مافیش بێت، بەڵام هەڵوێستێکە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی مافەکانتان.
ئێوە هاووڵاتین، بە دەنگدانتان مافێک بۆ خۆتان دروست دەکەن.
ئێوە هاووڵاتین و ڕۆژی دەنگدان ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا بەوانە دەڵێن “بەڵێ” کە جێی متمانەتانن و بەوانەش دەڵێن “نەخێر”، کە خیانەتیان لێ کردوون.
سەیری بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەن، سەیری ئەوانە بکەن کە كاری باشیان کردووە و خراپەشیان دوورخستووەتەوە، سەیری ئەوانە بکەن کە بەڵێنەکانیان ڕاستن و ئەوانەش کە درۆیان کرد و ئێستاش هەر درۆ دەکەن.
ئێوە هەموو مافێكتان هەیە، تا ئەوانە هەڵبژێرن کە لەگەڵتاندا دەگونجێت.
ئەو کەسە هەڵبژێرن کە ساڵانی خزمەت و دەستکەوتەکان شایەدی بۆ دەدەن، ئەوە هەڵبژێرن کە لە پێناو ڕابردوو و ئێستا و داهاتووتاندا خەباتی کردووە و هەر بەردەوامە.
ئەو کەسە هەڵبژێرن کە شەوی خستووەتە سەر ڕۆژ، لە پێناو ئاسایش و ئارامیی ئێوەدا.
ئێمە دیموکراتین، هیچ شتێک بە زۆر ناسەپێنین، بەڵکو بەرنامەکانمان و ئەوەی پێشکەشمان کردووە و ئەوەشی بە هەوڵی ئێوە لەگەڵمان و بە پشتیوانیتان لە ئێمە دەتوانین پێشکەشی بکەین، دەیخەینە بەردەستتان.
• دەمانەوێت هەموو منداڵێک، کوڕ و کچ، سوودمەندبن لە سامانەكانی وڵات و وریا و بەئاگاش بن.
• دەمانەوێت ژیانێکی شكۆمەندانە بۆ هەموو عیراقییەک دروست بکەین.
• ڕقمان لە ڕەگەزپەرستی، شەڕی ناوخۆیی و دەمارگیریی ئایینی و تائیفی و فیکرییە.
• وڵاتێکمان دەوێت کە پارێزراو بێت لەو سەرکێشە قومارچییانەی کە یاری بە چارەنووس و سامانەكەیەوە دەکەن.
• ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی بەهێز و قووڵمان دەوێت، بەقەد قووڵایی ڕەسەنایەتیمان.
• دەمانەوێت شكۆمان پارێزراو بێت.
• دەسەڵاتێکمان ناوێت کە فێڵ لە گەلەکەی بکات و لە ڕێگەی پەراوێزخستن و برسیکردنەوە، شەرعییەت بە مانەوەی خۆی بدات.
لەگەڵمان بن، چونکە ئێمە پاڵپشتی ئێوەین و ئێوەیش قووڵایی ستراتیژیی ئێمەن.

