هاودەنگ فارووق
ئەگەر كەركووك دڵی هەموو عێراق بێت، كەواتە پێویستە دەستوور هەموار بكرێتەوە، ئەو قسەیە پێچەوانەی ئەو دەستوورەیە، كە هەموو خەڵكی عێراق دەنگیان پێداوە، بەڕوونی كەركووك و چەندین ناوچەی دیكە بەناوچەی كێشە لەسەر داناوە، واتە دڵی عێراق نییە، كەركوك دڵی كوردستانە. ئەمە ئەو ڕاستییەیە هەندێك كەس نایزانن و، لەپێناوی ڕازیكردنی دڵی چەند لایەنێكی شۆڤێنیدا، ڕستەی جۆراوجۆر فڕێ دەدەن. ئەگینا ئەوەی مۆركی كەركووك بدرێتە عێراق، نەك هەر دژی دەستوورە، پێچەوانەی ڕەوتی پەیوەندیی كورد و عێراقیشە، زۆرینەی قۆناغە سیاسییەكانی كورد لەگەڵ عێراق لەپەنای ئەو ڕستەیەدا مردوون، یانی هیچ سیاسییەك، شۆڕشگێڕێكی كورد جورئەتی نەكردووە ئەو ناماقووڵییە بكات و بڵێت: كەركووك عێراقییە.
ئاخر ئەگەر كەركووك عێراقییە، ئیتر بۆچی كورد شۆڕشی كردووە و لەپێناوی چیدا سەركردایەتی كورد لەگەڵ عێراق ڕێكنەكەوتوون بارزانیی نەمر ، شۆڕشێكی لەسەر كەركووك دانا. كە دەڵێین دوكانە سیاسی و حزبە بچووكەكان ناتوانن لە ئاستی ئاڵنگارییە نەتەوەییەكاندا بن و، تەنها وەكو مینی ماركێتی سیاسی كاردەكەن، ئەوە یەكێك لە بەڵگە ڕوونەكانە. لەكاتێكدا تۆ بتەوێ نوێنەرایەتیی قەزیەیەك بكەیت، هیچ پەیامێكی سیاسی و پڕنسیپێكی فیكریت نەبێت، هەر لەگۆترەوە قسە فڕێبدەی، ئایا چی دەمێنێتەوە جگەلە ئیمتیازە مادییەكانی هەڵبژاردن؟ كاتێ بەو لۆژیكە سیاسەت بكەیت، چۆن دەكرێت ناوی خۆت بنێیت حیزبی سیاسی كوردی؟.
تۆ نەڕەچاوی دەستوور بكەیت، نەڕەچاوی مێژووی شۆڕشەكانی كورد بكەیت، تەنانەت ڕەچاوی سایكۆلۆژیای ئەو دەنگدەرانەش نەكەیت كە كۆتكردوونەتەوە، ئیتر چۆن دەتوانین وەك ژمارەیەكی سیاسی لەناو هاوكێشەكاندا تەوزیفت بكەین؟ بۆیە نەهێزە عێراقییەكان و نە لایەنە كوردییەكان، هیچ حسابێكی ستراتیژی لەسەر ئەو لێدوانە هەڕەمەكییانە ناكەن و، هەمووان چاوەڕوانی ڕۆژی حساباتی دەنگدانن، ئەوكاتە حیزبی پتر لە یەك ملیۆن دەنگی پارتی و بارزانی، دەبێتەوە یەكەمی بێڕكابەری ساحەكە و خاوەندارێتی كێشەی كورد ئەكات.

