ڕائیب جادر – هەولێر
بەربژێری ژمارە ٣ی لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، دەڵێت: لیستی پارتی گەرەنتیی مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان دەکات و قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان دەپارێزێت، پارتی، حزبی خزمەت و چارەسەر و کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکانە. دەشڵێ: پارتی ئەمجارە سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکات و دەنگەکانیشی زیاد دەبن.
ئەحمەد نەبی، بەربژێری ژمارە ٣ی لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: من کار دەکەم بۆ بەدەستھێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان، داکۆکی لەسەر مافی کوردستانیان دەکەم، ھەروەھا ھەموو ھەوڵی خۆم دەدەم بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە پەیوەندیان بە مافی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە، ھەروەھا ھەوڵی چاکسازی دەدەم و دژی گەندەڵکاران دەوەستمەوە.
بەربژێری ژمارە ٣ی لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، دەشڵێ: داوا لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، بە پەرۆشەوە بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ـی پارتی بدەن، چونکە لیستی پارتی گەرەنتی مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان و پارێزەری قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستانە و لیستی سەرۆک بارزانییە، بۆیە پاڵپشتیکردنی ئەو لیستە، ڕێزگرتنە لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان و خوێنی شەھیدان و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەکان.
ئەو بەربژێرەی پارتی لە بازنەی ھەولێر، گوتیشی: داوا لە خەڵک دەکەم بە ئەوپەڕی ڕێز و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن و ھەموو بەربژێرە بەڕێزەکان خوشک و برای ئێمەن، ئامانجی ھەموومان سەرخستنی لیستی پارتیمان و کوردستانە، چونکە بەھێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بەھێزبوونی کوردستانە.
ئەحمەد نەبی، بەربژێری ژمارە ٣ی لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، ڕوونیشی کردەوە: کێشە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرجەمیان کێشەی سیاسین و گرێدراون بە لایەنی یاسایی و تەکنیکییەوە، ھەمیشە ھەر پارتی بە سیاسەتە حەکیمەکانی گرێیەکان دەکاتەوە و کۆڵنەدەرانە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.
ئەو بەربژێرەی پارتی لە بازنەی ھەولێر، ئەوەشی گوت: خەڵک پێشوازییەکی گەرم لە لیست و کاندیدانی پارتی دەکات و دڵنیاین لەوەی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکەین و دەنگی پارتی ئەمجارە زیاد دەکات، بۆ بەدەستھێنانی کورسیش لەسەر ڕێژەی بەشداری دەمێنێتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارە خەڵک زیاتر بەشدار بێت و ئێمەش بە خەڵک دەڵێین پێویستە بەشدارییەکی کارایان ھەبێت و پێویستە ئێمە لە بەغدا بەھێز بین.

