ڕائیب جادر – هەولێر
ئامادەکارییەکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە باشی بەڕێوەدەچن. بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش، دەڵێن، ھەڵبژاردن بە ئەلیکترۆنی دەبێت، بردنە ژوورەوەی موبایل و کامێرا بۆ بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە.
ڕۆژی ١١ـی ئەم مانگە، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێن، بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، وەکو بەڵگەنامە تەنیا کارتی دەنگدان پێویستە دەنگدەر لەگەڵ خۆی ببات بۆ دەنگدان و ئەوانی تر لەم ھەڵبژاردنە پێویست ناکەن، لە ھەمان کاتدا بردنە ژوورەوەی موبایل و کامێرا بۆ بنکەکانی دەنگدان بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی:کۆمیسیۆن زۆربەی ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە، ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدانی تایبەت و گشتی گەیشتوونە و تێست کراون و کێشەیان نییە، لە ٦ی مانگ قوتابخانەکان وەردەگرین و دەست بە گواستنەوەی ئامێرەکان دەکەین و بنکەکانی دەنگدان ئامادە دەکرێن بۆ دەنگدانی تایبەت کە بڕیارە ٩ی مانگ بکرێن، بۆ ئەو مەبەستە ٢٠٤ قوتابخانەکان ئامادە کراون، دواتر بۆ دەنگدانی گشتی کە ١١ی مانگ دەکرێت.
بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە عێراق، گوتیشی: لە ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگدەر دەتوانێت لەڕێگەی دەموچاویشەوە دەنگ بدات، ئەو کارتەشی دەنگی پێ دەدات سیمکارتێکی تێدایە و بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر کار ناکات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەر کەسێک کە دەنگی دا دوای ئەوە ناتوانێت جارێکی دیکە دەنگ بداتەوە، پەنجەمۆر لە ئێستادا شتێکی زیادە و بە ھەدەردانی پارەی گشتییە، زۆرجار ھەبووە قوتابخانەکان پیس بوونە، بۆیە لە ئێستادا پێویست نەدەکرا و ھەڵگیرا، ئەوەش وا دەکات دەنگدەر بە کەمترین ماوە دەنگ بدات، لە ھەمان کاتدا زۆرجار پەنجەمۆر وەرەقەی دەنگدانی پیس کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە نابێت وەرەقەی دەنگدان پیس بێت، ئەگەرنا دەنگەکە پووچەل دەبوویەوە، بۆیە نەمانی پەنجەمۆر کارێکی زۆر باش بوو و ڕێکارەکان ئاسانتر دەکات.

