سلێمان تاشان – ههولێر
ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ڕێگاوبان بە تایبەتی ڕێگە سەرەکییە بازرگانییەکان بە گرنگترین فاکتەری گەشەی ئابووریی وڵاتان هەژمار دەکرێت. دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران یەکێک بووە لەو دەروازە گرنگە بازرگانییانەی کە چەند ساڵێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتری پێ داوە و ڕۆڵی دەروازەکە لە بازرگانی زۆر بەرجەستەتر بووە.
دەروازەی حاجی ئۆمەران بە سەرەکیترین دەروازەی بازرگانیی نێوان پارێزگای هەولێر و ئێران هەژمار دەکرێت و هەولێر لە ڕێی ئەو دەروازەیەوە بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەند و باکوری ئێران گرێ دراوە.
هەر یەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پارێزگای هەولێر و ورمێ لە ساڵانی ڕابردوودا پێوەندییە بازرگانییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و هەر دوو لایەن پێیان وایە بۆ پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی پێویستە هەر دوو وڵات لای خۆیان هەنگاو بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە و ڕێگاوبان بنێن.
هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە چەندین هەنگاو لەپێشە و سیمایەکی شارستانی بە دەروازەکە بەخشیوە. رۆژی دووشەممە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمهرانی کردەوە کە پڕۆژەیەکی گرنگە لە بەستنەوەی دەروازەکە بە حاجی ئۆمەران و پێشتر تەسکیی شەقامەکە هۆکار بوو لە سستکردنی جووڵەی بازرگانی و زۆر جار لە وەرزی زستان جەنجاڵی لە جادەکە دروست دەبوو بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی بارهەڵگرەی هاتوچۆیان تێدا دەکرد .
پڕۆژەکە، جیا لە ئاسانکاریی لە بەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان، ڕاستەوخۆ لە خزمەتی جووڵەی بازرگانیدایە و ئەوەندە پتەو دروست کراوە کە بەشی نیو سەدەی تر دەکات. درێژییەکەی دوو هەزار و پێنجسەد مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەترە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاوی خواردنەوە، تۆڕی ڕووناککردنەوەی ڕێگا، هێڵکاری و نیشانەکانی هاتوچۆ لەگەڵ شوێنی تایبەت بە وەستاندنی ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت.
لە دەروازەکە دەیان جۆر کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بەشێک لەو کاڵایانەش بۆ ناوچەکانی تری عێراق دەگوازرێنەوە و بەشێکیش وەک ترانزێت بۆ وڵاتانی تر هەناردە دەکرێت هەرچەندە وەک ترانزێت لە وڵاتانی تریشەوە کاڵا و شتومەکی پێ دەگات. پێداویستییەکانی بیناسازی وەک کاشی و سیرامیک، خۆڵی کانزایی، ئاسنەوێڵە و پارچەی پۆڵا، میوە و بەرهەمی کشتوکاڵی لە گرنگترین ئەو کاڵا و بەرهەمانەن لە دەروازەکەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران تەنیا لەرووی ئالوگۆڕی بازرگانی گەشەی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵکوو لەڕووی گەشتیاریش پەرەی سەندووە و فراوانکردنی شەقامەکانی یارمەتیی زیاتری گەشەپێدانی هەر دو کەرتی و بازرگانی و گەشوگوزار دەدات.
پێویستە بگوترێ ساڵی ٢٠٠٧ دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ یەکەم جار کرایە نێودەوڵەتیی و لەو کاتەوە ڕۆڵی زۆر گرنگی لە گەشەی ئابووری و گواستنەوەی بازرگانی هەبووە.
بەدەر لەم پڕۆژەیەی تازە کراوەتەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی تری پێوەندیدار بە پەرەپێدانی دەروازەکە لە قۆناغی تەندەرینگدان و بەگوێرەی ڕاگەیاندنی دەروازەکە بەشێک لەو پڕۆژانەی پێوەندیدار بە ماستەرپلانی دەروازەکە بریتین لە بەشی پشکنین و خەمڵاندنی گومرگ، وەرگرتنی نموونەی کەرەنتینەکان، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی حاجی ئۆمەران، باڵەخانەی بانکی هەلگورد، دروستکردنی جادەی فریاگوزاری چوار دەوری دەروازە، فراوانکردنی زەوییە نوێیەکانی دەروازە و دروستکردنی گۆرەپانێکی نوێی بارهەڵگرەکانی گومرگ و چەندین پڕۆژەی دیکە کە بە جێبەجێکردنیان دەروازەکە چەندین هەنگاوی تر بەرەو پێش دەچێت.
بەگشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە لە هەولێرەوە تا حاجی ئۆمەران بە جووتساید بکات کە ساڵانە بەشێک جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوودا ئەو ڕێگایەی بە ڕێگای هاملتۆن ناسراوە دەبێت بە ڕێگایەکی سەرەکی گرێدانی هەرێمی کوردستان بە ئێران و قەوقاز و لێرەشەوە ئەو ناوچەیە بە تورکیا و سووریا و ناوچەکانی تری عێراق گرێ دەدات و دەبێتە ڕێگایەکی سەرەکی و ستراتیجیی بازرگانی و گەشتیاری.

