ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم داری لە پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاند.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە نەک هەر بۆ ئێستا، بەڵکوو بۆ نەوەکانی داهاتووش گرنگییەکی مێژوویی هەیە. بە تایبەتیش باسی لە چاندنی داری زەیتوون کرد و ڕایگەیاند: “گەڕانەوەی داری زەیتوون بۆ ئەم شوێنانە، کە سەرچاوە مێژووییەکەیەتی، مانایەکی گەورەی هەیە.”
سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، ئەم پشتێنە سەوزە وەک “بازنەیەک بە دەوری شاری هەولێردا”، دەبێتە هۆی دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروستتر و هەوایەکی پاکتر بۆ هاووڵاتییان.
مەسرور بارزانی بە هێنانەوەی بەیتە شیعرێکی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی کە دەڵێت “گوڵ بە باران شین دەبێت، نەک بە هەورەبرووسکە،” ڕایگەیاند: “ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ، بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.”
ناوبراو سوپاسی تیمە یۆنانییەکان و کەرتی تایبەتی کرد کە هاوکاربوون لەم پڕۆژەیەدا و جەختی کردەوە کە کاروانی ئاوەدانی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، گەشتوگوزار و ژینگەپارێزی بەردەوامیی دەبێت.
سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەەقەکەیەتی:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان. بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن. بەختەوەرم لەگەڵتانم لەم ڕۆژە گرنگ و مێژووییە، کە بەڕاستی بۆ نەوەی داهاتوو زۆر زۆر گرنگە و بۆ ئێستای کوردستان و ئاوەدانیی ئەمڕۆی کوردستانیش زۆر گرنگە.
مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی دەفەرمێ: “گوڵ لەبەر باران شین دەبێت، نەک بە دەنگی هەورەبرووسکە.” ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ، بەردەوام دەبین لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.
جێی خۆیەتی من سوپاسی دۆست و پسپۆڕانی یۆنانی بکەم کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن، وەک نوێنەرانی حکوومەت و ئەو بەڕێز و پسپۆڕانەی کە ئامادە بوون یارمەتیمان بدەن لە دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە، بەتایبەتی لە چاندنی داری زەیتوون. پێش ماوەیەک من لەگەڵیان دانیشتم و بۆیان باسکردم کە سەرچاوەی داری زەیتوون لەم دەڤەرانەوە هاتووە. گەڕانەوەی داری زەیتوون بۆ ئەم شوێنانە، ئەمە خۆی مانایەکی گەورەی هەیە. هەم بەرهەمێکی بەخێر و بەپیتە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە، هەم دەکرێ زۆر زۆر سوودی لێ وەربگیرێن لە بابەتی ئەو مەبەستەی کە هەمانە، بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوزی هەولێر.
سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم کە یارمەتی حکوومەتیان داوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە. دەمەوێ هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوەش تێبگەن، کە ئەم پشتێنە سەوزە، خۆی وەک ڕەگەز، ڕەگەزی کەسکایەتی دەبێ، سەوزاییەتی دەبێ، و خاوەندارێتییشی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو کۆمپانیایانەی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەت بەشدارن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانن بەردەوام بن لە سوودوەرگرتن، بەتایبەتی لە بابەتی بازرگانییەکانی بەرهەمەکانی کە ئەو دارانەی لێرە بەکاردێن وەک داری بەرهەمدار دەبن. ئەمە هەمووی کارێکی یەکجار گەورە دەبێ بۆ دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجەکانی خۆشمان و دۆستەکانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێداوین کە ئەو گەنجانەی دەیانەوێ لەم دەرفەتە کار بکەن، ڕاهێنانیان پێدەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پشتێنە سەوزە بکەن.
پشتێنەیەکی سەوز وەک بازنە بە دەوری شاری هەولێر کە دەسوڕێتەوە، ئەمە بێگومان کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر کەشوهەوای هەولێریش دەبێ. لە لایەکەوە وەرگرتن و هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن یان CO2 و دوایی گەڕانەوەی ئۆکسجین بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری، دەکرێت ژینگەیەکی تەندروستر بۆ ئێمە دروست بکات. ژینگەیەکی تەندروستر، هەوایەکی پاکتر، ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات.
ئەمانە هەمووی ئەو پڕۆژانەن کە ئێمە هەمیشە بیرمان لێکردووەتەوە چۆن بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین و خزمەتی وڵاتەکەی خۆشمان بکەین. لە بەرنامەکانی ئێمەدا بووە لە پێشتریش کە ئابووریی هەرێمی کوردستان فرەچەشن بکەین، تاکو تەنیا ئێمە هەموو ئیعتیمادمان لەسەر ئەوە نەبێ کە نەوت و غاز و یاخود تەنیا لە کەرتێکەوە بەرەوپێشەوە بڕۆین. ئێمە لە هەموو کەرتەکان هەوڵی ئەوەمان داوە گرنگیی پێبدەین و بەرەوپێشەوەی بەین. چەند ڕۆژێک بینیتان کە پڕۆژەی گەشتوگوزاری هەبوو، لە بابەتی ژێرخانی ئابووری لە هەموو ڕوویەکەوە، دروستکردنی ڕێگەوبانە، بەڵام لە ڕووی ژینگەپارێزییەوە، دیسان ئێمە گرنگییەکی زۆر زۆری پێدەدەین، هەم بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان، هەم دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەموو هاووڵاتییانیش، و ژینگەیەکی تەندروستر، ژیانێکی تەندروستریش بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات.
بۆیە ئەو کارانەی کە پێشتر کردوومانن، هەموویان بۆ ئەوە بووە کە وڵاتی ئێمە ئاوەدانتر بێ، خۆشتر بێ، و خەڵکی ئێمە زیاتر سوود لەو نیعمەتە وەربگرن، لەو سروشتە جوانە وەربگرن کە خوا بە ئێمەی بەخشیوە. دروستکردنی پۆند و دروستکردنی بەنداو و دروستکردنی پشتێنەی سەوز و، هەمووی بۆ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لەو سەرچاوە سروشتییانە وەربگرین کە لە وڵاتەکەی ئێمەدا هەیە. و پەرەپێدان بەم پشتێنەیە، دەکرێ زۆر زۆر زیاتر یارمەتیی هەولێر بدات لە پاککردنەوەی ئاووهەوای هەولێر. لە خاوێنکردنەوەی ئاووهەوای هەولێر وەک سییەک بەکاردێ بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر بتوانن هەوای پاک هەڵمژن. پێشتر قسەیەک هەیە دەڵێن “پێشینان چاندیان و ئێمە بەرهەمەکەمان خوارد”. ئێمەش دەچین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بەرهەمەکەی بخۆن؛ بەڵام هیوادارم هەر ئێوە خۆتان بەرهەمەکەی ببینن و بەرهەمەکەشی بخۆن ئینشائەڵا.
ئەمە هەلی کار بۆ گەنجان دروست دەکات و هیوادارم، جگە لەم پڕۆژەیە، پڕۆژەکانی تری ئێمەش وا بکەن کە ئێمە ئەوەندە ناچار نەبین، ناچار نەبین تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات ببەستین. پسپۆڕی و فێربوونی ئەم جۆرە کارانە، بێگومان توانای گەنجەکانی ئێمە زیاتر دەکات، شانسێکی زیاتر و خەیاری زیاتر بە گەنجەکانمان دەدات بۆ ئەو بوارانەی کە دەیانەوێ کاری تێدا بکەن.
ئێمە، تەبعەن پێش ئەوەی کە ئەم پڕۆژانە هەمووی دەست پێبکرێ، هیوامان وابوو بتوانین لە ماوەیەکی زوو، جگە لەم پڕۆژەیە چەندین پڕۆژەی تریش جێبەجێ بکەین؛ بەڵام بەداخەوە وەک پێویست هاوکارییان نەکردین. بەپێچەوانەوە زۆر زۆر گرفتیان بۆ دروست کردین کە ئێمە نەتوانین پڕۆژەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین؛ بەڵام بە پێداگری و بە دڵسۆزی و خەمخۆریی برادەران. ئەوانەی لە ناو حکوومەتن، لە وەزارەتەکان، دەمەوێ دەستخۆشییان لێ بکەم لە وەزیرە بەڕێزەکان، فەرمانبەران. بەڕاستی لە ئۆفیسی خۆشم برادەران زۆر زۆر پێیەوە ماندوو بوون بەم پڕۆژەیە، دەمەوێ هەر لە ئێستاوە دەستخۆشییان لێ بکەم بۆ ئەو ماندووبوونەی کە هەیانبووە، و ئەو پێداگرییەی کە هەبوو وایکردووە ئێمە نەوەستین و بەردەوام بین لە سەرخستنی ئەم جۆرە پڕۆژانە، و ئینشائەڵا بەردەوامیش دەبین.
ئێمە چاوەڕێ نین بەڕاستی کەس یارمەتیمان بدات ئەگەر نەیانەوێ؛ بەڵام ئەگەر لایەنێک هەبێ بیەوێ یارمەتیمان بدات ئێمە زۆر زۆر پێی دڵخۆش دەبین، هەرچەندە ئەوەی بیستم زیاتر برادەرانمان لە دەرەوەی وڵات، ئیستعدادی خۆیان پێشانداوە کە یارمەتیمان بدەن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، من لە ئێستاوە سوپاسیان دەکەم. کەرتی تایبەتیش ئەگەر ئەوانەی دەیانەوێ بەشدار بن لە بەردەوامیی ئەم پڕۆژەیە، دیسان من لە ئێستاوە هەم سوپاسیان دەکەم هەم دەستخۆشییان لێ دەکەم هەم پێشوازیشیان لێ دەکەین بۆ بەردەوامبوون لەگەڵمان بۆ باشترکردنی ئەم پڕۆژەیە.
بابەتی ژینگە یان ژینگەپارێزی، یانیش تێکچوونی کەشوهەوا، کاریگەریی خراپی کەشوهەوا تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، لەسەر هەموو عێراق و بگرە لەسەر هەموو جیهانیشە. ئێمە لە زۆربەی گفتوگۆکاندا، لە زۆربەی دیدارەکان، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، باس لەوەمان کردووە کە پێویستە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر زۆر بە جددی وەربگیرێ. ئەوەی کە ئێستا دەتوانین بیکەین، لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێ.
با لە ئێستاوە هەنگاوی پێویست بهاوێژین بۆ پاراستنی ژینگە، کە کاریگەرییان لەسەر جۆری ژیان و تەنانەت حەتا دیموگرافیی ناوچەکانیش هەیە. شوێنێک کە بە بیابان دەکرێ، کە ئاو نامێنێ، سەوزایی نامێنێ، ژیانی تێدا نامێنێ، خەڵک بیر لە کۆچکردن دەکاتەوە. ئەو کۆچکردنە لێرە ناوەستێ، بۆ هەر شوێنێکی تری دونیا کە بیری لێ دەکەنەوە خەڵک بەدوای ژیاندا دەگەڕێ. کۆچ لە شوێنێک کە بە بیابان دەکرێ، بەرەو شوێنێک کە سەوزایی تێدا هەیە دەڕوات. لێرەش ناوەستن، بەرەو وڵاتانی ئەورووپا و دەرەوە، خەڵک کۆچ دەکەن. هەر لەبەر بابەتی ژینگە، جگە لە بابەتی تری شەڕ و کێشەکانی تر کە زۆر جار دەبنە هۆکاری کۆچکردن. بۆیە داوامان لە وڵاتانی بیانی کردووە یارمەتیی ئێمە بدەن، لە سەرەتاوە بابەتی ژینگەپارێزی نەبێت بە هۆکارێکی تری کۆچکردن.
چونکە لەوانەیە ئێستا لە ڕووی ئابوورییەوە هەندێک تەکلیفی بکرێ، بەڵام دواتر لە زۆر بابەتی تر، وڵاتانی ئەورووپی دەتوانن خۆیان بپارێزن لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کێشەی سیاسی، کێشەی ئابووری، کێشەی ئەمنی، هەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ کۆچ بەیەکەوە دەبن، دەکرێ ببنە سەرئێشەیەک بۆ وڵاتانی بیانی. بۆیە لە ئێستاوە داوایان لێ دەکەم کە زیاتر یارمەتیدەری ئێمە بن، ئێمە ئەم کێشەیە لە سەرچاوەکەی چارەسەر بکەین، و ئەمە یارمەتیی خۆشیان دەدات و بێگومان یارمەتیی خەڵکی ئێمەش دەدات.
ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەک هەرێمی کوردستان، هەم بیرمان لێکردووەتەوە هەم هەنگاوی کردەییشمان هاوێشتووە، وەک لە دروستکردنی بەنداوەکان وەک باسم کرد، یانیش لە پڕۆژەی ڕۆناکی بۆ نموونە، لە وەستاندن و هەڵگرتنی ئەو هەموو موەلیدانەی کە ببوونە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی شارەکان، ئەمە هەمووی کارێکی ئەرێنی بوو و ئەنجامەکانیشی وا بزانم بەدەرکەوتوون.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم کە ئێمە چاوەڕێ نین موعجیزە بخوڵقێ، دەبێت خۆمان موعجیزە دروست بکەین. خۆمان دەتوانین وڵاتەکەی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە، و کاروانی ئاوەدانی لە کوردستان کە دەستی پێکردووە بەردەوام دەبێت. هیوادارم هەمووتان یارمەتیدەرمان بن، تەندروست بن، سەلامەت بن. سوپاسی دۆستەکانمان دەکەین بۆ پشتیوانیکردنیان. زۆر زۆر بەخێر بێن، سەرسەر و سەرچاوان، ئینشائەڵا کوردستان هەر ئاوەدان بێت.

