ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، نیکۆلاس دیمیتریۆس، شارەزای ژینگە، لە وتارێکدا لە میانی ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی چاندنی دار لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، ستایشی پڕۆژەکەی کرد و بە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگی بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
دیمیتریۆس دەربارەی گرنگی پڕۆژەکە گوتی: “پشتێنەی سەوزایی بۆ هەموو کوردستان سوودی دەبێت، بۆیە لە ناخی دڵمەوە دڵخۆشم و پیرۆزبایی دەکەم.” هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و هەموو لایەنە پشتیوانەکانی پڕۆژەکە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە تەنیا چاندنی دار نییە، بەڵکو دروستکردنی “هەرێمێکی سەوزە” بۆ هەولێر کە دوای دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاوی 24 کاتژمێری و کارەبا، ژیان و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەهێنێت.
شارەزا ژینگەییەکە باسی لە قۆناغەکانی کارکردن کرد و گوتی: “لە 28ـی ئەیلوولەوە چەندان کۆمپانیا شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و لە ماوەیەکی کەمتر لە مانگێکدا، 36 هەزار کیلۆمەتر زەوی پاککراوەتەوە و ئامادەکراوە بۆ چاندن.”
ناوبراو جەختی کردەوە، “ئێستا وەرزی چاندن دەست پێدەکات و هەموو شتێک سەد لە سەد ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.”
لە کۆتاییدا، دیمیتریۆس تیشکی خستە سەر دیزاینی پڕۆژەکە و ڕایگەیاند: “پلان و دیزاینەکە بە شێوەیەکە باشترین ڕێڕەوی چاندن لەبەرچاو گیراوە، هاوکات سیستەمێکی ئاودێریی مۆدێرن و زیرەک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ئاو بە شێوەیەکی زۆر کارا و بەپێی پێویست بەکاربهێنرێت.”
پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شاری هەولێردا بە شێوەی بازنەیی دەبێت و حەوت ملیۆن دار زەیتوون و فستەق دەچێندرێن، هەروەها دەیان پۆند بۆ ئاودانی دارەکان پرۆژەی سەوزایی دروست دەکرێن و بەم پرۆژەیەش ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 25% زیاد دەکات، کە ستانداری جیهانییە.
پێشتێنەی سەوزایی هەولێر، پانییەکەی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەشی 83 کیلۆمەترە، لە هەشت زۆن پێکهاتووە، لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنم دەبێت، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پلانی ستراتیژی بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین پارک و باخچە دیکەی كە کۆی هەر هەموویان دەگاتە 627 باخچە و پارک، توانراوە ڕێژەی سەوزایی هەولێر لە 9.1% بگەیەنرێتە 19.8%.
هەروەها لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی کە تاوەكوو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر بچێندرێت.

