رۆژنامەی ھەولێر

کە ئیشق سووتا

عەباس داودی

 

گەڕیدەم و
لە گشت لایەک بۆت عەوداڵ
راست و چەپم پرسی
نەتبوو دەنگێک، رەنگێک
لە کوێندەر کەنارگیر بووی
رۆژانێکە دیسان ون. ونی
بێ هەواڵ
بینایی لە حەژمەتدا کاو دەکات
پۆستەی دڵم خاڵی، خاڵییە
لە نامەیەکی تۆ، تەڕ
بۆنی مێخەک و ئاونگی لێ بێت
روخساری وشکهەڵاتوو تەڕ بکات
ئەمە دابڕانی سۆزی ئیشقە
مەوداکان لێک جیا دەکاتەوە
چاوەڕوانم بێیت و
لە کازێوەدا شنەیەک بیت
خۆرێکی نوێ هەڵبێت
ترووسکەی دەشت و کێو
رووناک بکاتەوە
هەناسەی تاساو بژێنێتەوە
کۆلیتە رزیوەکەم پڕ لە نسێیە
پێم ناڵێی قەدەر
چۆن بەرگە بگرم..؟
وەختە سوێم دەبێتەوە
***
داخەکەم ئەمێستا
ئیشق بۆتە قەقنەس
دەسووتێ و زیندوو دەبێتەوە
گاڵتە جاڕی هەرزەکار، کاڵفامان
بۆ وایلێهات ئەم دونیایەمان
ئارەزوومان بوو
تۆوێک بڕوێنین
درەختێک بچێنین
بڵند و قەشەنگ
تەژی لە میوەو سیپە
منداڵە وردکە و چەمووشان
تا توانییان بەردیان تێگرت
بەرەکانیان رنییەوە
گۆنا بریندار
روح شەڵاڵی ئازاری خۆی بۆتەوە
وەرە و بوێر بە
بۆ ساتێکیش بێت لێکبئاڵێین
شەو تا بەیانی
مەست . مەست
لە نێو شەرابی ئیشقا سەما بکەین
خەمەکان بە (با) بسپێرین
لێوی یەکتر بمژین
تاوەکو لێکتردا دەتوێینەوە