رۆژنامەی ھەولێر

حەوت لایەنی تورکمانی پشتیوانیی خۆیان بۆ لیستی ٢٧٥ ـی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند

لە بەیاننەمەیەکدا ژمارەیەک لە لایەنە تورکمانییەکان بڕیاریان داوە بۆ پاراستنی ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بە دەنگدان بە لیستی ژمارە 275 ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری بکەن.

لە بەیاننامەیەکدا کە حەوت لایەنی سیاسیی تورکمانی ناویان تێیدا هاتووە، ڕایانگەیاند، بڕیاریان داوە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پشتیوانی لیستی ژمارە 275 ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، کە بڕیارە لە 11 ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “هەرێمی کوردستان هەمیشە جێگای برایەتی و تەبایی بووە، خەڵکی کوردستان دوور لە ڕق و جیاکاری لە چوارچێوەی گیانی لێبوردەیی و شارستانییەت و فەرهەنگێک بە هاوبەشیان پاراستووە. کە ئەوەش ڕەنگی داوەتەوە لەسەر ژیانی سیاسی و حوکمرانی و مافی نەتەوەیی و سیاسیی پێکهاتەکان زامن کراوە”.

ڕوونیش کراوەتەوە، ئەم یەکگرتنە بە تایبەتی ئەنجامی هاوپەیمانی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکان بووە. بە تایبەتی لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژووییەی پێکهاتەی تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوام پاڵپشتی و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی لە ماف و داواکارییەکانی تورکمان.

ئەو لایەنانە بڕیاریان داوە کە لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراقدا، بە دەنگدان بە لیستی ژمارە (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری بکەن. هەروەها داوا لە پێکهاتەی تورکمان دەکەن دەنگ بەم لیستە بدەن بۆ ئەوەی “ئەم هێزە نیشتمانییە تێکۆشەرە بە بەرگری لە ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەکان بکات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو هەرێم بکات”.

ئەو لایەنانەی کە یەکیان گرتووە، بریتین لە:

• پارتی گەشەپێدانی تورکمان
• پارتی دیموکراتی تورکمان
• بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی
• پارتی ڕزگاری نەتەوەیی تورکمانی
• کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی تورکمانی
• کۆمەڵەی لیبراڵی تورکمانی
• پارتی گەزەنگی تورکمانی کەرکووک