ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پاڵپشتیی بەخشەران لە پڕۆژەی كوردستانی ماڵی ئازیزان پتر لە یەك ملیۆن دۆلار بەسەر منداڵانی ئازیز (بێباوك)دا دابەش دەكات.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەخشەران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و چالاكانی بواری مرۆیی و ئازیزان و خانەوادەكانیان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەت كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر بەڕێوە چوو، دابەشكردنی هاوكاریی دارایی لە پڕۆژەی كوردستانی ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان ڕاگەیێندرا، كە بڕەكەی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلارە.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ئاخافتنێكیدا بۆ ئامادەبووان، وێڕای بەخێرهاتنیان، تیشكی خستە سەر كار و چالاكی و ئەو خزمەتگوزاریانەی كە ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان پێشكەش بە منداڵانی ئازیز و خانەوادەكانیان دەكەن. هاوكات بە گەرمی سوپاسی بەخشەرانی بەڕێزی كوردستانی كرد، ئاماژەی بەوەش كرد، كە سەرەڕای قەیرانەكان و هەڵكشان و داكشانی ئابووری، سەرمایەدار و خێرخوازان و خاوەن كۆمپانیاكانی كوردستان، پشتی ئەم پڕۆژەیان بەر نەدا بۆ ماوەی چواردە ساڵ دەچێت كە پێشكەشكردنی هاوكاری و بەخشینەكانیان بەردەوام بووە. هاوكات سوپاسی هەموو بەخشەرانی دیكە و وڵاتانی هاریكاریبەخشی كرد، كە پشتیوانی پڕۆژەكانی ماڵی ئازیزان بوون.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو كە ساڵی (2012) بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان/ بەشی كوردستان ڕاگەیێندرا. گوتیشی: “شانازی دەكەین كە زیاتر لە هەشتهەزار منداڵی ئازیز، گەروە بوون و ئێمەیان بەجێ هێشتووە و بوونەتە خاوەن ماڵ و منداڵ و بناغەی ژیانیان داناوە.”
وەك سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی كرد، 3609 منداڵ لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكە بڕێ ملیۆنێک و 65هەزار و 400 دۆلاریان بەسەردا دابەش دەكرێت.
ماڵی ئازیزان، پڕۆژەی جۆراوجۆری هەیە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی (ماددی، پەروەردەیی، تەندروستی، دابینكردنی كورسیی خوێندن، ڕێكخستنی گەشتی زانستی، ڕەخساندنی كاتی خۆشی وەك ئەسپسواری و مەلەوانی و وێنەكێشان و یاریكردن، دابینكردنی جلوبەرگ و پێداویستیی قوتابخانە و، هتد، لەخۆ دەگرێت.
پارەی مانگانەی ئازیزانی كوردستان بۆ هەر مانگێك بڕی (50) دۆلارە بۆ هەر ئازیزێك، كە شەش مانگ جارێك لە ڕێگەی یەكەكانی ماڵی ئازیزان لە گشت ئۆفیسەكان بەسەر ئازیزاندا دابەش دەكرێن.
كۆی گشتیی دابەشكردنەكانی ماڵی ئازیزان تا ساڵی 2025 بڕی 82ملیۆن و 340هەزار و 78 دۆلار بووە.
ژمارەی ئازیزان بە گشت پڕۆژەكانەوە (كوردستان، ئیمارات، پۆڵەندا، هاوكاریی شانشینی سعودیە و هاوكاریی وڵاتی كوەیت) 23هەزار و 463 ئازیزن.
لە پڕۆژەی كوردستانیش 27ملیۆن و 786هەزار و 233 دۆلار بەسەر ٥٨٨٨ ئازیزدا دابەش كراوە.
پڕۆژەكەی ماڵی ئازیزان لەم قۆناغەدا پشت بە هاوكاری و سپۆنسەری كۆمپانیاكان و سەرمایەدار و بەخشەرانی خێرخواز دەبەسێت.
بەشێك لەو خزمەتگوزاریانەی كە ماڵی ئازیزان و بێهاوژینان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی منداڵانی ئازیز و خانەوادەكانیان دەكەن بریتین لە:
• خەڵاتكردنی یەكەمەكانی پۆلی 12 لە كوردستان
• دابینكردنی بیمەی تەندروستی بۆ منداڵانی ئازیز
• پێشکەشکردنی پشكنین و نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشكی بۆ ئازیزان
• دابەشكردنی مووچەی ئازیزان لە پڕۆژەی كوردستان
• دابینكردنی كورسیی خوێندن بۆ منداڵانی ئازیز
• دابینكردنی جلوبەرگ و جانتا و پەڕاوگە و پێداویستیی خوێندن بۆ ئازیزان
• دڵخۆشكردنی ئازیزان بە سەردانی مەلەوانگە و پارك و گۆڕەپانی ئەسپسواری و سەیرانگەكان
• دابینكردنی سەبەتەی خۆراكی وشك، خۆراكی گەرم و بەخشینی گۆشتی قوربانی
• كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی و تواناسازی
• چارەسەركردنی گرفتە پەروەردەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی ئازیزان و خانەوادەكانیان

