محمد لادێ – ههولێر
پڕۆژەیەکی سەربڕینخانەی هاوچەرخ لە سنووری پارێزگای هەولێر دروست دەکرێت کە تەواوی پێودانگ (ستانداردە) جیهانییەکانی تێدا رەچاو کراوە و دەبێتە پڕۆژەیەکی ناوازەی ئاژەڵداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە چوارچێوەی کار و پڕۆژەکانی حکومەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (مێگەل)ـی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە کە پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە و لەلایەن ئەندازیار و دەستی کاری ناوخۆییەوە دروست کراوە و هەر لەلایەن دەستی کاری ناوخۆشەوە بەڕێوە دەبرێت.
پڕۆژەی (مێگەل) یەکێکی ترە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە دەبێتە ھۆی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ کوردستان و دابینکردنی چەندەھا ھەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێژەکانی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکان و جووتیاران و ھاونیشتمانیان.
ئامانجی پڕۆژەکە دامەزراندنی سەنتەرێکی بازرگانی هاوچەرخە بۆ دابینکردن و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لە سەرتاسەری عێراق، هەروەها پەیڕەوکردنی ستانداردە جیهانییە کشتوکاڵییەکانە لە بەخێوکردن، قەڵەوکردن و سەربڕینی ئاژەڵ، نوێگەری لە داهێنان و بەرهەمهێنانی گۆشت و پێشکەشکردنی بە هاونیشتمانیان بە باشترین کوالێتی و ڕەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکان، پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی بەکارهێنانی نوێترین ئامێر و سیستەم بۆ ڕێگەگرتن لە پیسداگەڕانی ژینگە و بەکارهێنانەوەی جۆرە جیاوازەکانی پاشەڕۆ بۆ بەرهەمی سوودبەخش، هاوکات دەستبەرکردنی چەندان هەلی کار بۆ هاونیشتمانیان.
نەزیر مامەند، نوێنەری پرۆژەکە دەڵێت “ئەم پڕۆژەیە شۆڕشێکە لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە ناوچەکەدا و ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەش پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کارە بۆ هاووڵاتییان. ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەی “مێگەل” لە ساڵی (٢٠٢٢)ەوە دەست کراوە بە دروستکردنی و، تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ملیۆن دۆلاری تێچووە. پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ٩٦٠هەزار مەتر دووجا دروست کراوە و چەندین کارگە و یەکەی بەرهەمهێنانی گۆشت و بەرهەمە گۆشتییەکان لەخۆ دەگرێت. گوتیشی، بێگومان بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، هەزاران هەلی کار بۆ هاونیشتمانیان بەردەست دەبێت، چونکە لە یاساکانی کۆمپانیای مێگەلدا وا بووە کە هەر لەسەرەتاوە ئەو بەڕێزانەی لەم پڕۆژەیەدا کاریان کردووە، هەموویان کرێکار و ئەندازیار و کارمەندی ناوخۆ بوون.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، وتارێکی پێشکەشکرد کە تیایدا لە بارەی بەرهەمەکانی پڕۆژەکەوە دڵنیایی بە هاووڵاتیاندا وتی “ئەو هاووڵاتییانەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە سوپەر مارکێتەکان دەکڕن، دەتوانن دڵنیا ببنەوە لە کواڵێتییەکەی چونکە لە کواڵیتی کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و سەلامەتە بۆ بەکارهێنان.”
پڕۆکە تەواوی پرۆسەی بەخێو کردن و سەربڕین تا قۆناغی بە بازاڕکردنی بەرهەمەکان لەخۆ دەگرێت. چونکە تەنها بۆ سەربڕین نییە، بەڵکوو کارگەی تایبەت بە پارازتەکردن (لەقوتوونان) و دروستکردنی بەرهەمەکانی گۆشت؛ وەک: هەمبەرگەر و سۆسج؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرەوپێشچوونی كهرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری چونکە لە چهشنی ئهم پرۆژهیە له رۆژههڵاتی ناوەڕاست دهگمهنه، ئهمه جیا لهوهش بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، مەیدانی کۆنی ئاژەڵفرۆشان نامێنێت و سەرجەم ئەو کەسانەی کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵیان دەکرد، لە شوێنێکی مۆدێرن و ڕێکخراودا جێگەیان بۆ دابین دەکرێت.“
پرۆژەکە لە دەروازەیەکی سەرەکی پێکدێت، هەروەها چەند بەشێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە ئەمانەن:
– سەربڕخانەیەک لەسەر ڕووبەری ٣٦هەزار و ٥٠١ مەتر دووجا، کە لە توانایدا هەیە لە ڕۆژێکدا سێ هەزار سەر مەڕ و ٤٠٠ ڕەشەوڵاخ سەر ببڕێت.
– حەساری بەخێوکردنی ئاژەڵ: ئەم بەشە ٣٨٠ حەسار بە سێ ڕووبەری جیاواز لەخۆ دەگرێت کە بەم شێوازەیە:
١٩٨ حەسار بە ڕووبەری ٧٠٤ مەتر دووجا
٣٦حەسار بە ڕووبەری ٨٣٣ مەتر دووجا
١٦حەسار بە ڕووبەری ٥٦٣ مەتر دووجا
١٠٦ مەیدان بە ڕووبەری ٥٥٨ مەتر دووجا
یەک مەیدانی تایبەت (VIP) بە ڕووبەری هەزارونەوەد مەتر دووجا
– یەکەیەکی پاڵاوتنی ئاوی پیس لەخۆ دەگرێت، کە توانای پاڵاوتنی ١٢٠٠ لیتر ئاوی پیسی هەیە.
– یەکەیەکی سووتاندنی پاشەڕۆ لەخۆ دەگرێت. توانای وەرگرتنی ١٥٠٠ کیلۆگرام پاشەڕۆی هەیە.
هاوکات ٢٥٪ـی پڕۆژەکە کراوەتە سەوزایی و سەوزەڵان.
ئەڵبەت پڕۆژەکە توانای بەخێوکردنی پەنجاهەزار سەر ئاژەڵی هەیە لە یەک کاتدا، كه ئهمه ژمارەیەكی زۆر گهورهیه و، دهتوانرێت بۆ داهاتوویهكی زۆر دووریش سوودی لێ وهربگیرێت.

