رۆژنامەی ھەولێر

هێزی فرمێسكی ژن

سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان هەمیشە جیاوازی لە نێوان گریانی ژن و پیاو دەكرێت، ڕەگەزی مێ، بە سرووشت ڕۆمانسیتر و هەستناسكترن، بۆیە زوو زوو دەگرین. گریان بەهێزترین چەكی دەستی ژنە و هیچ كەسێك لە بەرانبەر فرمێسكیدا خۆی ڕاناگرێت، جا ئەگەر ئەو گریانە ڕاستەقینە بێت، یاخود فریودەرانە و، جۆرێك بێت لە ناز و مەكر و سیناریۆ. پیاوان، هەمیشە دەكەونە ژێر كاریگەریەتیی فرمێسكی ژنان و زۆر جار ئەو فرمێسكانە، پەناو هێزی ڕزگاركردنی ژنە، لە تووڕەیی پیاو. ئەمە وێرای ئەوەی گریانی ژن، گریانێكی ناخەكییە و دەشێ بۆ هەموو شتێك و لە بەرانبەر هەموو ڕووداوێك و دڵتەنگییەك، بگرین و بە گریان خەفەتی پەنگخواردووی ناخی خۆیان دامڕكێننەوە و هەست بە ئاسوودەیی بكەن. هەر چۆنێك بێت، فرمێسكی ژن دەتوانێت بە جۆرێك تێگەیشتن و هەست و نەستی پیاو بگۆڕێت، كە ڕوانگە و بیركردنەوەی لە بەرانبەر كردەوەیەك و تووڕەیەك و بڕیارێك، بگۆڕێت و پاشگەزی بكاتەوە. لە شیعری (بڕیار)دا، فرمێسكی ژن هەستێك لای پەشێوی شاعیر دروست دەكات، كە پاشگەزی بكاتەوە لە هەموو ئەو بڕیارانەی داویەتی و ئەو هەڵوێستانەی نواندوویەتی؛ كاتێ بڕیار دەدات، ئیدی واز لە خۆشەویستی ئەو بێنێت، بەڵام بە تەنها فرمێسكێكی ئەو بەسە بۆ ئەوەی شاعیر لەو بڕیارە پاشگەز بكاتەوە. لە دەسپێكی شیعرەكەدا، شاعیر دەڵێت:

بڕیار بوو پێشێل بكەم دڵداریت
بپچڕێنم ژێی سۆزی یادگاریت
بڕیار بوو كەوا ئاگرێكی خۆش
پەیامەكانت گشت بگرێتە كۆش

شاعیر، بڕیاری ئەوەی داوە بۆ هەتایە، تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت و گیانی تێكەڵی خاك دەبێتەوە، ئەو لە بیر خۆی بباتەوە و دڵداریەكەی پێشێل بكات. هەموو ئەو ژێیانەی وەك تەلی بچووك سۆز و یادگارییەكانی بە ئەو دەبەستنەوە بپچڕێنێت. جارێكی دیكە نەچێتەوە نێو پەرستگەی چاوی. هەموو ئەو پەیامانەش كە لە شێوەی نامە و ڕاز و نیازی نێو ژوانە نهێنییەكان، كە لە نێوانیان هەبووە، لە ڕێگەی ئاگرێكی بە نێڵە و بلێسەدار بسووتێنێت. ئەمانە لە سەرەتادا بڕیاری شاعیر بوونە، لە سۆنگەی هەر هەڵوێست و كردەیەكەوە بێت، كە بۆتە هۆی تۆران و دڵگرانی شاعیر لەو، بۆیە بڕیار دەدات ئەم كارانە بكات! هەڵبەتە بیر و ڕازێكیش نابێتە بڕیار ئەگەر پێشتر بیری لێ نەكرابێتەوە و گەڵاڵە نەكرابێت، بۆیە شاعیر لە سەرەتاوە خۆی یەكلایی كردۆتەوە، كە ئیدی دڵداری ئەو پێشێل بكات، بەڵام ئەمانە تەنها بڕیاربوونە و نەبوونەتە كردار و لە زەمینەی واقیعدا تاقی نەكراونەتەوە، وەك ئەوەی مرۆڤ بڕیار دەدات كە كارێك بكات، بەڵام هێشتا نەیكردووە. شاعیریش لە خەیاڵی خۆیدا، بڕیاری ئەوەی داوە كە پشت بكاتە ئەو خۆشەویستییەو كاتێ دەچێتە ژوانی ئەو، ئەمەی پێ بڵێت كە ئیتر ئەو چیتر خۆشەویستی ئەو نییە و چیرۆکێك لە نێوانیاندا بە ناوی خۆشەویستی نامێنێت. ئەم بیركردنەوەیە، بیركردنەوەی بەرلە ژوان و دیتنی ئەوە، واتا پەشێو كاتێك بڕیار دەدات، ئەوە لە خەیاڵ و بیركردنەوەی خۆی، ئەو ڕازە شاراوانە بۆ خۆی دەدڕكێنێت و بەڵێنیشی داوە كە چووە ژوانی ئەو، ئیتر ئەمانەی پێ بڵێت، بەڵام كاتێ ڕووبەڕووی نیگای ئەو دەبێتەوە، كاتێ ئەو دەگریت و شاعیریش فرمێسكەكانی دەبینێت، ئیدی سەدو هەشتا پلە تێگەیشتنی دەگۆڕێت و پاشگەز دەبێتەوە، لەو بڕیارانەی كەوا نیازی وابووە بیانكاتە كردار. بۆیە بێ ئەوەی توانا و هێزی ئەوەی هەبێت ئەوەی بڕیاری لێ داوە جێبەجێیان بكات، بە پێچەوانەوە لە بەردەم فرمێسكی ئەو، بە چۆك دادێت و پاشگەز دەبێتەوە و ناتوانێت دەستبەرداری بێت. ئەم پەڕۆشییەی ئەو، ئەم نزاو پاڕانەوەیە، تەنها لە ڕێگەی یەك فرمێسكەوە گوزارشتی لێ دەكرێت و ئەم فرمێسكەی ژنیش، بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی ئەمی پیاو و شاعیر پاشگەز بكاتەوە، ئەویش تەنها بەدیتنی ئەو فرمێسكەی بە ڕووخساری خۆشەویستەكەی دادێتە خوارەوە. لەو سۆنگەیەشەوە كاتێ شاعیر فرمێسكی ئەو دەبینێت، هەستێكی دیكەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە ئەمجارە و لە دیدەنی ئەودا پێی دەڵێت:

بەڵام تنۆكە فرمێسكی ئەمجارەت
وای كرد گۆرانی بڵێمەوە بۆت
لە جاران پتر بەندەی جوانیت بم
شاعیری بزەی كامەرانیت بم

لێرەدا كاریگەریەتیی فرمێسكی ژن، لەسەر هەست و نەستی پیاو دەردەكەوێت، كە چۆن لە ڕێگەی چەكی سەرەكی دەستی كە گریانەكەیەتی، نەیارەكەی دەبەزێنێت و دیل و دەستەمۆی خۆی دەكات كە نەتوانێت لە بەرانبەریدا هیچ بڕیار و كردەیەكی دیكە بكات. بەمەش گریان دەبێتە ئەڵقەی گرێدانەوی دوو خۆشەویست بە یەكتری، كە بڕیار بووە یەكێكیان تاكلایەنە دەستبەرداری ئەو خۆشەویستییە بێت كە خودی شاعیرە. هەڵبەتە، تەنها بەشێكی بچووك لە هێز و سیحری بوونی ژن لە ژیان و بوونی پیاودا لێرەدا دەردەكەوێت كە فرمێسكەكانیەتی، بەڵام ئەم فرمێسكانە، بە جۆرێك كاریگەریەتی لەسەر تێڕوانین و هەستی شاعیر دروست دەكەن، كە لە جاران زیاتر ئەمی خۆش بوێت و لە جاران زیاتر بەندەی جوانییەکەی بێت و گۆرانیی بۆ بڵێتەوە. بەمەش ئەو فرمێسكە شاعیر دەكاتە مرۆڤێكی دیكە، كە لە بری ئەوەی لە ئەو جیابێتەوە، ئەوا بە پێچەوانەوە زیاتری خۆشبوێت. لە بارەی فرمێسكی ژنەوە، گەلێك وتە گوتراون، بەڵام هەموویان لەو خاڵەدا یەكدەگرنەوە كە فرمێسكی ژن، دەتوانێت هەڵوێستی پیاو، تێگەیشتن و بیركردنەوەی لە بەرانبەر خۆیدا بە ئاراستەیەكی دیكە بگۆڕێت، كە پێچەوانەی ئەو هەڵوێست و بیركردنەوانە بێت كە پێشتر بە خەیاڵ و بیری داهاتوون بەرانبەر بە خۆی، هەروەك لەو شیعرە جوانەی پەشێودا دەیبینین. بێگومان ئەمەش سیحر و جوانی و هێز و باڵادەستیی ژن لە ژیاندا بە گشتی و، لە ژیانی پیاودا بە تایبەتی دەردەخات.