ڕائیب جادر – هەولێر
لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەدەبات، جەماوەر و خەڵکیش گەواھی بۆ ئەو بانگەشە ئارامەی پارتی دەدەن، ڕۆژی ١١ی مانگ کوردستانیان پێکەوە لیستی ٢٧٥ی پارتی سەردەخەن و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ تۆمار دەکەن، ئەوەش وا دەکات داھاتووی کوردستان گەشتر بێت و ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر بێت.
دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان سازان، ھاوسەنگی و ھاوبەشییە بۆ خولی داھاتووی پەرلەمان، کە خولی شەشەمە، کارنامەیەکی تێروتەسەڵ و دەوڵەمەندە، ھەموو مافە دەستووریی و یاساکانی خەڵکی کوردستان لە خۆ دەگرێت و خاڵ بە خاڵی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە.
مەجید ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: وەکو کوردستانییەک دەنگ بەو حزبە سیاسییە دەدەین کە بەرگری لە کەرامەت و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکات، دەنگ بەو حزبە دەدەین کە جێگەی متمانەیە و خاکی وڵات و گەلەکەی خۆی ھەرزان فرۆش ناکات، بۆیە ئەگەر بمانەوێت بە شکۆمەندی و سەربەرزی بژین پێویستە دەنگ بە لیستی پارتی بدەین تاکو کوردستان ھەمیشە بەرەو ئاوەدانی زیاتر بچێت.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی لە ھەموو قۆناغەکاندا پێشەنگ بووە و ھەرگیز ئامادە نەبووە سازش لەسەر بستێک خاکی کوردستان بکات، بۆیە داوا لە کوردستانیان دەکەم دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدەن، بۆ ئەوەی دواڕۆژێکی ئاوەدانتر و پارێزراوتر و سەرکەوتوو تریان ھەبێت.
حامد حەیدەر، قوتابی زانکۆی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پارتی ئێستا بووەتە حزبی ئومێد و ھیوا بۆ قوتابییان و لاوان، ھیچ حزبێک بەقەد پارتی قوتابی و گەنجی لێ کۆنەبووەتەوە، ھەمووشیان نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیرن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پارتی گەورەترە و بەھێزترین حزبە لە ئاستی پشتیوانی لە لایەن قوتابی و گەنجان، بۆیە ئەم جارە ھۆکاری سەرکەوتنی پارتی و دەنگی زۆری پارتی، قوتابی و گەنجان دەبن.
عەلی ئیسماعیل، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پارتی ئەو حزبەیە ھەمیشە لە ھەوڵی پاراستن و بەرگریکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستاندایە و سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکات، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەھێز بێت، پێویستە پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، چونکە ئەو بەرگرییەی پارتی دەیکات ھیچ لایەنێک نەیکردووە و ناشیکات، ڕابردوو شاھێدە کە پارتی چۆن لە بەغدا بەرگری کردووە، بۆیە داواکارم کوردستانیان ١١/١١ بکەنە کەرنەڤاڵێک بۆ سەرکەوتنێکی گەورە بۆ لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
نیھاد میرۆ، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” درکاندی، پارتی سەلماندوویەتی کە پارتێکی پڕ لە ئیرادە و بڕیارە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکان، پارتی بە کردار و قوربانیدان، ئاوەدانی و پێشکەوتنی بۆ کوردستان ھێناوە، پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییە گەورەکان لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان، باشترین بەڵگەن بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی ئەم پارتە لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، ھەر بۆیە لە ڕێگەی ئەو ڕۆژنامەیەوە داوا لە ھەموو دەنگدەران دەکەین دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، چونکە تاکە لیستە دەتوانێت ئاواتەکانمان بەدیبێنێت.
ڕەشاد خدر، چالاکوانی بواری مەدەنی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاماژەی بەوەکرد: پارتی بەردەوام کێشەکانی کوردستانیانی چارە کردووە، تەسلیمی داواکارییەکانی عێراق نەبووە کە دەیانویست لە پەنای ئەو داواکارییانەوە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل بکەن، ھەروەھا پارتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستکەوتی زۆر گەورەی بەدەستھێناوە و دۆزی کوردی بە جیھان ناساندووە، کوردستانیان ڕۆژانە بە چاوی خۆیان دەستکەوتەکانی پارتی دەبینن، حزبەکانی دیکە جگە لە ڕێگریکردن لە پڕۆژەکانی پارتی، چییان بۆ خەڵک کردووە، بۆیە ئەرکی ھەموومانە پارتی بکەینە نوێنەری خۆمان لە بەغدا، بۆ ئەوەی ببێتە بەرگریکار لە مافی ئێمە و ھەموو گەلانی عێراق.

