شیڤان شێرزاد – هەولێر
ئۆرکێسترای کوردستان TV لە دوا پڕۆژەی هونەری خۆیدا بەرهەمێکی ناوازەی بە چاودێری بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی و مایسترۆی ناسراوی کورد “سەید ئەحمەد ڕەواندوزی” و بەشداری هەریەک لە هونەرمەندان “سەعدون کاکەیی” و “شاناز زاهیر” و دەستەیەک لە میوزیسیانە پەنجە زێڕینەکانی کورد تێیدا بەشدارن.
لە بەرهەمە هونەرییەکەدا، کە پشتیوانییە لە هێزێکی خاوەن دەستکەوت و کۆڵنه دەر لە پەڕاوی مێژوویی خەباتی نەتەوەی کورددا، کە خاوەن ڕێبازێکی پیرۆز و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز و هەڵگری چه مکی سەربەخۆیی گەلەکەیەتی هونەرمەندان بەدەنگی بەرزەوە دەڵێن: ئەو ڕێگەیە بژاردەیە و ئارامی و هێز ئیرادەیە، پەیمان بە مەزاری بارزان، سەربەخۆییە باوەڕمان.
لە بەشێکی دیکەی بەرهەمەکەدا هونەرمەند “سەعدون کاکەیی” بەدەنگە زوڵاڵەکەیەوە هاوار دەکات، لە شیرینەوە هاوارێک دێت، مزگێنی ڕۆژێکی نوێ، شێخی قافڵەی شەهیدانم، داربەڕووی خۆڕاگریتانم، بەشیر و تیری جاهیلان، لە بارزانەوە تا گەرمیان، بەپێوەم و چۆکدا نادەم، حوکمە ئەو خاکە بەرنادەم، لە مەهاباد تاکوو ئاراس، شەکاوەیە ئاڵای مراز.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمەی ئۆرکێسترای کوردستان پشتیوانییە لە لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕش و بەرخۆدانی بێوچانی ئەو هێزە و بە دەنگ و ئاوازی ڕەسەن کار بۆ سەرخستنی لیستەکە دەکەن و ئێستاش ئەو بەرهەمە بەشێوەیەکی فراوان لە پلاتفۆرمەکانی کوردستان تیڤی بڵاوبووەتەوە و تا ئێستاش خاوەن زۆرترین بینەرە.

