رۆژنامەی ھەولێر

حەمید عوسمان گۆرانییەک بۆ کوردستان دەڵێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی گۆرانیبێژ “حەمید عوسمان” بێدەنگیی شکاند و بە بەرهەمێکی نیشتمانییەوە لە نێو سروشت و شاخە سەربەرزەکانی کوردستاندا گەڕایەوە.
گۆرانییەکەی بە ناوی (لێرە ناڕۆین)ـە و تێکستی شاعیرانی گەل (شێرکۆ بێکەس) و (هەڵۆ شێرکۆ بێکەس)ـە و، باس لە خۆشەویستیی نیشتمانێک دەکات، کە وەک باڵندەیەک لە ڕۆژهەڵاتەوە فڕیوە و پێناسەی باکووریان بە باڵایاندا هەڵگرتووە و زامێکی کوردستانین و ئەو خوێنەی لێمان دێتە دەر، چیرۆکێکی باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە.
هونەرمەند “حەمید عوسمان” لەو بەرهەمەدا پەیامی یەکڕیزی و یەکگرتووییی چوار پارچەی کوردستانی کردووەتە هەوێنی بەرهەمە هونەرییەکەی و دەیەوێت بە گەنجانی خوێنگەرمی ئەو نیشتمانە بڵێت، خاک و نیشتمان و ئاڵاکەتان خۆش بوێت و لە پێناو هیچ ڕەنگێکدا پەیامی ڕق و کینە بڵاو مەکەنەوە، هەروەها شاعیر لە نووسینی دێڕە شیعرییەکەیدا مێژوویی قوربانیدانی پارچەکانی کوردستانی بە چەند دێڕێک دەربڕیوە و نەخشەی بۆ وڵاتی سەربەخۆیی کوردستان داناوە. ئەو گۆرانییە بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ و بە جلی ڕەنگاوەڕەنگی کوردییەوە وێنە گیراوە و ئێستا لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە بڵاو کراوەتەوە.