ڕائیب جادر – هەولێر
بەربژێری ژمارە ٢٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی کەرکووک، دەڵێت: پارتی ھێزی یەکەمە لە ناوچەکە، بۆ داھاتووی کوردستان و عێراق شەڕی مافە دەستووری و یاساییەکان دەکات. دەشڵێ: پارتی و کەرکووک ئاوێزەی یەکترن و خەڵکی کەرکووک پشتیوانی پارتیین.
ھانا بەھجەت فەتاح کاکەیی، بەربژێری ژمارە ٢٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە بازنەی کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پارتی خاوەنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە، لە بەغداوە شەڕی مافە دەستوورییەکان دەکات و ئەرکی قورس و سەخت بە پارتی دەسپێردرێت، پارتی و کەرکووک ئاوێزەی یەکترن و خەڵکی کەرکووک پشتیوانی پارتیین، ئێستاش ھەر سێ دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان کە بۆ بانگەشەی ئەم ھەڵبژاردنە دیاری کراون، مەبەستی سەرەکیی پارتی لە ھاوبەشی واتا پارتی باوەڕی ھەیە بە ھاوبەشبوون لە بڕیار و بەرنامەکان، ھاوسەنگی لە ماف و بەھاکانی بنەڕەتی کە دەبێت لە ھەموو جومگەکان بە شێوەیەکی یەکسان پارێزراو بێت، بۆ سازانیش دەبێت بەھۆی ھاوکاری و یەکگرتوویی و گفتوگۆ بگەین بە ئامانج.
بەربژێری ژمارە ٢٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی کەرکووک، گوتیشی: دڵنیابن دەنگی ئێوە و بەردەوامیتان بۆ سەرخستنی کورد و پارتی لە شارەکە، گەورەترین وەڵامە بۆ نەیارانی گەلەکەمان، بۆ دروستکردنی عێراقێکی بێ کێشە، ئازاد و مۆدێرن، ھیچ ڕێگەیەک بەھێزتر نییە لە کارکردن بە بنەمای دروشمی پارتی، ئێمە دەڵێین ئەگەر عێراق بەڕاستی دەوڵەتی ھەمووانە، دەبێت ھەموو نەتەوەکان بە یەکسانی بەشدار بن لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی وڵات، نە تەنیا بە ئەرک، بەڵکو بە مافیش، نابێت ڕووداوەکانی پردێ و سحێلا لەبیر بکرێن، کە پێشمەرگە خۆی کردە قوربانی بۆ پاراستنی سنووری ناوچەکە و ھەموو دونیا شاھیدە چۆن ئەبرامزیان تێکشکاند، بۆیە پێوستە دەنگ بدەن بە پارتی، چونکە دەنگەکانی خەڵکی خۆی بە ئەمانەتەوە دەپارێزێت.
ھانا بەھجەت فەتاح کاکەیی، بەربژێری ژمارە ٢٢ی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی کەرکووک، گوتیشی: بێگومان، تەنیا لە ڕێگەی بەدەستھێنانی دەستوور و جێبەجێکردنی یاسا، دەتوانین مافی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی بەدەستبھێنین و بیپارێزین، ئەم ئامانجانە تەنیا لە ڕێگەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست دێت، دەتوانین کار بکەین بۆ پاراستنی قەواری ھەرێمی کوردستان و مافی خەڵکی کوردستان، ئەوەش تەنیا بە پارتی دەکرێت، چونکە پارتی مێژوویەکی درێژی ھەیە و ھێزی یەکەمە لە کوردستان.

