رۆژنامەی ھەولێر

٨٣ کورسیی پەرلەمانی عێراق بۆ ژنانە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وێڕای ڕاگەیاندنی کاتی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن ژمارەی کۆتای کورسیی ژنانی ڕاگەیاند و بە پێی یاسا هەشتا و سێ کورسیی پەرلەمان تایبەت کراون بە ژنان و ژمارەیەک لە ژنان بە سیستمی کۆتا دەتوانن بچنە پەرلەمان ئەگەر لە بازنە جیاوازەکان نەتوانن دەنگی پێویست بۆ چوونە پەرلەمان بەدەست بهێنن.

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی دواین زانیاری کە جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە دابەشکردنی کورسییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن خستوویەتە ڕوو لە پێنجی مانگی تشرینی دووەمەوە کۆمسیۆن بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بە فەرمی دەست بە چالاکییەکانی دەکات . هاوکات کۆمسیۆنەکە بڵاوی کردەوە بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەعات حەوتی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە هەشتی تشرینی دووەم کۆتایی پێدێت بەو پێیە سێ ڕۆژی بەر لە هەڵبژاردنی گشتی هەر جۆرە بانگەشەیەک قەدەغەکراو دەبێت.
وەک دەزانرێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق سێسەد و بیست و نۆ کورسین بەڵام لەو ژمارەیە نۆ کورسیان بۆ کۆتای پێکهاتەکانە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و سێسەد و بیست کورسی دەمێنێتەوە کە لەو ژمارەیە پشکی ژنان لە کۆتا دەستنیشان کراوە و بەپێی یاساکە هەشتا و سێ کورسی وەک پشکی کۆتای ژنان دیاری کراوە.
بیست و یەک ملیۆن و چوارسەد و چوار هەزار و دووسەد و نەوەد و یەک کەس مافی دەنگدانیان هەیە و حەوت هەزار و حەوتسەد و پەنجا و چوار کاندید ڕەکابەری بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن.
لەو ژمارە کاندیدە دوو هەزار و دووسەد و پەنجا کەسیان ژنن و لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت بەو ژمارەیەی بە پێی یاسای هەڵبژاردن دەستنیشان کراوە ژن بچنە پەرلەمان تەنانەت ئەگەر دەنگێکی کەمیشیان دەستەبەر کردبێت.
بۆ نموونە هەولێر کورسییەکی کۆتا و پازدە کورسی هەیە و لەو پازدە کورسییەش چوار کورسییان پشکی ژنانە، یان لە بەغدا لە شەست و نۆ کورسییە سەرەکییەکانی حەڤدە کورسییان تایبەتن بە ژنان و لە سلێمانیش پێنج کورسی بۆ ژنان دەستنیشان کراوە و لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ڕەچاوی ئەو حاڵەتە بەپێی ژمارەی کورسییەکان کراوە.
ئەگەر بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر سێ ژن بە مافی خۆیان دەربچن و ئەوا ژنی چوارەم کە لەچاو ژنەکانی تری بەشداربووی هەڵبژاردنی بازنەکە زۆرترین دەنگی بەدەست هێنابێت دەچێتە پەرلەمان تەنانەت ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی زۆر لە ژمارەی دەنگی پاڵێوراوە پیاوەکان کەمتر بێت.
ئەمە وای کردووە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵێوراوی ژن لە لیستەکانیاندا جێ بکەنەوە و هەوڵی دەستەبەرکردنی کورسی بدەن.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن باسی لەوە کرد کە کۆمسیۆن لە پێنجی مانگی تشرینی یەکەمەوە پێویستی بە قوتابخانەکان هەیە بۆ ئەوەی بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بەکاریان بهێنێت و لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەم واتە ڕۆژێک بەر لە دەنگدانی گشتی ئامێرە لۆجستیکییەکانی پێوەست بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دادەنرێن.
هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگ و چارەنووسسازە و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردن بانگەشەکانیش لە هەموو پارێزگاکان پەرەیان سەندووە.