وەرگێڕانی لە فارسییەوە: خدر ئیبراهیم خدر
نووسین: هۆڤهانس هومانیان
ئەوسا زوو، وەختی خۆی، پیاوێک هەبوو (پانووس) ناو. لەگەڵ ئەوەی کەسێکی باش بوو، بەڵام دەستی بۆ هەر کارێک دەبرد، بەختی نەبوو. بۆیە ناویان نابوو (پانووسە بەدبەخت). دار و نەداری ئەو بریتی بوو لە دوو گا و عەرەبانەیەک و تەورێک و هیچی دی.
ڕۆژێک گاکانی بە عەرەبانەکەوە بەست و تەورەکەی دەست دایە و بە مەبەستی داربڕین ڕووی کردە دارستان. کە گەیشتە دارستان، بیری کردەوە و، لە دڵی خۆیدا گوتی:
” لە جیاتی ئەوەی دوای بڕینەوەی دارەکە، ئەو قەدی قورسەی درەختەکە بەرز بکەمەوە و بیخەمە ناو عەرەبانەکەوە، واباشترە گاکان و عەرەبانەکە پێکەوە لەژێر درەختەکەدا ڕابگرم، تاکو ئەگەر درەختەکەم بڕییەوە، یەکەوڕاست بکەوێتە ناو عەرەبانەکەوە.”
هەڵبەت، قسە و کرداریش یەک بوو…
چوو گاکان و عەرەبانەکەی هێنا و لە ژێر درەختەکەدا ڕاگرتن و خۆیشی چووە لاکەی تر و تەورەکەی گرتە دەست و ڕم ڕم، دەستی کرد بە بڕینەوەی درەختەکە. نازانم زۆری پێچوو یاخود کەم، دیارە ئەو بۆ خۆی باشتر دەزانێت، درەختەکە دەستیکرد بە کرچەوکرچ و بە لادا کەوت و گاکانی پڵیشاندەوە و عەرەبانەکەشی ورد و خاش کرد.
کە (پانووس) ئەوەی دی، لە جێگەی خۆی مات و گێژ و وڕ بوو. چی بکات؟ تەورەکەی دەست دایە و، پشتەگوێچکەیەکی خوراند و، ڕێی ماڵەوەی گرتەوە بەر…
*
لەڕێگە، بەلای دەریاچەیەکدا تێپەڕی، بینی ژمارەیەک مراوی کێوی لەناویدا سەرگەرمی مەلەکردنن. بەخۆی وت:
” هەرچی بوو، بە جەهەننەم، لانیکەم با مرواییەک ڕاوبکەم و بۆ هاوسەکەمی ببەمەوە ”
ئەوەی وت و تەورەکەی لە هەوادا سووڕاندەوە و بە ئاراستەی مراوییەک هاویشتی. مراوییەکان بە کاغەکاغەوە پەرتەوازەبوون و ڕۆیشتن. ژمارەیەکیشیان ڕوویانکردە ناو قامیشەڵان و هەندێکی تریشیان باڵیان لێکدا و هەڵفڕین. تەورەکەش کەوتە بنی دەریاچەکە و بزربوو.
(پانووس) لەنزیک دەریاچەکە ڕاوەستا و دەستیکرد بە بیرکردنەوە:
” چی بکات، چی نەکات؟! ”
جلوبەرکەکانی دانان و لە لێواری دەریاچەکەی بەجێهێشتن و خۆی هەڵدایە ناو دەریاچەکە تاکو تەورەکەی بدۆزێتەوە. چەندە زیاتر دەچووە پێش، قووڵایی ئاوەکە زیاتر دەبوو. بینی لەوەیە بخنکێت، بۆیە گەڕایەوە و لە ئاوەکە هاتە دەرەوە. تۆ مەڵێ کە (پانووس) لە ئاوەکەدا بووە و گەیشتۆتە قووڵایی، تومەز ڕێبوارێک بە کەناری دەریاچەکەدا تیپەڕیوە و جلوبەرگەکانی بینیوە لەسەر زەوی کەوتوون، لەبەر ئەوەی لەو دەمەدا، (پانووس) گەیشتۆتە ناو جەرگەی قامیشەڵانەکە و چاوی لێ نەبووە، بۆیە ئەویش جلوبەرگەکانی دەست داوەتێ و بردوونی و ڕۆیشتووە.
وەختێک (پانووس) لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی جلوبەرگ نەماوە. ئیتر بێ بەرگ و پۆشاک دەمێنێتەوە. لەبەرخۆیەوە دەستی کرد بە بیرکردنەوە و وتی:
” خودایا، ئێستا بێ بەرگ و پۆشاک چی بکەم؟!
خۆی گرت تاکو تاریک داهات. لە تاریکیدا هەڵسایە سەر پێ و ڕووی کردە ئاوایی. کاتێک نزیک بۆوە، بە خۆی وت:
” ئەگەر ئاوا بەبێ بەرگ و پۆشاک بڕۆمەوە ماڵ، ئەوان چیم پێ دەڵێن؟ با بچم جلوبەرگێک لە براکەم وەربگرم و بیپۆشم. پاشان دەچمەوە لای هاوسەرەکەم. ”
بۆیە بەرەو لای ماڵی براکەی، ڕێگەی خۆی گۆڕی.
*
وادێتە پێش ئەو شەوە لە ماڵی براکەی بەزم و هەرا ساز کرابوو و هەموو سەرگەرمی شادی و سەفا بوون. (پانووس) کەمێک دەرگاکەی واڵا کردەوە تا لە کەلێنێکی دەرگاکەوەوە ببینێت کێی لێیە، کێی لێ نییە. یەکێک لە میوانەکان بە گەماڵی تێگەیشت. بۆیە ئەو پارچە ئێسقانەی کە بەدەستیەوە بوو، بەرەو لای دەرگاکەی هەڵدا. پارچە ئێسقانەکە بەر چاوی (پانووس) کەوت و، چاوی دەرپەڕی.
(پانووس) بەهۆی ئازاری چاوی، دەستی کرد بە هاوار و ناڵە و گەڕایەوە. سەگەڵ بەبیستنی دەنگی وی، ڕابوون. سەیریانکرد بنیادەمێک لە تاریکدا بە بێ بەرگ و پۆشاک دیارە. لە چوار لاوە هەڵمەتیان بۆ برد. بەهۆی دەنگی وەڕینی سەگەلەکەوە، خەڵکی هاتنە دەرەوە و بینیان کەسێک بەبێ بەرگ و پۆشاک خەریکە ڕادەکات و سەگەلیش بەدوای کەوتوون. زۆر سەری خۆیان پێوە نەیەشاند و لەجێوە وتیان:
” حەتمەن جنۆکەیە!”
ماوەیەکی زۆر بە هاتوهاوار و وتنی قسە و جنێوی ناشیرین، بەدوای کەوتن و تاکو دارستان ڕاویان نا. سەگەلیش کە بەدوایەوەبوون، لوولاکیان گرت. (پانووس)ـە داماو، بەبێ بەرگ و پۆشاک و تاکە چاوێكەوە، بە شەلە شەل، کەوتەڕێ و خۆی ون کرد…
*
ڕۆژی دواتر، لە ئاواییدا، هەواڵ بڵاو بۆوە کە (پانووس) ون بووە. بۆ داربڕین چۆتە دارستان و نەگەڕاوەتەوە. تەواوی خەڵکی ئاوایی خڕ بوونەوە و ڕوویان کردە دارستان و دەستیان کرد بە گەڕان. گا پڵیشاوەکان و عەرەبانە وردوخاشبووەکەیان لەژێر درەختەکەدا دۆزییەوە، بەڵام بۆ خۆی نا!
ئەملا گەڕان، (پانووس) نەبوو، ئەولا گەڕان، (پانووس) نەبوو. دەستیان کرد بە پرسیارکردن، تا ئەوەی جلوبەرگەکەیان لەلای کەسێک دۆزییەوە.
– ئاهای، ئەو جلوبەرگانەت لە کوێ هێناوە؟
– برا، ئەو جلوبەرگانە لە کەناری دەریاچەیەک لەسەر زەوی کەوتبوون، منیش تاوم دانێ…
ڕۆێشتن هەموو لایەکی دەریاچەکە گەران، هاواریان کرد: “پانووس، پانووس”، بەڵام هەواڵێكی لێ نەبوو. وایان خەیاڵ کرد (پانووس) خنکابێت. بۆیە گەڕانەوە و لە کڵێسا، وەرگەڕانە سەروگوێلاکی خۆیان و بۆی پاڕانەوە. هاوسەرەکەی ماوەیەک خۆی ڕەشپۆش کرد و وەسف و تاریفی (پانووس)ـی کرد و داخ و حەسرەتی بۆ خوارد. پاشان کەوتە بیری ئەوەی شوو بە کەسێکی تر بکاتەوە.
شووی پێ کرد و ڕۆیشت.
سەرچاوە:
فصلنامە فرهنگی پیمان، شمارە (٨٥)، سال بیست و دوم، پائیز ١٣٩٧.
مترجم فارسی: ورژیک محمودی

