رۆژنامەی ھەولێر

دووسایدی حاجی ئۆمەران دەکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی دوو سایدی سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە سنووری قەزای چۆمان، کارکردن تێدا گەیشتووەتە دوا قۆناغ، پڕۆژەکە بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێم، کە بەھۆیەوە ئاسانکاری ھاتووچۆی ڕێبواران، گەشتیاری و بازرگانی فەراھەم دەھێنێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە بابەتی ڕێگەوبان داوە، بەتایبەتی لە دروستکردنی ڕێگەی دووساید، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانیش یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان، کارەکانی بەرەو کۆتایین و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە فەرمی دەکرێتەوە.
حکوومەتی عێراق بە نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، نەیتوانیوە پێش بە پێشکەوتن و ئاوەدانی ھەرێمی کوردستان بگرێت، سەرباری نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی یازدە ساڵ، ژمارەی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بەرزە.
واتا سەرباری تەنگژە و ئاڵۆزییەکان و نەناردنی موچە و بودجە، تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕۆژێک زیاتر لە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەنیا لە کەرتی ڕێگەوباندا پێشکەشی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانی کردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕشتانە کاری لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی ھەرێمی کوردستاندا کردووە و لەو چوارچێوەیەدا، ئێستا چەندان پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە جێبەجێکردندانە و لە ماوەیەکی کەمدا بە کوالێتی بەرز تەواو دەکرێن و دەخرێنە خزمەت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
دوو سایدی حاجی ئۆمەران ٢ ھەزار و ٥٠٠ مەتر درێژە و ٢٥ مەتریش پانە، جگە لە شەقامی دوو ساید پێکھاتووە لە سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ، سیستەمی ڕووناکی، سەوزایی، دیواری پاڵپشت و دروستکردنی پارکینگ بە شێوازێکی سەردەمیانە، حاجی ئۆمەران، ناوچەیەکی سنوورییە، بە تەواوکردنی پڕۆژەکە جگە لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ناوچەکە سیمایەکی جوانیش پیشانی ئەو میوانانە دەدات کە لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، دەڵێت: قیڕتاوکردن کۆتا قۆناغە، دواتر شەقامەکە ھێلکاری دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە گرنگی دانە بە سەوزایی، زیاتر لە ھەزار دار دەچێنرێن، لە شۆستەکان شوێنی بۆ کراوەتەوە، واتە ٥% لە پڕۆژەکە ماوە ئەویش تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت شۆفێران و گەشتیاران.
کارکردن لەم پڕۆژە ناوازە بەڵگەی دروستە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی یەکجار زۆری بە سێکتەری ڕێگەوبان داوە، دانیشتووانی ناوچەکە بە تەواوکردنی پڕۆژەکە دڵخۆشن و دەڵێن، ئەوەی خزمەتی ناوچەکە دەکات تەنیا پارتییە، بۆیە ڕۆژی ھەڵبژاردن ھەموومان پێکەوە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەین و دەنگی خۆمان دەدەینە لیستی پارتی ژمارە ٢٧٥ و کاندیدانی.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پڕۆژەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بودجەی ئەو پڕۆژەیە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابینکراوە، تیمی ئەندازەیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران سەرپەرشتی کارەکانی دەکەن و لەلایەن کۆمپانیای ( North Light Living) جێبەجێ دەکرێت.