لە هەرێمی كوردستاندا ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی كۆچ كار بۆ كەمكردنەوەی زیانی كارەسات دەكات

لە راگەیێنراوێكی تازەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی كۆچدا هاتووە كە عێراق لە بەردەم چەندان مەترسیی سروشتی و دەستكردی مرۆڤ خۆیدایە، وەكو وشكەساڵی، بوونەبیابان، بوومەلەرزە و لافاو. ئەو كۆمەڵگەیانەی كاریگەری شەڕ و ململانێیەكانیان لەسەرە، بەتایبەتی خەڵكانی ئاوارە، زۆر كەمدەرامەت و بێدەرەتانن بەرانبەر بەو كارەساتانە.

لەم بارەیەوە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی كۆچ (IOM) وركشۆپیكی بۆ هاوبەشە حكوومییەكان لە ئاستی باڵا لە پارێزگای بەغدا و شاری هەولێردا ئەنجام دا، ئەمەش بۆ پاڵپشتیكردنی ڕێكارە ستانداردەكانی پەرەپێدانی كار و هەبوونی ئامادەیی و وەڵامدانەوە قەیران. وركشۆپەكە فۆكەسی لەسەر كەمكردنەوەی مەترسی كارەسات (DRR) بوو و پاڵپشت بە یەكێتیی ئەورووپا ڕێك خرا و جێبەجێ کرا.
وركشۆپەكە چەند بابەتێكی لەخۆ گرتبوو: كەمكردنەوەی مەترسی، سیستەمەكانی زوو ئاگاداركردنەوە و بابەتی دیكە. بەشداربووان بریتی بوون لە بەرپرسانی باڵای حكوومەتی عێراق لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و چاودێریكردن (JCMC) بەرپرسانی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و قەیران (JCC)، بەرپرسان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و ناوەندی ئۆپەراسیۆنە نیشتمانییەكان و وەزارەتی بەرگری و بەرگریی شارستانی و وەزارەتی نەوت ئامادەی وركشۆپەكە بوون. تەواوی بەشداربووان جەختیان لەسەر گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگی كردەوە تا بە شێوەیەكی باشتر بە دەم قەیرانەكانەوە بچن.
نەسیر عەبدوستار بەرپرسی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ باسی ئەوەشی كرد كە “لەو قەیران و كێشە و گرفتانەدا بەردەوام پەیوەندییەكی باش و بەهێز و توندوتۆڵمان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی کۆچدا هەبووە و، بەو پەڕی گرنگیەوە لەو بابەتە دەڕوانین و لەو بارودۆخەی ئێستای وڵاتیش”. ناوبراو گوتیشی “ماوەیەکی دی دەپڕژێینە سەر ئەو ڕێكارە ستانداردانە دەكەین و بە دڵنیاییەوەش ئەو ڕێكارانە لەسەر هەندێك ڕێنمایی دەبێت كە لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و چاودێریكردنەوە ئامادە دەكرێت”.
عەلی جەهاكیر وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەڵێ “لەم وركشۆپەدا گفتوگۆمان لەسەر چەند سیناریۆ و پێشهاتێکی پێشبینكراو كرد؛ وەكو كارەساتی لافاو. لە قۆناغی دووەمدا، دەزگا و دامەزراوەكان هەماهەنگ دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە. لە قۆناغی سێیەمدا، قەبارەی كارەساتەكان و كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە و دامەزراوەكانی حكوومەت هەڵدەسەنگێنین. كۆتا خاڵیش بریتی دەبێت لە بەدۆكیومێنتكردن و بەبەڵگەنامەكردنی ڕۆڵی تیمە خۆبەخشەكان لە هەماهەنگكردنی دەزگا و دامەزراوەكانی حكوومەت لە كاتی ڕوودانی باری لەناكاو”.
شاناز تەنها، سەرۆكی بەشی ستراتیژی لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و قەیران گوتی “ڕێكارە ستاندارد و ڕوونەكانی كاركردن لەسەر ئاستی حكوومەت هۆی سەرەكییە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری ئەو ڕووداوە سروشتیانە، كە هەڕشە لە ژیانی هاووڵاتییەکی زۆر دەكەن و لایەنی ئەمنی و بەرەوپێشچوونی وڵاتیش لاواز دەكەن. لە كۆتایی وۆركشۆپەكەش دا، نوێنەرانی حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێم ڕاسپاردەكانی خۆیان خستە ڕوو. هیوادارین بە هاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەکەی كۆچ لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ڕاسپارادانە جێبەجێ بكەین و بگەینە چارەسەرێكی گونجاو و لەبار بۆ كەمكردنەوەی ئەو تراژیدیایەی كە لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا ڕوو دەدات”.
لە كۆتایی وركشۆپەكەشدا، سەرۆكی نێردەی گشتیی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەکەی كۆچ لە عێراق، جۆرجی گیگاوری دەڵێ “بەهۆی ئەو پەیوەندییە ڕوونەی كە لەنێوان كارەساتەكان، گۆڕانی كەشوهەوا و، شەڕ و ململانێ و جووڵە و شوێنگۆڕکەی دانیشتواندا هەیە، پێویستییەكی دەستبەجێیە كە كارە مرۆییەكان بابەتی كەمكردنەوەی مەترسیی كارەساتیش بگرێتە خۆ.
ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەکەی كۆچ لەم دەرفەتەدا دووپاتی پابەندییەكانی خۆی بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەت لە هەموو ئاستەكاندا دەكاتەوە بۆ بنیاتنانی گێڕانەوەی توانا”.

ھەواڵی زیاتر