رۆژنامەی ھەولێر

هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی : ئەم هەڵبژاردنە پەیوەستە بە پێگە و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا لە ھەڵبژاردن نزیک دەبینەوە پاڵپشتی ھاووڵاتییانی شەقڵاوە و دەوروبەری بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ پارتی زیاتر دەبێت، ھەروەھا ڕۆڵی تیمی پارتی لە بەغدا بەرزدەنرخێنن کە بە ھیچ شێوەیەک مساومەیان لەسەر مافەکانیان نەکردووە. بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین لە شەقڵاوە، دەڵێت: لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسازداین، ئەم ھەڵبژاردنە پەیوەستە بە پێگە و مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.

جیاوازی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ھاووڵاتییان ڕوون بووەتەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ڕۆژبەڕۆژ ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان زیاد ببن. ھەژار وریا، وەکو پێشمەرگەیەک لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پشتگیری لە لیستی ٢٧٥ی پارتی و کاندیدانی دەکەم، داواش لە ھەموو خەڵکی سنوورەکە دەکەم بۆ ئەوەی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ پێش بکەوێت و ئەو ئارامی و ئاوەدانییەی کە ھەیە بەردەوام بێت ڕۆژی ١١/١١ ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە لیستی سەرۆک بارزانی و لیستی پێشمەرگە قارەمانەکان بدەن.
مریەم جیھاد، ئافرەتێکی شارۆچکەی ھەریرە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئاشتی و ئاوەدانی بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کوردستان زیاتر ئاوەدان ببێتەوە دەنگمان بۆ لیستی پارتییە، دڵنیاشم لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگی زۆربەی چین و توێژەکانی ھەریر و گوندەکانی دەوروبەر بەتایبەتی چینی ئافرەتان بۆ کاندیدانی پارتییە، چونکە لێرە ئەوەی خزمەت دەکات، ئەوەی گرنگی بە ئافرەت دەدات و بەشداری پێ دەکات، تەنیا پارتیە و ھەر پارتییش دەبێت.
ئەندام و لایەنگرانی پارتی، بەڵێن دەدەن لە پێناو ڕێبازی بارزانی و سەقامگیری و ئاوەدانی و کوردستانێکی بەھێز، ھەموو ھەوڵێک بدەن تا لیستی ٢٧٥ زۆرترین دەنگ بە دەست بھێنێت. زانیار حەسەن، ھاووڵاتییەکی دیکەی شەقڵاوەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەم لەبەر ئەوەی زۆرترین پڕۆژەی پێشکەش بە ئێمەی کردووە، دەرفەتی کاری ڕەخساندووە، ھەروەھا تاکە بەدیھێنەری ھیوا و ئاوات و مافەکانی ئێمەیە، ئەگەر پارتی نەبێت ئێمەش نابین، دەبینین لە بەغدا پارتی چ شەڕێک لەسەر مافەکانی ئێمە دەکات، بۆ ئەوەی زیاتر بە مافەکانی خۆمان بگەین و دەستکەوتمان زیاتر بێت، دەنگمان بۆ لیستی پارتییە.
دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدیھێنەری خەونی سەربەخۆیی و گەیشتنە بە ئازادی یەکجاری، پارتی لە ڕابردوو سەلماندوویەتی پارێزەری دەستکەوتەکانە و لە ئێستاشدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان شاھێدن بۆ داھاتووش سەربەخۆی کوردستانە کە بەردەوام ھەوڵی بۆ دەدات، سەرکەوتنی لیستی ٢٧٥ ھۆکارە بۆ بەدیھێنانی تەواوی ھیوا و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان. سیروان زکری، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان لە ھەریر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” درکاندی، بۆ ئەوەی وەکو ھاووڵاتییەک ھەموو مافەکانم بە دەستبھێنم و کوردستان سەربەخۆ بێت، کە خەونی ھەموو تاکێکی کوردستانە، ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەم و دەنگی خۆم بە لیستی پارتی و کاندیدانی دەدەم، داواش لە ھەموو ھاووڵاتییان دەکەم بۆ ئەوەی خوێنی ڕۆڵەکانیان و قوربانی دانی ئێمە بە فیڕۆ نەچێت دەنگ بە لیستی ٢٧٥ـی پارتی بدەن، چونکە تاکە لیستە کە ھیوا و ئاواتی ئێمە بەدی دێنێت.
بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین، گوتیشی: ھەموومان لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسازداین، ئەویش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە دەرئەنجامی ھەڵبژاردن پەیوەستە بە پێگەی ھەرێمی کوردستان، بە مافەکانی خەڵکی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھیوایەکی زۆرەوە، بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بە بڕوابەخۆبوون بە لیستی ٢٧٥ بەشداری لەم ھەڵبژاردنەدا دەکات، چاوەڕوانی ھەیە، بە دەنگی ھاووڵاتییان لیستی پارتی لە یەک ملیۆن دەنگ تێپەڕێنێت.
ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین لە شەقڵاوە، دەشڵێ: ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێم و پێداگیری لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا، ھەموو ئەوانە کاریگەرییان کردووەتە سەر ھاووڵاتییان و دڵنیاین خەڵکێکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزی بێلایەنیش ئەمجارە دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، چونکە دەزانن ھەر پارتییە زامنی مافەکانیان دەکات و داکۆکی لە خەڵکی کوردستان دەکات.