دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/10/2025 لە شاری دهۆك، سەرۆك بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و ڕیش سپییەکانی دهۆك و سێمێل کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بە یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 کرد و دووپاتی کردەوە کە پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا هەر یەکەم بووە. جەختیشی كردەوە كە بابەتی هەڵبژاردن و دەنگی گەل بە نسبەت پارتی بابەتێكی مەبدەئییە و پارتی باوەڕی بە دەنگی خەڵك هەیە.
سەرۆك بارزانی باسیشی لە عێراقی دوای 2003 کرد و ڕایگەیاند: عێراقی نوێ لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دامەزراوە، بەڵام ئەم بنەمایانە جێبەجێ نەکران و دەستوور پێشێل کرا، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا ئەو کێشانەی هەن ڕوویان نەدەدا. سەرۆك بارزانی هەروەها جەختی کردەوە کە نابێت عێراق بە ناوی زۆرینە بە دەستی هیچ لایەنێكەوە بێت، دەبێت عێراق بۆ هەموومان بێت و هەر کەس پێگە و مافی خۆی لەو وڵاتەدا هەبێت.
هەر لەو وتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە لێبووردەیی و ڕەوشتی بەرز و مرۆڤدۆستیی خەڵكی کوردستان کرد و ئەوەی بە بیر ئامادەبووان هێنایەوە کە دوای ئەو هەموو ستەم و جینۆسایدەی بەرامبەر خەڵكی کوردستان کرا، بەڵام لە کاتی ڕاپەڕینی 1991 خەڵکی کوردستان ئەوپەڕی ڕەوشتبەرزی و لێبووردەییان نیشان دا، لە کاتێكدا کە دوو فەیلەقی سوپای عێراقی کەوتبوونە دەستی خەڵك، بەڵام هیچ سەربازێكی عێراقی نەکوژرا و ئازار نەدرا، بە پێچەوانەوە خزمەتیان کرا و ڕەوانەی ناوچەکانی خۆیان کرانەوە، هەروەها ئازادیش بوون لەوەی کە دەمێننەوە یان دەڕۆن، ئەمەش شانازییەکی خەڵكی کوردستانە بۆ هەموو جیهانیش دەرکەوت کە ئێمە میلـلەتێكی مەدەنی و ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست و زیندووین.
سەرۆك بازرانی هەروەها جەختی لە گرنگی یەكبوون و یەكڕیزی کردەوە و ڕایگەیاند: ئەگەر ئێمە یەكگرتوو و یەكڕیز و تەبا بین هیچ هێزێك دەرەقەتی ئێمە نایەت، ئەو کێشانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی ئێمە دەبنەوە هەمووی دەرئەنجامی نەبوونی یەكڕیزییە.
لە بەشێكی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆك بارزانی باسی لە قۆناغەکانی جینۆسایدکردنی خەڵكی کوردستان لە لایەن ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق کرد لە سەدەی ڕابردوو کە بە ئەنفالکردنی فەیلییەکان دەستی پێ کرد و دواتریش ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ساڵی 1983، پاشانیش ئەنفالی سەرتاسەری لە کوردستان لە ساڵی 1988، هەروەها قۆناغەکانی کیمیابارانکردنی کوردستان لە ساڵی 1987 تا ساڵی 1988 کە گەورەترین تاوان کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو، هەروەها جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکانی لە ساڵی 2014 لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعش باس کرد و گوتی “سەرباری هەموو ئەمانە گەلی کوردستان ئاشتیخوازە و بەرگەی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی گرتووە، کەچی هێشتاش هەر دژی شەڕ و توندوتیژییە و هەمیشە حەزی لە ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانە بە ڕێگەی ئاشتیانە، بەڵام ئەگەر شەڕمان پێ بفرۆشن هەرگیز ئێمە ستەم و سەرشۆڕی قبووڵ ناکەین و تەسلیمی زاڵم و دیکتاتۆر نابین.
لە بارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ئەو عەقڵییەتەی بەرامبەر کوردستان هەیە، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند: بەداخەوە هێشتا عەقڵیەتی زوڵمکردن لە خەڵكی کوردستان لەلایەن بەغدا ماوە و لەسەر سیاسەتی خۆیان بەردەوامن و ئێستاس بە ناوی مووچەبڕین هەمان سیاسەت پەیڕەوە دەکەن کە لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند “دڵنیاتان دەکەینەوە كە کەس ناتوانێت نە بە مووچە و نەبە هیچ شتێكی تر ئیرادەی ئێمە بشکێنێت و خۆی لەسەر ئێمە فەرز بکات.
لە بەشێكی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان لە کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە ئەو فەرهەنگە بپارێزین و نابێت ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر پێکەوەژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت.
سەرۆك بارزانی هەروەها باسی لەو شەڕە دەروونی و کۆمەڵایەتییە و شەڕی ماددەی هۆشبەر کرد کە لەگەڵ خەڵكی کوردستان دەکرێت و هەوڵدەدرێت سۆز و ئینتمای تاکی کوردستانی نەهێڵدرێت كە دەبێت ڕێگری لەمە بکرێت.
سەرۆك بارزانی جەختی لە پێویستی بەرنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و مەترسییەکانی کردەوە و ڕایگەیاند “ماددەی هۆشبەر بابەتێكی زۆر مەترسیدارە و بە بەرنامە داڕێژراو کار بۆ بڵاوبوونەوەی دەکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردستانی هەڵتەکێنن، بۆیە دەبێت بە وردی و بە تووندی ڕێگری لەو مەترسییە بکەین”.
سەرۆك بارزانی هەر لەو وتارەیدا بۆ ئامادەبووان باسی لە دەستکەوت و پرۆژە ستراتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد کە حکوومەتی هەرێم کاریان لەسەر دەکات و گرنگی زۆریان بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان و خەڵکەکەی هەیە، سەرۆك بارزانی دووپاتی کردەوە كە “دەبێت لە ڕێگەی بنیادنانی ژێرخان و پرۆژە ستراتیژییەکان پشت بە خۆمان ببەستین”.
سەرۆك بارزانی گوتیشی “وڵات و خاکێكی دۆڵەمەندمان هەیە، بەدیلی بەهێزتر لە نەوت هەیە کە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازییە”. باسیشی لە گرنگی و پێویستیی پاراستنی ئاو و دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کرد کە سوودی زۆریان بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی گلدانەوە و پاراستنی ئاو بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە

