رۆژنامەی ھەولێر

بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە

فازڵ میرانی
(7)
ڕێکخستنەوە یان ئاژاوەنانەوەی بە ئەنقەست ؟
خوشك و براكانم. هاودەنگیتان لەگەڵ ئێمەدا، واتا پتەوكردنی بنەماكانی پەیوەندی نێوان حوكمڕانی و گەل، ڕێكخستنێكی دەستووری و یاسایی ڕاستەقینە، نەوەكو تەنیا چەند بڕگەیەكی سەر كاغەز و ڕەفەكان، كە تۆزیان لێ نیشتبێت و ئەوانەی سوودمەندی ئەم ئاژاوە دەستكردەن، نەیانەوێت بیسڕنەوە.
هاودەنگیتان لەگەڵ ئێمە و دەنگدان بە ئێمە، واتا دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە ئاستی ژیان بەرز دەکەنەوە، چونکە ئێمە بە بە زانیاری ورد و قەڵەم و كاغەز، لە سەرتاسەری عیراق حیساب بۆ پێداویستییەکانی خەڵکەکەمان دەکەین، هیچ شتێكێش ڕێگریمان لێ ناكات، تەنیا ئەوانە نەبێت، کە شەرعییەت بە ئاژاوەگێڕیی دەدەن.
ئێوە شایستەی هاووڵاتیبوونێکن، كە دەستكەوتەكانی بە پێوەرە دەستوورییەكان مسۆگەر کرابێت، نەک هاووڵاتیبوونێک، کە بۆ وەرگرتنی مافەکانت پێویستت بە واستەكاری بێت.
دیموکراسی واتا دەستکەوتەكانی ژیانێك، کە زامنی بنبڕکردنی هەژاری و دواکەوتوویی و تاوان و توندوتیژی بکات.
نیشتیمان هی ئێمەیە، نیشتیمان هی ئەو کەسانە نییە کە بە پێشێلکردن و تێكشكاندنی یاسا و تاڵانکردنی خێروبێر و بێدەنگبوون لە ئاست بەفیڕۆدانی ژیانی خەڵک، دەستکەوتەکانی خۆیان دەسەپێنن.
دیموکراسی واتا سەروەری، توانای هێزی یاسایی و هاوتایی لە گەیشتن بە چارەسەری دۆسیەكانی ژیانی گەلانی وڵاتەكەمان، کە بەدەست بە بیابانبوون و برسیەتی و بێبەشبوون و ڕاوەدوونانێكی ستەمکارانەوە دەناڵێنێت.
دەنگتان لەگەڵ ئێمەدا، واتە ژیانێکی باشتر.