شێرکۆ حەبیب
ساڵانە جارێک یا دووجار سەردانی کوردستان دەکەم و وا ڕێکدەکەوێت شەوان دەگەمەوە ئاسمانی هەولێری پایتەخت، دوا گەڕانەوەم لە کوردستان ساڵی پار مانگی ١٢ بوو، بە شەو گەشتەکەم بەرەو وڵاتی میسر کرد، کاتێک لە فڕۆکەوە ڕوانیمە شاری هەولێر ڕووناکی بەدی دەکرا، بەڵام راستگۆ بم تاریکی زیاتر بوو، زۆر دڵگران دەبووم کە هەموو جار ئەو دیمەنەم دەبینی، دەمگوت دەبێ پایتەختی ئێمەش وەک پایتەختی وڵاتانی پێشکەوتوو شەو و ڕۆژی وەک یەک ڕووناک بێت!
جارێکیان وابزانم ساڵی ٢٠٠١ بوو بەسەردان هاتمەوە کوردستان دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩١ دوای ئاوارەیی لە ساڵی ١٩٨٦، جارێکی دیکە هاتبوومەوە، بەڵام لە ٢٠٠١ کوڕە بچووکەکەم لەگەڵ بوو کە لە لەندەن لە دایکبووە، شەوانە کاتژمێر ١٢ کارەبای مووەلیدە دەکوژایەوە کە بۆ چەند سەعاتێک بوو، بۆ ئەو دوو هەفتە کوڕەکەم لێڕاهاتبوو، لە کاتی گەڕانەوە بۆ لەندەن دوو شەو لە ئەستەمبوڵ ماینەوە شەوی یەکەم لە هوتێل کوڕەکەم پێش کاتژمێری ١٢ نیوە شەو هەر سەیری کاتژمێری دەکرد، گوتی ١٠ خولەک ماوە نەمزانی مەبەستی چییە، بەڵام کە کاتژمێر بوو بە ١٢ گوتی کارەبا نەکوژایەوە، منیش سەیرم پێهات، گوتی ئەی لە هەولێر کاتژمێر ١٢ ناکوژێتەوە لێرەش وانییە، وایزانی لەو وڵاتانە هەموو یەک شێوەیە، بۆم باسکرد کە هۆکاری چییە کوردستان بارودۆخەکەی وەهایە.
مەبەستم لەم باسە ئەوە بوو لەو یەک دوو ڕۆژە لە قاهیرە گەڕامەوە هەولێر و کاتژمێر ٧ی ئێوارە لە ئاسمانەوە هەولێرم بینی یەک پارچە چرا و ڕووناکی بەدەگمەن تروسکەی تاریکی دەبینرا، هەر لە قەزای خەبات، زۆر دڵخۆشبووم کە بینیم پایتەختەکەم وەک پایتەختی وڵاتانی جیهان یەک پارچە لە ڕووناکییە، ئەو ساڵانەم هاتەوە یاد کە یەک کاتژمێر کارەبا هەبوو، لە ڕاستیدا ئەو دیمەنەی ئەم دوا سەردانەم بینی لە ئاسمانی هەولێر زۆر شادمانی کردم کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەوڵەکانی چر کردەوە بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان و بەڵێنەکانی جێبەجێکرد و کوردستانی ئاوەدان و ڕووناک کردەوە.
لەڕاستیدا هەر ئەو شێوازە کار و خزمەتکردنەی میللەتیان لێ چاوەڕوان دەکرێت، دەست خۆشی بۆ ئەوانەی کوردستانیان بەرەو وەرچەرخان برد هەنگاو بە هەنگاو لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکوومەت، سەرۆکی حکوومەت سەرجەم ئەم کارە خزمەتگوزارییانە بەئەرکی خۆی دەزانێ کە میللەتەکەی بە شایستە بژیەت و سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین بکات، لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و قەیرانانە، بەڵام ئەوەی کابینەی نۆیەم کردی لەگەڵ بوونی داعش و کۆرۆنا و گرفتەکان لە گەڵ بەغدا و تەنانەت ناوخۆی هەرێمیش، جێگای لێڕامان و سەرنج و بیرکردنەوەیە لە ماندوو بوون و شەونخوونی و دڵسۆزی.
وەنەبێ ئەوە منەتێک بێت بەسەر هاووڵاتیان، بەڵکو خزمەتکردنی میللەت لە رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و رێنمایی و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی سەرچاوە وەردەگرێت، کە هەڵقوڵاوی هەست کردن بە پێداویستی هاووڵاتیان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و سەرفرازە.
گرنگە هاووڵاتی بەژیری و ویژدانەوە بیر بکاتەوە کە خزمەتکردنی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بە کێ هەیە و سندوقەکانی دەنگدان بە چ لیستێک پڕ بکەن، کە بێگومان لیستی ٢٧٥ ی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەمخۆرانی کوردستانە.

