ڕائیب جادر – هەولێر
بەربژێری ژمارە ٢ لەسەر لیستی ٢٧٥ـی پارتی لە بازنەی کەرکووک بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: خەڵکی کەرکووک و کەرکووکییەکان باش دەزانن کە تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە توانیویەتی بەرگری لە کوردستان و بەتایبەت لە کەرکووک بکات لە بەغدا، ئەوەش لە ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی ھەبووە، ھەر پارتییشە دەتوانێ بەرگری لە تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات. دەشڵێ: کەرکووک بۆ پارتی گرنگی تایبەتی ھەیە، ھەر لە سەردەمی بارزانیی نەمرەوە تا ئێستا، ھەروەھا ھەر کاتێک کەرکووک پێویستی بە سەرۆک بارزانی بووە، ئامادە بووە.
شاھۆ نەجم کەرکووکی، بەربژێری ژمارە ٢ لەسەر لیستی ٢٧٥ـی پارتی لە بازنەی کەرکووک بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ ھێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر کەرکووک، سەرۆک بارزانی خۆی لەوێ ئامادە بوو و سەرپەرشتیی دەکرد و ھێزێکی زۆری پێشمەرگەی لە کەرکووک جێگیر کرد، جەختیشی کردەوە، تاوەکو دەستوور جێبەجێ نەکرێت ئەوەی ئێستا ھەیە فەرزکردنێکی تاڵ و ڕاستییە بەسەر کەرکووکدا، لە ڕابردوو و ئێستاش ھاووڵاتییانی ئەم شارە تەنیا باوەڕیان بە سەرۆک بارزانی و پارتی ھەبووە، کە بتوانێت گۆڕانکاریی لەم دۆخە بکات.
بەربژێری ژمارە ٢ لەسەر لیستی ٢٧٥ـی پارتی لە بازنەی کەرکووک بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە، ئاڵای کوردستانمان لە کەرکووک ھەڵدا، ئەو کات ئاڵای کوردستانمان ھەڵدا، پارێزگاری ئێستای کەرکووک ھەر لەو شارە نەبوو، ئەو دەستکەوتانەی بۆ کەرکووک بەدەستمان ھێناون بە پشتگیریی سەرکردایەتیی پارتی کراوە، ڕۆژانە ھاووڵاتییانی کەرکووک بە ئێمە دەڵێن، لەگەڵ گەڕانەوەی ئێوە گۆڕانکاریی لەو شارە ڕووی داوە.
شاھۆ نەجم کەرکووکی، بەربژێری ژمارە ٢ لەسەر لیستی ٢٧٥ـی پارتی لە بازنەی کەرکووک، ھەروەھا باسی لەوە کرد، ئەوەی پێویست بێت بۆ کوردستان و خەڵک، بە شانازییەوە شەڕی بۆ دەکەین و ئەنجامی دەدەین، بە شایەدیی ھەموو خەڵک، بە دۆست و نەیارانیشەوە، پێیانوایە تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت پارێزگاری لە کوردستانیبوونی کەرکووک بکات، ھەر تەنیا پارتییە ڕێگر بووە لە تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە، چونکە بینیمان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر چۆن خەڵکی تر ئەم شارەیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و ھێزە شۆڤێنییەکان کرد، خەڵکی کەرکووک ھەرگیز ئەمەی لەبیر ناچێت.
بەربژێری ژمارە ٢ لەسەر لیستی ٢٧٥ـی پارتی لە بازنەی کەرکووک بۆ ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: ئامانجی من لە چوونم بۆ بەغدا بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە بۆ شاری کەرکووکی خۆشەویست و باشترکردنی دۆخی پەروەردە و فێرکردنە لە قوتابخانە کوردییەکان و زانکۆکانی کەرکووک، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە زمانی کوردی لەم شارە کوردی و کوردستانییەدا، بۆیە وەکو بەربژێرێک داوا لە خەڵکی کەرکووکی خۆشەویست دەکەم، بۆ ئەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک پارێزراو بێت و کۆتایی بە سیاسەتی شۆڤێنی و تەعریب لە شارەکە بھێنرێت، لە ڕۆژی ١١ی ١١ ھەموو بەیەکەوە بڕۆن بەشداریی لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا بکەن و بە گوڕوتینەوە دەنگ و متمانە بدەن بە لیستی ٢٧٥ی پارتی، کە بەرگری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات.

