رۆژنامەی ھەولێر

بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە

فازڵ میرانی
8
خوشك و براكانم..
دەنگی ئێوە شۆڕش و سامانێك لە بۆچوون و بڕیارە، گوتم: سامان و شۆڕش.!
لەگەڵ ئێمە، دەنگتان شۆڕشێکە لەدژی ساڵانێکی دوورودرێژی چەواشەکاری و پەراوێزخستن و خزمخزمێنە.
دەنگی ئێوە، بۆ لێپرسینەوە دەبێتە هێز لە تەرازووی یاسادا، هەروەها هێزێکیش دەبێت بۆ پەرلەمان تا کەلێنەکانی فڕوفێڵ و چەواشەكاری و خۆدزینەوە لە یاسا، دابخات.
دەنگی ئێوە، ئەو گوێیانە دەیبیستنەوە، کە نایانەوێت گوێبیستی هەڵەکانیان بن، هەموو دامەزراوەکان بۆ خزمەتكردنی میللەتن، لەگەڵمان وەرن با پێکەوە کۆتایی بەم زەلیلییە بهێنین.
نابێت چیتر ڕێگە بدەین ترس بەسەر بڕیارەکانماندا زاڵ بێت، با متمانە بەخۆبوون بگەڕێنینەوە بۆ خۆمان و نەوە لە دوای نەوەی لەسەر پەروەردە بکەین.
قبوڵی مەكەن بەوەی ناچارتان بکەن واز لە مافی دەنگدانتان بهێنن، نە بە دەنگنەدان، نە بە پێدانی دەنگتان بەو کەسانەی کە:
• خۆیان دەوڵەمەند کرد و ئێوەیان هەژار خست.
• خۆیان فێربوون و ئێوەیان لە نەزانیدا هێشتەوە.
• خۆیان سەلامەت بوون و ئێوەیان بەکوشتندا.
هەمیشە ئەم پرسیارانە بخەنە بەرچاوی خۆتان:
دوای ئەم هەموو ساڵە، ئێمە چیمان لەدەستدا و ئەوان چییان دەستکەوت؟ ئایا دۆڕاندنمان هەر لەبەر ئەوان نەبوو؟! ئایا بردنەوەی ئەوانیش هەر بە حەرام و بەهۆی ترساندنی ئێمەوە نەبوو؟!
چیتر شەرعییەت مەدەن بە مانەوەی ئەم ستەمکارییە.
دەنگتان ئەم هەورە ڕەشە لادەبات و وڵاتەکەمان دەخاتەوە سەر ڕێڕەوێکی دروست و ڕوونترین ئامانج.